"دەبێت هەموو داواکاری و تێکۆشانێک بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بێت"

سوهام شەنگالی، وتەبێژی کۆمیتەی دیپلۆماسی تاژێ باسی لە پلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم کرد و داوای لە هەموو پێکهاتە ئازادیخوازەکان و بەتایبەت پێکهاتەی ئێزیدی کرد داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و خەبات بکەن.

هێڤیدار شەنگالی

 

شەنگال-پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دەستیپێکرد، لە ئەنجامی فشاری وڵاتانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ڕێبەری گەلی کورد سووریای بەجێهێشت و بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد چووە ئەوروپا، بەڵام لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد و لەناوبردنی خەباتی گەلی کورد کە لەژێر سەرکردایەتی تەڤگەری ئازادیی کوردستاندا سەریهەڵدا، پیلانێکی هاوشێوە لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە داڕێژرا.

 

 پرۆسەی پلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دەستیپێکرد، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە دیلگرتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بوو،  لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، ڕێبەری گەلی کورد ماوەی ٢٥ ساڵە لە ئیمرالی لە ژێر بارودۆخی سەختی گۆشەگیریدا هێڵدراوەتەوە و زیاتر لە چوار ساڵە داواکارییەکانی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی ئاستەنگ کراوە.

 

لە هەمان کاتدا ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ڕۆژی داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕۆژی واژۆکردنی ڕێککەوتنی شەنگالە لەلایەن پەدەکەو دەوڵەتی تورکیاوە، بە بۆنەی ٢٦ ساڵەی پلانگێڕی ٩ی تشرینی یکەم، سوهام شەنگالی، ئەندامی کۆمیتەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"هێزە پلانگێڕەکان لە بیری ڕێبەر ئاپۆ دەترسان"

 لە سەرەتای قسەکانیدا، سوهام شەنگالی سەرنجی بۆ پلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم ڕاکێشا و ئیدانەی هەموو ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەی کرد کە بەشدارییان لەو پلانگێڕییەدا کردو وتی: سەرەتا ئەم پلانگێڕییە بەدبەختەی دژی ڕێبەر ئاپۆ ئیدانە دەکەین، بێگومان دوژمنان و زلهێزە دەسەڵاتدارەکان بە ئەنجامدانی پلانێکی لەو شێوەیە دەیانویست بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی لە ناو ببەن، شۆڕشێکی زۆر لەسەر ئەم خاکە کراوە و هەرجارە پێشەنگەکانی ئەو شۆڕشانە لەناوچوون و خەباتی ئازادیش لەگەڵیاندا لەناوچوون، ڕێبەر ئاپۆ بە دەرکەوتنی جارێکی تر بوو بە پریشکێک بۆ گەلی کورد و دوژمن جارێکی تر ڕێبەر ئاپۆی کردە ئامانج بۆ ئەوەی هەمان کار بکات.

 

سوهام شەنگالی ئاماژەی بەوەدا، گەلی کورد تا ئەمڕۆ خەبات دەکات بۆ نەهێشتنی یەکجاری پلانگێڕییەکە و وتی: ڕەنگە ڕێبەر ئاپۆ سەرەتا ئەم خەباتەی بۆ ئازادی گەلی کورد دەستپێکردبێت، بەڵام زلهێزە دەسەڵاتدارەکان بینیان کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای ئازادییە نەک تەنیا بۆ کۆمەڵگەی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو و ڕێگرییە لە بەردەم پرۆژەی دەسەڵاتداریی ئەوان و هەربۆیە پلانیان ئامادە کرد، کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، دەبینین ئەو هێزانە لە بیری ڕێبەر ئاپۆ دەترسان، بۆیە پلانێکی لەم شێوەیەیان دەستپێکرد، گەلی کورد بە تایبەتی لەبەرامبەر ئەم پلانەدا ڕاوەستا.

