ماڵی گەوهەر عەشقی گەمارۆ دراوە و ڕێگری لە دەرچوونی لە ماڵ دەکرێت

دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردنی گەوهەر عەشقی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی دایە مینا سوڵتانی و سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانیانی سیاسیدا، هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە دەرکەوتنی لە ماڵ کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ هەژماری ئێکسی گەوهەر عەشقی، وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی دایە گەوهەر، کە دۆخی تەندروستی تێکچووە بە هۆی هەراسانکردنی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند کە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردنی گەوهەر عەشقی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی دایە مینا سوڵتانی و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانیانی سیاسیدا، لە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردووەوە، پیاوانی سەر بە ڕژێمی  ئیسلامی بە نیشتەجێبوون لە کۆڵانەکانی دەوروبەری ماڵی گەوهەرعەشقی لە ڕۆبەت کەریم، ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و بە بڕینی تەواوەتی پەیوەندییە تەلەفۆنی و مۆبایلەکان، لە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ دەرەوە بێبەشیان کرد و ئەم فشارە دەروونییە بووە هۆی دابەزینی پەستانی خوێنی ئەم دایکەی کە بەردەوام داوای دادپەوەری دەکات.

 

هەر لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هەوڵەکانی سەحەر بەهەشتی بۆ پەیوەندیکردن بە دایکی گەوهەر عەشقی سەرکەوتوو نەبوون، دایکی لە کاتێکدا بەنیازبوو بچێتە تاران، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ڕێگرییان لێکرد و بەهۆی ئەو دڵەڕاوکێیەی کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنیەتییەوە دروستبوو، دیسانەوە تووشی سەرگێژخواردن و دابەزینی پەستانی خوێن بووەوە.

 

بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی گەوهەر ئەشقی بۆ ماڵی کچکەی دەگوازرێتەوە و دوای گواستنەوەی ئەو دایکە بۆ ماڵی سەحەر بەهەشتی گەڕەکەکە دەخرێتە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەموو جوڵەیەک لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێم دایە.

 

هەر لەم هەژماری گەوهەر عەشقیدا هاتووە کە پەیامی ئەم دایکە درێژەدان بە دانیشتنی ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و وەستانەوە لە ڕێگای ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی بێ گوێدانە هەر بیروڕای کەسی و بەرژەوەندی کوتلەیە، ئەم دایکەی داواکاری دادپەوەرییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەم ڕێگایەدا خەڵک دەبێت بەرژەوەندی و ئامانجە کەسییەکانیان وەلابنێت و لە هەر بارودۆخێکدا لە ڕێگای ئازادی وڵاتدا لە دانی هیچ باجێک نەترسن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە گەوهەر عەشقی، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ئەیلوول ، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند؛ وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ کەسوکاری داواکاران و زیندانییەکان لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران، گرتنی  مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەمەدی، یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و دوو چالاکوانی مەدەنی و کرێکاریی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، دەچێتە  بەر نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران یان ئیمامزادە ساڵح لە تەجریش و لەوێ چالاکی دانیشتن دەکات.