شاندی ڕۆژنامەنووسان سەردانی چەند کەناڵێکی باشووریان کرد

شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە سێیەم ڕۆژی سەردانەکەیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کەی ئێن ئێن، ئێن ئاڕ تی و ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کۆبوونەوە و باسیان لە گرنگی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کرد.

سلێمانی

 

شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، کە لە ئەوروپاوە هاتوونەتە باشووری کوردستان و ماوەی سێ ڕۆژە سەردانی دەزگا و ڕێکخراوە میدیاییەکان دەکەن، پێکهاتوون لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرەیی، هەندرێن فەرەج محەمەد، ژاڵانە هەورامی (نەقشبەندی) و دەڤریم ئاڵپ، شاندەکە لەگەڵ چەندین ڕێکخراو و دەزگادا کۆبوونەتەوە و ئامانجیان کارکردنە بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی دۆسیەی بە ئامانجگرتنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین و دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان دەزگا میدیاییەکان.

 

ئەمڕۆ شاندی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ هەریەک لە کەی ئێن ئێن، ئێن ئاڕ تی و ڕۆژنامەی کوردستانی نوێیان کرد.

 

لە سەردانی یەکەمدا بۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی کوردستانی نوێ، هەندرێن فەرەج ئەندامی شاندەکە وتی: دەمانەوێت ئەم کەیسە بە ڕۆژەڤ بمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە بیر نەکرێت و خوێنی هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمان بە فیڕۆ نەچێت، بە هاوکاری هەموو لایەک هەوڵبدەین کەیسی ڕۆژنامەنووسان بەلاڕێ نەبردرێت و هەمووان دەستبخەینە دەستی یەک بۆ ئەوەی لە ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا کاریگەریەکی وادابنێین کە جارێکی تر ڕژێمی تورکیا نەتوانێت هاوڵاتییان و ڕۆژنامەنوسان تیرۆر بکات.


         


        

دواتر شاندەکە سەردانی کەناڵی کەی ئێن ئێنی کرد، لەو بارەی سەردانەکەوە کاروان سالار، ڕۆژنامەنووس لە کەناڵەکە وتی: هەمیشە لەگەڵ ئازادیی ڕادەربڕینین و لە دژی هەموو توندتیژییەکین کە لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێت.


         


        

هەروەها شاندەکە سەردانی کەناڵی ئێن ئاڕتییان کرد و لەلایەن چیا حسێن، بەڕێوەبەر، پێشوازییان لێکرا و باس لە دۆخی ڕۆژنامەنووسان کرا کە رووبەڕووی هێرش دەبنەوە و گرنگی پەیوەندی هاوبەشی نێوان میدیاکان باسی لێوەکرا، کە دەتوانێت زیاتر ببێتە پشتێنەی سەلامەتی بۆ ڕۆژنامەنووسان.


         


        

بڕیارە شاندەکە کاتژمێر ٤ـی ئەمڕۆ، لە سەنتەری میترۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا دەرەنجامی سەردانە چەند ڕۆژییەکەیان بۆ ناوەندە ڕاگەیاندنییەکانی باشووری کوردستان بخەنەڕوو.