بەشی سێیەمی دەستی تاریک: پەیوەندییەکانی پاراستن، میت و ئەنەکەسە

بەشی سێیەمی زنجیرە دیکۆمێنتاری دەستی تاریک بڵاوکرایەوە و لەم بەشەدا، پەیوەندی نێوان سیخوڕەکان لە ناوەندەکانی پاراستن و خاوەنداریکردنی ئەنەکەسە لەم سیخوڕانە، دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشی سێیەم و کۆتا ئەڵقەی زنجیرە دیکۆمێنتاری "دەستی تاریک" لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی ڕۆناهی پەخش کرا. لە کۆتا بەشدا ٣ سیخوڕی تر و نهێنییەکانیان بڵاودەکرێنەوە، هەروەها هەندێک لە نهێنییەکانی سیخوڕێک کە لە بەشی یەکەمدا باسکراوە، لەم بەشەدا هاتووە.

 

لەم بەشەدا دیاری دەکرێت کە چۆن لە کامپی بەردەڕەش لە باشووری کوردستان دەستدرێژی کراوەتە سەر ژنانی کورد، هەروەها مادەی هۆشبەریان هێناوە بۆ ڕۆژئاوا و فەرمانگەکانی ئەنەکەسە چۆن بوووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ سیخوڕەکان.

 

جارێکی دیکە ناو، وێنە، شوێن و زانیاری سەربازی بۆ پاراستن و میت نێردراوە.

 

لەم بەشەدا پەیوەندییەکی بەهێز و هاوئاهەنگی نێوان سیخوڕ و فڕۆکە و ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرا دەبێت، کە گرێکانیان بە دەستی پاراستن و ئەنەکەسە و میتی تورکەوەیە.

 

"لە ڕێگەی خزمەکانیانەوە دەکەونە تەڵەی سیخوڕیکردن''

لە بەشی کۆتاییدا ڕووخساری ٤ سیخوڕ دەردەکەون، محەمەد عەباس سەیدا؛ لە ساڵی ٢٠٢٠ هەڵاتووە بۆ باشووری کوردستان، لەوێ لەلایەن پاراستنەوە دەگیرێت و دەبێتە سیخوڕی میت و پاراستن. کچی خاڵی محەمەد بە ناوی بێریڤان ڕەمەزان هەر لە ڕۆژئاوادا لە ڕێگای محەمەدەوە دەبێتە سیخوڕ. ئەسەد مەروان حەسەن، ناوی خۆی دەکاتە بارزانی، ساڵی ٢٠١٥ چووەتە باشووری کوردستان و بووە بە سیخوڕ. بورهان ڕدوان حەسەنی ئامۆزای کە لە بەشی یەکەمدا نمایشکرا، لەگەڵیدا کاردەکات و هەر چواریان لە ڕێگەی کەسوکارەکانیانەوە لە باشووری کوردستان کەوتوونەتە داوی سیخوڕییەوە.

 

یەکێک لە سیخوڕەکان بە ناوی محەمەد عەباس سەیدا لە ڕێگەی مامی بە ناوی عەدنانەوە دەچێتە باشووری کوردستان و لە دەزگای هەواڵگڕی پاراستندا جێگەی خۆی دەگرێتەوە. دوای ئەوەی ڕوو لە باشوور دەکات و سیخوڕی دەکات، پەیوەندی لەگەڵ هەندێک کەس لە ڕۆژئاوا دروست دەکات و کەسانێک بە ناوەکانی ڕوەیدا، ئەمیر، محەمەد و بێریڤان وەک سەرچاوەی خۆی بەکاردەهێنێت، لە نێوانیاندا سەرەکیترینیان بێریڤانە، بێریڤانیش دەستگیرکراوە و دانی بەو کارە قیزەونانەدا ناوە، کە ئەنجامی داوە.

