مای ساتۆ داوای بەڵگەنامەکردنی سەرکوت ئەشکەنجە و دیپۆرتکردنەوە لە ئێران دەکات
مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، داوای لە قوربانیان و بنەماڵەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بەڵگەنامە و بەڵگە سەبارەت بە هەڕەشەکان لە دژی ناڕازییان لە دەرەوەی وڵات و فشارەکانی سەر بنەماڵەکانیان لە ئێران بخەنەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، داوای لە حکومەتەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و زیانبەرکەوتووان کرد کە زانیاری و بەڵگەنامە سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی داهاتووی خۆی پێشکەش بکەن.
بەپێی ڕاگەیاندراوی مای ساتۆ و نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان، ڕاپۆرتە نوێیەکەی کە لە ٦٤هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤدا پێشکەش دەکرێت، تیشک دەخاتە سەر پێکهاتە گشتییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و چوار بابەتی سەرەکی: ڕاگواستنی زۆرەملێ، دەرئەنجامەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بۆ بنەماڵە، مافی ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی.
بەڵگەنامەکردنی کردارەکان
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەم بانگەوازە، بەڵگەنامەکردنی ئەو کردەوانە بە ئامانجی هەڕەشەکردن، تۆقاندن یان بەرتەسککردنەوەی چالاکیی نەیاران و ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێرانە، لەو چوارچێوەیەدا، داوا لە کەس و دامەزراوە خاوەن زانیاریەکان کرا کە بەڵگەنامە و زانیاری سەبارەت بە هەڕەشە و هێرشکردنە سەر ناڕازییەکان، چاودێریکردنی چالاکییەکانیان و فشار لەسەر کەسوکاریان لە ناوخۆی ئێراندا پێشکەش بکەن.
هەروەها سنووردارکردنی گەشت، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان بۆ فشار لە پرسەکانی دیکەی ئەم بانگەوازەدان.
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە باس لە لێکەوتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ کەسوکاری ئەو کەسانە دەکات کە دەستگیرکراون، بێسەروشوێنکراون، کوژراون یان لەسێدارەدراون، هەروەها داوای زانیاری لەسەر کاریگەرییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، یاسایی و دەروونییەکانی ئەم کردەوانە لەسەر بنەماڵەکان کرد.
دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی زانیاری و بەڵگەنامەکان بۆ ئەم ڕاپۆرتە بۆ ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ دانراوە، ئەو کەس و دامەزراوەیانەی زانیاری پەیوەندیداریان هەیە دەتوانن بەڵگەنامەکانیان بنێرن بۆ ناونیشانی ئیمەیڵی فەرمی ڕاپۆرتدەری تایبەت:[email protected].