دەرچووانى زانکۆو پەیمانگاکان هیواخوازن دواى دەرچوونیان دابمەزرێن

مانگی نیسانی هەموو ساڵێک ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمڕۆژە ڕۆژی بێهیوابوونە بۆیان چونکە ماوەی زیاتر لە ١٢ سالە هیچ دامەزراندنێک نییە، خوێندکاران هیوادارن ڕەنجی ساڵانی خوێندنیان بەفیڕۆ نەڕوات.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمى کورستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ٢٠١٤، لەو کاتەوە بەلێشاو سالانە دەرچووى زانکۆو پەیمانگامان هەیەو تا ئیستا چاوەڕێن هیواو ئاواتى ساڵانی خوێندن رۆژى دەرچونیان بێتە دى و دابمەزرێن,،  بەڵام تا ئیستاش هیچ ئومێدێک نییە، دانەمەزراندن یەکێکە لە گرفتە هەرە ئاڵۆز و هەستیارەکانی کۆمەڵگەی ئێمە، کە کاریگەرییەکی نەرێنی قووڵی لەسەر دەروونی گەنجان و بونیادی ئابووری وڵات دروست کردووە.

 

 ساڵانە هەزاران خوێندکار بە هیوا و ئاواتێکی گەورەوە بڕوانامە بەدەستدەهێنن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی تواناکانیان لە کەرتی گشتی یان تایبەتدا بخەنە گەڕ، ڕووبەڕووی دیوارێکی بەرز دەبنەوە کە ناوی "بێکاری"یە.

 

هیبە  خان، دەرچووی بەشى پەرستارى پەیمانگاى تەکنیکى کۆیە وتى: دڵمان زۆر خۆشە کە ماندوبونى ئەو سڵانەى خوێندنمان بەهەدەرنەچوو و ئەمڕۆ بەم بۆنەوە ئاهەنگمان گێرا لەگەڵ ئازیزانمان، هیوادارین دواى دەرچونمان دابمەزرێین تا بتوانین ئەوەى خوێندوومانە لەکارى رۆژانەمان بە کردارى کارەکانمان بکەین لەبوارى خۆمان, ماندووبونى چەند ساڵەمان بەهەدەرنەڕوات، چونکە گەر دانەمەزرێین پیشەکەى خۆشمان لەبیر دەچتەوە.

 

هیبە  خان دەرچووى بەشى پەرستارى  پیشنیار دەکات بۆ حکومەت کە ئەوان لە جێى ئەوکەسانە دامەزرێنن کە خانە نشین بوون و وتی: داواکارین لەحکومەت هەموو دەرچووان دابمەزرێن لەشوینى ئەوانەى خانەنشین بوون.

 

ئاشنا محەمەد، دەرچووى بەشى کارگێڕى کارلە پەیمانگاى تەکنیکى کۆیە وتى: ئەمڕۆ دڵمان خۆشە کە کە ئاهەنگى دەرچوونمانە، بەڵام خۆشیەکە بەوە کۆتایی دێت کە دابمەزرێێن، تا بۆخۆمان و خانەوادەکەمان دڵمان خۆشبێت، بەڵام  لەم حکومەتە هیچ ئومێدێکم نیە دابمەزرێین.

 

بێهیواییەکی گۆڕیوە بۆ بیرکردنەوەی لەکاری سەربەخۆ

هەرچەندە ئاشنا محەمەد بێ هیوایە لە دامەزراندن بەڵام کۆڵى نەداوە لە ئێستا بیرۆکەى هەیە لەداهاتوو خۆى کارى سەربەخۆى خۆى هەبێت و وتی: حکومەت هەردامەزرانى نەهێشتووە بۆیە هەوڵدەدەین لەکەرتى تایبەت ئیش بکەین و پشت بەخۆمان ببەستین، گەر هەر هیچ کارێک نەبێت کارى سەربەخۆ بدۆزینەوە، جا کارى دیزاین بێت یان نان کردن بێت یان لەبوارى پیشەکەى خۆمان دوکانێکى بچوک دابنێن تا بتوانین پەرە بەخۆمان و کارەکەمان بدەین.

 

ئاشنا نەشی شاردەوە کە ئاواتى ئەو دامەزراندنە هیوادارە ئاواتەکەى بێتە دى ودابمەزرێت لەو بوارەى خۆى حەزى لێیەو وتی: مرۆڤ تا گەنجە تواناى هەیە بۆ داهێنن وکارکردن و خۆشە بەگەنجى ئەوەى چەند ساڵە چاندوتە بیدوریەوە،  نەک کە تەمەن گەورە بوو ئەوکات هیچ  خۆشى لێ نابینى.