 

سیخوڕ ئەسەد مەروان حەسەن، کە دواتر ناوی بارزانی لەخۆی ناوە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ماوەی ٩ ساڵە سیخوڕی دەکات، سەردانی نزیکەی ٢٠ دامەزراوەی کردووە و هیچ زانیارییەکی نەماوە کە بە پاراستن و میت نەیدابێت. ئەو و سیخوڕ بورهان ڕدوان حەسەن ئامۆزان و لەڕێگەی مامێکیانەوە بوون بە سیخوڕ. مامی هەردوو سیخوڕەکە "محەمەد خێر"ە، لەناو هێزی پێشمەرگەی ڕۆژدا ئەندامە و لە هەمانکاتدا لە دەزگای هەواڵگڕی پاراستندا کار دەکات، ئەو، ئەسەد و بورهان و ئۆرهان دەهێنێتە باشووری کوردستان و دەیانکاتە سیخوڕ.

 

"میت لە ناوەندی سێمێلی پاراستنە"

کاتێک دەچنە ناوەندی سێمێل نەخشەی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەردەمیان دادەنێن، شوێنی ئاسانکارییەکان، سەنتەرەکان، ناوچەی خزمەتگوزاری و تونێلەکان دەستنیشان دەکەن. لەگەڵ ئەوەدا ژمارەی شەڕڤانانی هێزەکانی قەسەدە، و زانیاری لەسەر فەرماندە و پێشەنگەکانیان دەوێت. ئاماژە بەوە دەکەن کە، ئەو زانیاریانەی بە پاراستنیان داوە هەمیشە لەلایەن ئەندامێکی میت بە ناوی فەرهاتەوە وەرگیراوە، کە چەند پاسەوانێکی بە دەموچاوی داپۆشراوەوە لەگەڵ بووە، هەروەها باس لە هاتنی هەندێک لە ئەندامانی دیکەی میت دەکەن، بۆ ناوەندی پاراستنی سێمێڵ.

 

زانیارییەکی سەرەکی لە دانپێدانانی سیخوڕێک بە ناوی بێریڤانەوە دەردەکەوێت، کە پاراستن زۆرجار داوای شوێن و زانیاری لێ کردووە سەبارەت بە بەڕێوەبەری ئاسایش، دژوار قامیشلۆ و ئەوانیش زانیارییەکانی ئەویان ناردووە، دواجار لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، دژوار قامیشلۆ لە هێرشێکی داگیرکەری تورکیا لە گەڕەکی ئوم ئەلفورسانی قامیشلۆ شەهید بوو.

 

هەروەها لە دانپێدانانی ئەو سیخوڕانەدا چەندین جار دەرکەوتووە کە ئەرکی سەرەکی ئەم سیخوڕانە ڕەشبگیری و بێناوبانگکردنی خۆبەڕێوەبەرییە. ئەم سیخوڕانە بە هاوکاری لەگەڵ میت، ئەنەکەسە و پاراستن کاری قێزەون دەکەن. جگە لە کارەکانی ئەنەکەسە لە ڕەشکردنی ڕۆژئاوا و دانانی زەمینەسازی بۆ سیخوڕی، ڕۆڵێکی دیاریکراوی نووسینگەکانی ئەنەکەسە لە ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دانپێدانانی سیخوڕەکاندا ئاشکرا دەبێت. ئەو ئەرکەی پاراستن بەم فەرمانگانەی داوە، ڕزگارکردنی سیخوڕەکانە. ئەو سیخوڕە بە ناوی محەمەد ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر هەر هەڕەشەیەک لەسەریان هەبێت، دەڕۆنە ناوەندەکانی ئەنەکەسەوە، بۆیە بە فەرمانی پاراستن دەرگاکانیان کراوە دەبێت و لە هێزە ئەمنییەکان دەیانپارێزن. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە کاتی مەشقەکاندا، پاراستن پێیان گوتوون، "ئێوە لە شوێنی خەڵکدا دەبن و لەناو کۆمەڵگەدا دەمێننەوە و ناوی ڕۆژئاوا لەبەر چاو و دڵیان ڕەش بکەن...هەمیشە باسی نەبوونی بکەن و ڕێگای کۆچکردن ئاسانتر بکەن..." بۆیە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە خەڵک لە خاکی خۆیانەوە دەڕفێنرێن و فڕێدەدرێنە ناو چاڵە سیخوڕییەکانەوە.

