دەستەی ژینگە: بۆردومانەکانى تورکیا زیانی بە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کوردستان گەیاندوە
دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات کە نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات کە نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٩ی کانونی دووەم دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و ئاماری ساڵی ڕابردووی تایبەت بە دەستەکەیانی خستەڕوو.
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەکە لە کۆنگرەکەدا تیشکی خستە سەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: "نابێت بەهۆی شەڕەکانەوە ژینگە بکرێتە ئامانج و تێکبدرێت، چونکە بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە یەک ملیۆن دۆنم زەوی خاکى کوردستان زیانیان پێگەشتووە".
لەبارەى چالاکییەکانى دەستەى ژینگەى کوردستان، کە لە ساڵى ڕابردوو ئەنجامدراوە، عەبدولڕەحمان سدیق ئاماژەى بەوەدا، دوو هەزار و ٨٧٦ پڕۆژەى جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێدراوە و ٤٨ پرۆژەش داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە و پێنج هەزار و ٢٤٩ پرۆژەى دیکەش بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ کراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، کۆی گشتى ئەو داهاتەى لە ساڵى ٢٠٢١دا لە تەواوى هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەکەوە کۆکراوەتەوە، بریتیبووە، لە ٣٣٢ ملیۆن و ٦٦٦ هەزار دینار.
ئاماژە بەوەشکرا، لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان ٢٢٠ رێکخراوى ژینگەیی هەن و بۆردێکیان هەیە، کە کاروبارەکانیان رایی دەکات.