لە زیندانی ئەڤین گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو
ئێوارەی دوێنێ دوای خۆپیشاندانی بەربڵاوی زیندانی ئەڤین، زیندانەکە ئاگری گرت و ئەو وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە هێز لە دژی شۆڕشگێڕان رەوانەی زیندان کراون و چەندین جار زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم، ئاگرێکی گەورە لە زیندانی ئەڤین کەوتەوە و بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە، لە بەندی ٧ و ٨ی زیندانی ئەڤین ناڕەزایەتی و ئاژاوە ڕوویانداوە و لە بەرەبەیانییەوە چەندین جار زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
ئەو وێنانەی لە گەڕەکەکانی دەوروبەری زیندانی ئەڤینەوە بڵاودەکرێنەوە دەریدەخەن کە ماتۆڕسوارەکانی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی دژی شۆڕش بەرەو ئەو زیندانە دەڕۆن.
بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەی لە زیندانی ئەڤین قوفڵ کراون و هەروەها خەڵکی تاران بەرەو زیندانەکە دەڕۆن بۆ رزگارکردنی گیانی زیندانیان، لە كاتێكدا نیگەرانی زۆر هەیە لەسەر ئاگرەكە و بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنیەکان لە دژی شۆڕش بۆ ئەم زیندانە، هێزە ئەمنییەكانی دەوروبەری زیندانەكە تەقەیان لە خەڵك و خێزانەكان كرد و بە گازی فرمێسكڕێژ هێرشیان كردووەتە سەریان.
ئەو وێنە بڵاوكراوەكان نیشان دەدەن كە دانیشتوانی گەڕەكەكانی دەوروبەری زیندانی ئەڤین دروشمی مەرگ بۆ كۆماری ئیسلامی و مەرگ بۆ دیكتاتۆر دەڵێنەوە.