چالاکوانێکی سیاسی: لە ڕۆژئاوا پارێزگاری لە خاک و سیستمی خۆبەڕێوەبەری دەکرێت
ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و داگیر نەکردنی خاکەکەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەرخۆدانێکی بێوێنە بەڕێوە دەبەن، چالاکوانێکی سیاسیش دەڵێت:
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٧ی تشرینی دووەم بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە، گەل لە بەرامبەر هێرشەکان بەرخۆدانێکی بێوێنە بەڕێوە دەبات، لە باشووری کوردستانیشەوە، سەرەڕای قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی ناوچەکە، هاوڵاتیان بە کۆمەک و پشتیوانی، ناڕەزایەتی و گردبوونەوە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان دەخەنەڕوو.
سندوقەکانی هاوکاری لە شاری سلێمانی، ڕاپەڕین و گەرمیان دانراون و هاوڵاتیانیش داوای کردنەوەی دەروازەی سنووری سێمێلکا دەکەن بۆ ناردنی کەلوپەک و هاوکاری مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
"کوردان لە ڕۆژئاوا بەردەوام هەوڵی پاراستنی خاک دەدەن"
گوڵستان سەعید محەمەد، چالاکوانی سیاسیی و ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کرد، کورد لە هەر بارودۆخێکدا هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان داوە و لە بەرامبەردا ناحەزان و سیخوڕانی ناوخۆ هەوڵی شکست پێهێنانی تێکۆشانی کوردیان داوە، "لە ئێستادا کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەوڵی بەدیهێنانی سەرکەوتنەکانیان و بەدەستهێنانی خاکی کورد دەکەن، هەوڵ بۆ چەسپاندنی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچە کوردنشینەکان دەدەن، لە ئەنجامدا دەوڵەتی داگیرکەر بەردەوام لە ڕێگەی هێرش و تۆپبارانکردنی سنورەکانی کورد ڕێگری و ئاستەنگی دەکات، دوژمنانی کورد بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد دەدەن، هەبوونی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتێکی مەزنی کورد بوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد دەدەن، سەرەڕای پارچەکردنی کورد و داگیرکردنی سنورەکانی بەردەوام لە هەوڵی پەرتەوازە کردندان، هەر چوار پارچەی کوردستان میزۆپۆتامیا پێکدەهێنێت، ئەگەر بەسەر نەخشەی کۆندا بچینەوە دەبینین کوردستانیان بەسەر داگیرکەراندا دابەش کردووە.
ئەو چالاکوانی سیاسییە بۆ پاراستنی خاک و وڵات وتی: لە کاتی ڕوودانی جەنگدا هەر وڵاتە و بەرگری لە خاکی خۆی دەکات، کوردیش لە کاتی هێرشەکاندا بەرگری لە خاک و سنورەکانی خۆی دەکات، مافی هەر تاکێکی کوردە هەوڵ بۆ پاراستن و مانەوەی خاکەکەی بدات، ئێستا سەردەمی چەسپاندنی مافی مرۆڤە، کوردیش وەک گەلێکی زیندوو و تێکۆشەر مافی پاراستن و بەرگریکردنی لە خاکی هەیە، وەک دەبیندرێت لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و داگیرنەکردنی خاکەکەیان لە دەستی دوژمنانیان، لە ڕێگەی جەنگەوە هەوڵ بۆ پاراستنی خاک و وڵاتی خۆیان دەدەن، وەک هەر گەلێکی دیکە مافی پارێزگاری کردنیان هەیە.
گوڵستان سەعید، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆتایدا وتی: لە ئەنجامی جەنگ کوردانی ڕۆژئاوا پێویستیان بە هاوکاری و کۆمەک هەیە، گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان لە ڕێگەی کردنەوەی سنورەکانەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانەوە سنورەکانی سێمێلکا بەڕووی هاوکارییەکان بە چەندین هۆکاری جیاواز داخراوە، لە کاتێکدا کوردانی پارچەیەکی دیکەمان پێویستیان بە گەیاندنی هاوکارییە، منداڵان و ژنان پێویستییە سەرەتایییەکانیان دەوێت، لە وەرزی سەرمادا تا بێت پێداویستییەکان زیاتر دەبێت، پێویستە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان هاودەنگ و هەماهەنگ بن لە گەیاندنی هاوکاری و کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ بونیادنانەوەی ژیانێکی نوێ و سەرەتایی.