دەوڵەتی تورکیا بوو بە بکوژی ئەو کۆرپەیەی کە لە سکی دایکیدا بوو
نەجوە ئەحمەد، خەڵکی گوندێکی شاری زرگان، ڕایگەیاند، منداڵە چوار مانگانەکەی لە سکیدا بەهۆی تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ماڵەکەی لەبار چووە.
سۆرگوڵ شێخۆ
زرگان – ژنانی زرگان لە نێوان تۆپبارانی ڕۆژانەدا بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین کێشەی دەروونی و تەندروستی و کێشەی دیکە، ژیانی ژنان لە ژێر سایەی ئەو هێرش پێشێلکارییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە کارنامەی ئەنجومەنە ئەمنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لە کارنامەی ئەو دامەزراوانەی کە مافی منداڵان دەپارێزن نییە، ژنان لە نێوان هێرش و بێدەنگیی زلهێزە نێودەوڵەتییەکاندا خەباتێکی بێهاوتا بەڕێوەدەبەن.
"تا ئەو شەوە هێشتا دووگیان بووم"
نەجوە ئەحمەد یەکێکە لەو ژنانەی کە ڕۆژانە ئازار دەچێژێت، نەجوە خەڵکی گوندی تل وەریدە لە باشووری شاری زرگان، ئەم گوندەش لە هێڵی بەرکەوتندایەو ڕۆژانە تۆپباران دەکرێت، باسی ئەو تاوانانەی کرد کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەرامبەریان ئەنجام دراوە، ئەو ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی و چوار منداڵەکەی لە نزیک گوندی زەدیە لە زرگان نیشتەجێیە، ژیانی پێش کۆچی بە ئارامیی پێناسە کرد و وتی: پێش کۆچ ژیانمان ئارام بوو، لەناکاو تێگەیشتین کە ئێمەش کۆچبەرین، ئێمە لە کاتی پرۆسەی کۆچکردندا ئازارێکی زۆرمان چەشت، چۆن ئەمە دەکرێت چەند خێزانێک لە یەک ژووردا پێکەوە بژین؟ ئەو شەوەی ئاوارە بووین، ماڵەکەمان بۆردومان کرا، ئەو شەوە هێشتا دووگیان بووم، منداڵە چوار مانگەکەم بەهۆی تۆپبارانەکەوە لەبارچوو، لە ژێر سێبەری هێرشەکاندا تووشی برسێتی و سەرما و تینوێتی بووین، بەڵام بۆ ئەوەی بژین دەستبەرداری هەموو شتێک بووین.
"سێ مانگ لە شار مامەوە"
وتیشی: گەورەترین بەرپرسیارێتی دەبێت بخرێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە ڕێگریمان لێدەکەن لە کاتی نەخۆشکەوتنماندا بە سەلامەتی لەسەر ڕێگادا بڕۆین و بچینە لای پزیشک و چارەسەر وەربگرین، ئەمە لەبیر ناکەم! زۆرترین شت کە دەمەوێت ئەوەیە کە لێپرسینەوە لە داگیرکەرانی تورکیا بکەم، لەسەر تاوانی کوشتنی منداڵە چوار مانگەکەم، بەهۆی ئەم ڕووداوە بە ئازارەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ لەسەر زەوی مامەوە، هیوادارین لەسەر هەموو ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە، دادگایی بکرێن.
چۆڵکردن و تۆپباران کاریگەری دەروونی لەسەر منداڵان
نەجوە چەند جۆرێکی ئاژەڵ بەخێو دەکات، لەوانە مریشک و کەروێشک و بزن، ئەو ڕایگەیاند کە هیچ وشەیەک ناتوانێت پێناسەی ئەو ڕاستییە بکات کە بینیویانە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ تل وەرید، ڕۆژانە بە توندی تۆپبارانمان دەکەن، چۆن بگەڕێینەوە؟ هەرچەندە قسە بکەین، ئەو قسانە بەس نابێت بۆ پێناسەو واقیعی ئەوەی ئەزموونمان کرد، بەڵام گەڕاینەوە بۆ پڕۆژەکانی نزیک زەیدی، بۆ ئەوەی بتوانین لێرە بە تەنیا بژین، بەڵام هێشتا لە تۆپبارانی داگیرکاری ڕزگارمان نەبوو، زەوییە کشتوکاڵییەکانمان تۆپباران کران و لە ئەنجامدا دوو بزنەکەم مردن، ئەو شەو بەزەحمەت ڕزگارمان بوو، زەوییە کشتوکاڵییەکانمان کرایە ئامانجی ٧ تۆپ، منداڵەکانم تووشی شۆک بوون، ئێستا یەکێک لە منداڵەکانم دەترسێت و کچەکەم برد بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
ڕێگای مردن!
