"دەتوانن بە بای قژتان داهاتووی سووریا بونیاد بنێن"
ئەنتۆنێلا ترۆنچینۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئیکۆ-فێمینیستەکانی ئیتالیا پەیامێکی پشتیوانی بۆ ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناردو وتی: دڵنیام بە بای قژتان دەتوانن مۆدێلێک لە مافی چارەی خۆنووسینی ژنان لە داهاتووی سووریادا بونیاد بنێن.
هێلین خۆبوون
ئیتاڵیا- ئەنتۆنێلا ترۆنچینۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئیکۆ-فێمینیستەکانی ئیتاڵیا پەیامێکی بۆ ژنانی بەرخۆدێر ناردو لە پەیامەکەیدا ترسی خۆی لە حکومەتی نوێ لە سووریا دەربڕی و پشتیوانی بۆ ئەو مۆدێلە نوێیە دەربڕی کە ژنان دەیانەوێت بونیادی بنێن، ئەنتۆنێلا وتی: زۆر نیگەرانم لە گۆڕانی دۆخی سووریا، من زۆر کەم باوەڕم بە نەرمی گروپە جیهادییەکان هەیە، ڕەنگە بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە، ڕژیم ڕووخێنرابێت، سیستمێکی دیکتاتۆری و ستەمکار و دڕندە و تاوانکاری بوو.
"نموونەی هەناردەکردنی دیموکراسی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕێگری لە پێشهاتە باشەکان دەکرد"
ئەنتۆنێلا سەرنجی بۆ دۆخی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاکێشا و وتی: نموونەی دیکەی 'هەناردەکردنی دیموکراسی' لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە نەبووە هۆی پێشکەوتنی دیموکراسی و یەکەم کەس کە ئەنجامیان دا ژنان بوون، تەنها بیر لە ئەفغانستان و ڕووداوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەرەوە، بۆیە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا نموونەی سەرەکی مۆدێلێکی ڕێگاچارەسەرییە کە ژنان بەتەواوی بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەی خۆیاندا دەکەن، گرنگ ئەوەیە کە ئەو مۆدێلە لە پێکهاتەی داهاتووی سووریادا هەناردە بکرێت، سەرەتا بۆ ئەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانن خۆیان بە مۆدێلێکی ئەرێنی بناسێنن، پشتیوانی خۆم بۆ هێز و ئازایەتی ژنانی ڕۆژئاوا دەردەبڕم.
"ژنان دەتوانن مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری ژنان لە داهاتووی سووریادا جێبەجێ بکەن"
ئەنتۆنێلا بەشێکی کورتی بەبیرهێنایەوە کە ئەسما ئەلغول، ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی و سەلیم نەسیب لە پەرتوکی "ڕاپەڕینی غەززە" نووسیویەتی و وتی: چونکە باوەڕم وایە تەنانەت لە فەلەستینیشدا زۆر ژن هەن کە - وەک ئێوە - دەیانەوێت ببنە پاڵەوانەکانی داهاتووی دەوڵەتێک بۆ گەلەکەیان، "یاخیبوونی غەززە"، نووسینی ئەسما ئەلغول و سەلیم نەسیب، لە بەشێکی ئەم کارەدا دەوترێت: 'پێم وتراوە کە جولەکە و موسڵمانان لەبەر ترس داوایان لە ژنەکانیان کردووە سەریان داپۆشن، چونکە نیشاندانی قژ وەک هەراسانکردنی زایەندی سەیر دەکرێت، پێیان وتم لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ژن بنەمای ژیانە، دایکی گەردوونە، مرۆڤەکان هەمیشە لە هێزو توانای خۆیان دەترسن و 'ترسی' خۆیان وەک 'ترسی ئێوە' دەشارنەوە، بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت لە ماڵەوە هێشتویەتیەوە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی کەمکردووەتەوە، ڕێگەی دا ئایین ئەو پێکهاتە باڵادەستییە بەردەوام بکات کە ئەوان دایانهێناوە، بۆیە ژن لە شوێنێکی خوارەوە دادەنرێت و منداڵەکان لەبری ناوی ئەوان ناوی باوکیان وەردەگرن، تیۆرەکە زۆر قایلکەر بوو بۆ من، لە غەززە دەرچووی ژن زیاترە لە دەرچووی پیاو، بەڵام کەس ڕێگە بە ژنان نادات کارێک بدۆزنەوە و بازاڕی کار زیاتر لە دەستی پیاوانە.
ئەنتۆنێلا پشتگیری خۆی بۆ خۆبەڕێوەبەری دەربڕی و بەم قسانە کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا: لێرەدا هیوادارم و دەڵێم بە بای قژتان دەتوانن مۆدێلێک لە خۆبەڕێوەبەری ژنان لە داهاتووی سووریادا بونیاد بنێن.