 

"سیخوڕی پاراستن لە کامپی بەردەڕەش دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان"

لە لێدوانەکانیاندا ڕوونە کە سیخوڕەکان تەنها زانیاری ئەمنی نادەن، بەڵکو ئەرکی کۆمەڵایەتیشیان پێ دەسپێردرێت. بۆ نموونە تۆڕی ئۆرهان و بورهان و عەلی، لەناو کەمپی بەردەڕەش، دوای ئەوەی لە ڕێگای پاراستنەوە تووشی ماددە هۆشبەرەکان دەبن، ئەوانیش دابەشی دەکەن. بەم شێوەیە دەیدەنە دوو گەنجی ڕۆژئاوا لەناو کامپەکە و دەیانخەنە داوی سیخوڕیەوە، لەم بابەتەدا سیخوڕێک بە ناوی ئەسەدیش لە هەمان بەرەدا کار دەکات. پاراستن فەرمانیان پێدەکات کە مادەی هۆشبەر ببنە ڕۆژئاواش، بۆ ئەوەی بتوانن خەڵک بەلاڕێدا ببەن و بیانخەنە تەڵەوە.

 

شێوازی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان وەک بەشی دووەم، لە بەشی سێیەمیشدا باسی لێوە دەکرێت، هەروەک چۆن لە کامپی بەردەڕەش کە بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەرانی ڕۆژئاوا دروستکراوە، ژنانی کورد لەژێر چادرەکاندا دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، ئەو سیخوڕە بەناوی بورهان دان بەوەدا دەنێت کە تۆڕێکی سیخوڕی پاراستن لەم کامپەدا هەیە و ئێواران بەسەر چادرەکاندا دەگەڕێن. دان بەوەدا دەنێن کە تەنها سیخوڕ بورهان و عەلی دەستدرێژییان کردووەتە سەر دوو ژنی کورد.

 

"خۆشەویستی نیشتمان بخەرە دڵی منداڵەکانتەوە"

بەشی سێیەم وەک کۆتا بابەتی دەستی تاریک بڵاوکرایەوە، تیایدا وەک پوختە و دەرئەنجامی سێ بەشەکەی تر دیاری دەکرێت. لەم سێ بەشەدا چەندین پلانی مەترسیداری پاراستن و میت و ئەنەکەسە ئاشکرا بوون. ڕووخساری ١٣ سیخوڕ ناسرایەوە و لە دانپێدانانەکانیاندا چەندین ئامانج و شێوازی پیس لە دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرکەوتن. جگە لەوەش چەندین ناوەند و شوێنی مادەی هۆشبەر و هەراسانکردن و سیخوڕیکردن، زۆر ڕووداو، یان هێرشی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکە، ئاشکرا بوون، دووبارە بە پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی ڕەشبگیری و کۆچکردن و پاڵنانی کۆمەڵگە، چ هێزێک هەیە لەگەڵ بەڵگەنامەکانیدا لەبەرچاو دەگیرێت.

 

گرنگترین شت ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاگاداری ئەو پلانانە و سیخوڕەکانیانن، زۆربەی ئەو سیخوڕانە دەستبەسەر کراون و ئامانجی میت و ئەنەکەسە و پاراستن تێکشکێنراون.

 

لە کۆتایی بەرنامەکەدا بانگەوازێک هەیە بۆ ئەوەی ژنان و گەنجان و کۆمەڵگە ئاگاداری هەموو شێواز و ئامانجەکانی داگیرکەران و خیانەتکاران بن. داوا لە هەموو بینەران دەکرێت "خۆشەویستی بۆ وڵات لە دڵی منداڵەکانیاندا بچێنن، بۆ ئەوەی لە دژی ئەم پلانانە نەبنە پاروویەکی ئاسان. دیاری کراوە کە پەیوەندی مرۆیی و کۆمەڵایەتی، یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکڕیزی گەلان وەڵامی هەموو سیخوڕ و پلان و هێرشەکانە".