'سەرەتای کۆتایی'... خۆپیشاندەرانی ئێران داوای بەردەوامی و خۆپیشاندانی جەماوەری دەکەن
خۆپیشاندانەکانی ئێران سەرەڕای سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، لە سەرتاسەری وڵاتدا مانگێکە بەردەوامە و پێدەنێتە دووەم مانگەوە، بە پێشەنگایەتی ژنان، خۆپیشاندەران سوورن لەسەر گەشتن بە مافە ڕەواکانیان.
ناوەندی هەواڵ
مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا، کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنە گەنجە کوردە ٢٢ ساڵەکەی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، ناڕەزایەتی لە سەقزەوە لە ١٥ی ئەیلولەوە دەستیپێکرد و هەرزوو زیاتر لە ٤٥ شار و ناوچەی ئێرانی گرتەوە و بووە خۆپیشاندانی سەرتاسەری و داواکارییەکان بۆ ڕووخان و کۆتاییهێنان بە ڕژێمی سەرکوتکاری ٤٠ ساڵە گۆڕدرا.
سەرەڕای سەرکوتکردنی ئەمنی و کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و دەستگیرکردن و بڕینی ئینتەرنێت، دوێنێ، ١٥ی تشرینی یەکەم، لەژێر دروشمی "سەرەتای کۆتایی" خۆپیشاندەران داوای خۆپیشاندانی نوێ و بەرفراوانیان کرد.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بڵاوکردنەوەی بانگەوازییەکان لە ئینتەرنێت و لە ڕێگەی کورتە نامەوە بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، هەواڵەکان باس لە ڕێگری و بڕینی خزمەتگوزارییەکانی ناردنی کورتەنامە بەکۆمەڵەکان، خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای وەک ئینستاگرام و واتسئاپ دەکەن، هەروەها "کاوە نکار"، کە خزمەتگوزاری کورتەنامە لە ئێراندا پێشکەش دەکات، ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی ڕاگەیاند.
ژنانی گەنج پێشەنگی خۆپیشاندانەکانن
بەرامبەر بڕینی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، چالاکوانان و خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەدا "دەبێت لە گۆڕەپانەکاندا ئامادە بین، چونکە باشترین پەیوەندی VPN لەم ڕۆژانەدا شەقامەکانە"، ژنانی گەنجی ئێرانی لە پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانانەدان کە لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەریهەڵداوە، بە لابردنی سەرپۆشە زۆرەملێکانیان، نووسینەوەی دروشمەکان لەسەر دیوارەکانی وڵات، خۆپیشاندان و چالاکی ناڕەزایەتی ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە، هاوکات لە قوتابخانە و زانکۆکاندا پێشەنگایەتی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن و ئەمە بە ڕوونی لە ڤیدیۆکانی بڵاودەکرێنەوە، دەردەکەوێت.
لەگەڵ سەرکوتکاری و فشاری دەسەڵات لە هێزە ئەمنییەکان بۆ خامۆشکردنی خۆپیشاندانەکان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەنشینکراوی بەسیج و ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران بەشداری لە بەرنامە ڕێکخراوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاپەڕین ڕەت دەکەنەوە.
ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی و پشتگیری تەکنەلۆژیا
سەرکوتکارییەکانی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کوشطن، ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی و سەپاندنی سزا بەسەر ئێران لەلایەن بەریتانیا و کەنەدا و ئەمریکای لێکەوتەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا "سەرسوڕمانی" خۆی بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران دەربڕی و پشتیوانی خۆی بۆ ئەوان دووپاتکردەوە و وتیشی: "سەرسامبووم کە خۆپیشاندانەکانی ئێران چی بە ئاگاهێنایەوە، پێم وانییە ئەمە بێدەنگ بکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ، زۆر درێژ"، جەختیشی کردەوە کە "پێویستە ئێران سنورێک بۆ توندوتیژی دژی هاوڵاتیان دابنێت کە داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن".
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی له ڕاپۆرتێکدا ڕایگهیاند که له ناڕهزایهتییهکانی ئهم دواییهدا هێزه ئهمنییهکانی ئێران لانیکهم ٢٣ منداڵیان کوشتووه، ئاماژەیان بەوەشدا کە قوربانییەکان تەمەنیان لە نێوان ١١ بۆ ١٧ ساڵدا بووە و ٢٠ کوڕ و سێ کچیان تێدایە، زۆربەیان بە فیشەکی جەنگی کوژراون، هەروەها سێ کچ و کوڕێکیش بەهۆی لێدانی توندی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە كاتێكدا ڕژێمی ئێران ژمارەی وردی ئەو كەسانەی لە ڕاپەڕینە سەرتاسەریەكەدا دەستبەسەر كراون نەخستووەتەڕوو، بنكەی هەواڵی هەرانا ژمارەی ئەو كەسانەی بە نزیكەی شەش هەزار كەس مەزەندە كردووە و ناسنامەی ٦٧٢ كەسیش دەستنیشان كراوە کە ١٦٨ کەسیان خوێندکارن.
هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانی ئەمریکای بۆ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی ڕژیمی ئێران دووپاتکردەوە و تیشکی خستەسەر ئەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندویەتی کە بەرپرسیارن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ چالاکانی ئێرانی لە واشنتۆن، ئاشکرای کرد، ئیدارەی ئەمریکا کار لەسەر مۆڵەتێک دەکات کە ڕێگە بە دابینکردنی تەکنەلۆژیا دەدات تا ئێرانییەکان بتوانن پەیوەندی لەگەڵ یەکدی و جیهاندا ببەستن.
شرۆڤەکارانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی ئێران ئاڵنگارییەکی گەورەتری دەسەڵاتدارن لە چاو ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی سووتەمەنی سەریانهەڵدا.
هەراسانکردنی خۆپیشاندەران
لە هەنگاوێکی دەگمەندا، پۆلیسی تاران، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ یەکێک لە ئەندامەکانی دەکات، کە لە پەراوێزی بەشداریکردنی سەرکەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و لەکاتی دوورخستنەوەی ژنێک لە ناڕەزایەتییەکان، هەراسانی کردووە و ئەوەش لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتووە، هەراسانکردنی ژنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شەپۆلێکی توڕەیی بەدوای خۆیدا هێنا و داوای "دادپەروەری" و دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەرەکە دەکەن.
هونەرمەندان لە فێستیڤاڵەکان دەکشێنەوە
لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکاندا، چالاکوانان، هونەرمەندان، سینەماکاران، دەرهێنەران و زۆرینەی توێژەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی و پشتیوانییان لە داواکاری خۆپیشاندەران کرد، جگە لەوە، سینەماکارانی گەنجیش بە ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران، کە بڕیارە ٢٧ی مانگی دهاتوو دەستپێبکات، بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە.
ئەم بزووتنەوەیە ناڕەزایەتییە بە کشانەوەی سینەماکارانی وەک فەردین خەڵتەباری و حەسەن حوسێنی دەستیپێکرد، دوای ئەوانیش ئەو سینەماکارانەی کە بەرهەمەکانیان قەدەغەیە و مۆڵەتی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا پێدراوە، ئاماژەیان بە بەشدارنەبوونیان دا، هەرچەندە بەپێی پەیڕەوی فێستیڤاڵەکە، دوای وەرگرتنی فیلمەکان ناتوانرێت بکشێنەوە، بەڵام زۆرێک لە سینەماکاران ڕەتیان کردووەتەوە بەشداری بکەن.
٢٠٠ بەرپرسی ئێرانی گومانی تێوەگلان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانیان لەسەرە
ڕێکخراوی "دادپەروەری بۆ ئێران" لیستێکی لە ٢٠٠ بەرپرسی ئێرانی لە ١٦ پارێزگا بڵاوکردەوە، کە گومانیان لێدەکرێت دەستیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە کاتی ڕاپەڕینی گەلی ئێران دژ بە ڕژێمدا هەبووبێت.
لەناو ئەو پارێزگایانەی کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەلوچستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان، تاران، ئەلبۆرز، خوراسان رەزەوی، هۆرموزگان، قەزوین، کوهکیلویە، بۆیەر ئەحمەد، ئیسفەهان، زەنجان، سمنان، ئیلام، گیلان، کرماشان و مازەندەران هەن.
هەروەها ئەو ڕێکخراوە ناو و وێنەی بەشێک لە کاربەدەستانی حکومی لە شارەکانی ئەو پارێزگایانەیان هێناوە کە ڕۆڵیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، لەوانە پارێزگار، فەرماندەکانی هێزی پۆلیس، فەرماندەکانی سپای پاسداران، سەرۆک داد، داواکاری گشتی.
ئەو ڕێکخراوە ڕوونیشی کردەوە کە ئەوانە لە گومانلێکراوەوە دەگۆڕدرێن بۆ تۆمەتبار و دەتوانرێت ئەو مەلەفانە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بخرێنەڕوو و لە ڕۆژی دوای ڕووخاندنی ڕژمی ئێراندا بەکاربهێنرێن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی وێنەی سەرکوتی توندوتیژیی هاوڵاتییان لە سۆشیال میدیا هەوڵیانداوە ئەنجامدەرانی سەرکوت نیشانبدەن.
ئەوەی پێویستە بوترێت، خۆپیشاندانەکانی ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، بە بڕینی قژی ژنان و سوتاندنی لەچکی زۆرەملێدا تێپەڕی و ئێستا خۆپیشاندەران داوای لابردنی تەواوی سەرکوتکاری و سەپاندنەکانی سەر هاوڵاتیان دەکەن و داوا دەکەن زیندانیان ئازادبکرێن و حکومی ٤٠ ساڵەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە ناوی ئیسلامەوە کۆتایی پێبێت و وڵاتێکی دیموکراتیک، ئازاد، پێکەوەژیان و پاراستنی مافی مرۆڤی تێدا پەیڕەو بکرێت.