هەژماری توندوتیژییەکان؛ ٦ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون

توندوتیژی، کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی بۆسەر ژنان بەردەوامە، زۆرینەی تاوانەکانیش لەلایەن پیاوانی خێزانەوە ئەنجام دەدرێت، بە جۆرێک تەنها لە مانگی نیسان شەش ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون

ناوەندی هەواڵ

 

مانگێکی ساڵ بەبێ تۆمارکردنی توندوتیژی و کوشتنی ژنان تێپەڕ نابێت، هەموو مانگێک کۆمەڵێک ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن بەبیانووی ئەخلاق، شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئەم ژنانە دەستدرێژی دەکرێتە سەر مافەکانیان، ڕۆژانە لەگەڵ بەردەوامی پێشێلکارییەکانیان دەژین و دەجەنگن.

 

هەرچەندە مانگی نیسان مانگی ڕەمەزان بوو، واتە مانگێک کە تیایدا پێویستە مرۆڤ خودی خۆی پەروەردە بکات و دووربێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، بەڵام چەندین ڕووداوی توندوتیژی و کوشتنی ژنان تۆمار کراوە، یاسا و دەسەڵاتی دادوەریش نەیانتوانیوە لەڕووی یاساییە‌وه ڕۆڵیان هەبێت، تا دێت بەهۆی میدیای نابەرپرس و خراپی باری ئابوری و کاریگەری وڵاتانی داگیرکەر لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە توندوتیژییەکان زیاد دەکات.

 

بە پێی ئەو تۆمارانەی دەست ئاژانسی نوژنها کەتووە بە تەنها لە مانگی نیسان/٤دا شەش ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، بەم شێوەیە بووە:

 

زاخۆ

ئێوارەی ٢ی نیسان ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ له‌لایه‌ن ئامۆزایەکی به ‌چه‌ند گوللـه‌یەکی كلاشینكۆف کوژرا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسى زاخۆ رایگه‌یاند، تاوانەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە هەروەها لەدوای چەند کاتژمێرێک بکوژەکە خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە. 

 

ڕاپەڕین 

لە بەرواری ٧ی نیسان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند: کاتژمێر ١١:٠٠، تەرمی ژنێکی گەنج بە ناوی ک. ح. ح. لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢، دانیشتووی گوندی گردەسیپان لە قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانە.

دوای پشکنین و توێکاری بۆ لاشەی ژنە گەنجەکە، دەرکەوت شوێنەواری فیشەکێکی دەمانچە بەسەریەوە هەیە، بە وتەی کەسوکارەکەشی "کچەکەیان بۆخۆی خۆی کوشتووە"'، بەڵام ڕاستی بابەتەکە دەرنەکەوتووە. 

 

هەولێر

٢١ی نیسان، ژنێک بە ناوی "كوێستان پیرۆت خدر"، لە گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێر لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی أ. ش. ع. کوژرا، لە توێکاریدا ژنەکە ئاسەواری بڕین بە ملیەوە دیار بووە.

 

هەروەها لەهەمان ڕۆژدا و هەر لە شاری هەولێر ژنێکی گەنجی تەمەن ٢١ ساڵ به‌ناوى "ئاریا محه‌مه‌د خه‌لیل" له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كى ته‌واونه‌كراوى شاره‌كه‌ له‌سه‌ر رێگاى هه‌ولێر- كه‌ركوک خۆی فڕێداوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ گیانى له‌ده‌ستداوه‌. 

ئاریا محەمەد خەلیل فێرخوازی په‌یمانگاى ته‌كینیكی هه‌ولێر به‌شى كتێبخانه‌ و زانیاری بووه‌.

 

هەر لە شاری هەولێر و لە بەرواری ٢٧ی نیسان، ژنێکی گەنجی تەمەن (١٧) ساڵ بەناوی "ڕەیان مەحمود جەمیل" لەلایەن هاوژینی باوکییەوە سووتێنرا، هۆگر عەزیز، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردبوو، ژنەکە ڕێژەی سووتاوییەکەی گەیشتووەتە ٨٠٪ و "دوای وەرگرتنی لێداونى تاوانلێکراو، دەرکەوت لەلایەن هاوژینی باوکییەوە سووتێندراوە".

 

دوای لێکۆڵینەوە توانرا تۆمەتبارەکە بەناوی م. ح. ح. دەستگیر بکرێت و لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە بەپێی ماددەى (٤٠٨) لە یاسای سزادان بەندکراوە.

 

کەلار

٢٨ی نیسان، لەگەڕەکی بنگردی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی "ئەژین محەمەد ساڵح" لەدایکبووەی ٢٠٠٤ و خویندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بووە بە گوماناوی لە ماڵەکەیاندا خنکا.

 

ئەیوب حسین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، لە بارەی ڕووداوەکە وە ڕوونیکردووەتەوە، ژنەکە لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی خنکاندووە و تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە.

 

ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف و بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ڕەوایەتی پێدەدرێت و لەلایەن کۆمەڵگەوە بێدەنگەی لێدەکرێت، یاسا و دادگاکانیش تا ئێستا نەیانتوانیوە مافی ژنان بپارێزن و کەیسەکانی کوشتن بە ئەنجام بگەیەنن.