 

"بە پلانگێڕی نەگەیشتنە ئامانجی خۆیان"

سوهام شەنگالی ڕایگەیاند، پلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم هەرگیز بە ئامانجەکەی ناگات و وتی:  دەبینین کە دوژمن هێشتا لە حیسابات و پلانەکانی پیلانگێڕیدا بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە، لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی دوژمن بە ئامانجەکەی نەگات، بە دروشمی 'ناتوانی ڕۆژەکەمان تاریک بکەیت'، سەدان کەس ئاگریان لە خۆیان بەردا و ئەڵقەی ئاگریان لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ دروست کرد، کاتێک دوژمن بینی کە بەم شێوازە ئامانجەکەی بەدی ناهێنێت، ئەمجارەیان بە شێوازی جیاواز درێژەی بە پلانگێڕییەکەی دا، هێزە پلانگێڕەکان ئەمجارەیان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ پیلانێکیان بۆ شەنگال داناوە، هەروەها لەهەمان مێژوودا دەوڵەتی تورکژ بەهاوکاری هێزە نیودەوڵەتییەکان گرێ سپی و سەرێکانی داگیرکرد، تا ئێستاش له ژێر داگیرکاریدان، ئەمجارە هێزە نێودەوڵەتییەکان ویستیان هەمان پلان بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی بهێنن، کە دوای فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، لەسەر بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆی ئاوەدان کردەوە. بەڵام کۆمەڵگە زۆر زوو تێگەیشت کە ئەم پلانگێڕییە پەیوەندی بە پلانگێڕیی ڕێبەر ئاپۆشەوە هەیە، کۆمەڵگای ئێزدی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەباتی خۆی بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ زیاد دەکات،  بۆیە هێزە پلانگێڕەکان نەیانتوانی و ناتوانن لە ئامانجەکەیان کە شەنگال بوو سەرکەوتوو بن.

 

مەترسی لەسەر باشووری کوردستان

 لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، پەدەکە پەنا بۆ هەموو فێڵێک دەبات بۆ ئەوەی جارێکی تر لەم هەڵبژاردنە سەربکەوێت، ئەگەر پەدەکە لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەوێت ئەوە مەترسییەکی گەورە دەبێت بۆ سەر پێکهاتەکان و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبینین ئێستا خاکی باشوور لەژێر داگیرکاریی تورکیادایەو ئەم داگیرکارییە بە پشتیوانی پەدەکە ئەنجام دەدرێت، سیاسەتێکی زۆر پیس لە باشوور جێبەجێ دەکرێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشوور لە ١٨ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، لە ڕاستیدا ئەوەی لە لایەن پەدەکەوە کرا بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنانە ئەنجام نەدرێت، لەم هەڵبژاردنەدا میللەت بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی پەدەکە و خیانەتەکەی لەسەر ئەو خاکە دەبێت هەڵوێستی هەبێت, ئەگەر  پەدەکە سەربکەوێت، باشووری کوردستان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، تێپەڕاندنی تەواوەتی دەسەڵاتێکی وەک تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان کۆمەڵکوژی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆئەوەی جارێکی تر کۆمەڵکوژی نەکرێتەوە، پێویستە پێکهاتەکان گەورەترین هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە پەدەکە و خیانەتەکەی.

 

"هەرچەند تێکۆشان زیاتر بکەین لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک دەبینەوە"

سوهام شەنگالی ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و بەم قسانە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: لە هەمان کاتدا خەباتێک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستی جیهانیدا بەڕێوەدەچێت، بۆ بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەتایبەتی ژنان و گەنجان، پێویستە هەمووان لە بەرخۆدانێکی ناوازەدا بن، ڕێبەر ئاپۆ تا گەیشتن بە ئازادیی جەستەیی درێژە بەم خەباتە دەدات، تا زیاتر بەرخۆدان بکەین، زیاتر لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک دەبینەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەگەر بمانەوێت شەڕی ئێستا بوەستێنین و ئاشتی دروست بکەین، دەبێت هەموو پێکهاتەکان بەتایبەت پێکهاتەی ئێزدی تێبکۆشن، هەموو داواکاری و خەباتەکانمان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بێت.