نەجوە ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ گوندەکە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەگەر بێ کارەباش بێت، بێ ئاو بێت و لەناوبچێت، گرنگ ئەوەیە بۆ من بگەڕێمەوە بۆ گوندەکەم، ئەمە چارەسەرە، ماڵەکانمان و کێڵگەکان هەمووی لەسەر هێڵەکانی بەرکەوتنن، دڵم ئازار دەچێژێت کاتێک هەر فیشەکێک بەر ماڵەکانمان دەکەوێت، کەس ناوێرێت ڕێگای تل تەمر و زرگان بەکاربهێنێت، ڕێگای مردنە، دەکرێنە ئامانج و ژیانی هەموو کەسێک لە مەترسیدایە، ئەوەی من باسی دەکەم هێشتا بچووکە بە بەراورد بەو مەترسییەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
سەرەڕای شەڕ و هێرش و پێشێلکارییەکان، نەجوە ئەحمەد هەوڵ دەدات خۆی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سروشت بپارێزێت، سەبارەت بەمە وتی: بێگومان ئێمە بەردەوام دەبین لە ژیان، ژیان ناوەستێت، ئێمە تەنها مریشک بەخێو ناکەین، بەڵکو بزنیش بەخێو دەکەین. هیچ شتێک ڕێگریمان لێناکات لە پاراستنی سروشت و ژینگە، ئەگەر تەقەی تۆپەکان قورسیش بن، ئێمە کێڵگەکان دەپارێزین و دەست لە چاندنیان هەڵناگرین.
ئەوەشیخستەروو، کورد زۆر خۆڕاگره ، بۆیه هێرشه زەمینی و ئاسمانییەکان هێزیان ناشکێنێت و وتیشی: لەبەرئەوەی زەوی خاکی ئێمەیە و ماڵەکان ماڵی ئێمەن، هەرچییەک ڕووبدات، ئەستەمە دەستبەرداری بین، کەروێشک و مریشکی جۆری بۆرما بەخێو دەکەین کە یەکێکە لە گەورەترین جۆرەکانی مریشک لە جیهاندا، سوودێکی زۆر لە هێلکە و گۆشتەکەی وەردەگرین، ئەگەر دەرفەتێکم هەبوایە، زۆرم پێ خۆش بوو هەموو جۆرە ئاژەڵێکم هەبێت، چونکە خۆشەویستی من بۆ پەروەردەکردنیان خۆشەویستییەکی کۆنە.
"دەوڵەتی تورکیا دەبێت وەڵامی کوشتنی کۆرپە چوار مانگەکەم بداتەوە"
لە کۆتایی قسەکانیدا نەجوە ئەحمەد داوای لێپرسینەوەی لە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کرد کە دەستیان لە تاوانەکانی دژ بەوان هەبووە و وتی: ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر ئێمە ئەنجامی دەدەن و لە دادگاکان دادگایی بکرێن، ئەم داگیرکەر و چەتانە چەند ماڵێکی ئێمەیان بۆردومان کرد و چەند کەسێکیان کوشت و ژنیان کۆمەڵکوژ کرد و منداڵانیان بە بێ باوک جێهێشت، هەموو ئەو شتانەی ئەمڕۆ ڕوودەدەن بەهۆی داگیرکاری تورکیاوەیە، ئێستا کێ دەتوانێت لەژێر تۆپباراندا بژی و ماڵەکەی ئاوەدان بکاتەوە؟.