یونسێف: قەیرانی سووریا بارودۆخێکی دڵتەزێنی بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵ دروستکردووە
زیاتر لە ١٣ ساڵە بەهۆی قەیرانی سووریاوە، دوو ملیۆن منداڵ لە سووریا نەیانتوانیوە بچنە خوێندنگەو زۆربەیان سەرەڕای تەمەنی بچووکیان نەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن و هاوسەرگیرییان کرد.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٨ی کانونی یەکەم، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە یونسێف ڕایگەیاند، چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار منداڵی سووریا لە دۆخێکی دڵتەزێندا دەژین و پێویستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە بەپەلەکان هەیە.
بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە یونسێف دوای سەردانەکەی بۆ ناوچەکانی سووریا ڕوونیکردەوە، سووریەکان هەن دەیانەوێت لەو انەی بۆی ئاوارەبوون بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، سەرەڕای کەمی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها بە نزیکەیی ٥ ملیۆن منداڵی سووری لە بارودۆخێکی دڵتەزێندا دەژین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە لە شاری حەلەبەوە بەرەو ئیدلب دەگوازێتەوە، هەروەها لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ سووریا، ڕادەی پێداویستییە مرۆییەکان شۆککەر بوو.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٧.٥ ملیۆن منداڵ هەن کە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، ئەمە جگە لەوەی ٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار منداڵ پێویستیان بە خزمەتگوزاریی دەستبەجێی پاراستن هەیە.
جەختیشی کردەوە کە بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار منداڵ لە دەرەوەی خوێندنگەن، مەترسییەکانی کارکردنی منداڵان و هاوسەرگیریی لە تەمەنی بچووک، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دامەزراندنیان لەلایەن لایەنەکانی ململانێ و شەڕەکان زیاد دەکات.
سووریا بەدەست یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهانەوە دەناڵێنێت، ئەمەش دوای زیاتر لە ١٣ ساڵ لە سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا، کە بە سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەسی ناچارکرد ئاوارەبن.