٨٧ تەرم لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دارفۆری ڕۆژئاوای سودان دۆزرایەوە
چالاکییەکانی لوتکەی "وڵاتانی دراوسێی سودان" کە قاهیرەی پایتەختی میسر میوانداریی کردبوو، بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان کۆتاییهات.
ناوەندی هەواڵ
بەشداربووانی لوتکەی "وڵاتانی دراوسێی سودان" کە ڕۆژی ١٤ی تەمموز لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو، نیگەرانی زیاتری خۆیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی و مرۆیی لە سودان دەربڕی.
لەم بەیاننامەیەدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سودان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سودان، داوا لە لایەنە ناکۆکیەکان کرا کە واز لە پەرەسەندنی گرژیەکان بهێنن و پابەند بن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەردەوام بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە قەیرانەکەدا کردەوە؛ چونکە ئەم جۆرە دەستێوەردانانە ململانێکان درێژ دەکەنەوە و ڕێگری لە هەوڵەکان دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەڕ و گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕێککەوتوو، کە سەقامگیری و ئاسایش لە سودان بگەڕێنێتەوە. جگە لەوەش، دەیانویست لایەنەکان بەشداری "دیالۆگێکی هەمەلایەنە" بکەن، بۆ ئەوەی بە یەکەمایەتیدان بە "ئارەزو و بەختەوەری گەلی سودان"، بەم شێوەیە "سەقامگیری و ئاسایش" بگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە.
ئەنجومەنی حوکمی سودان و هێزی پشتیوانی خێرا پێشوازییان لە ئەنجامی کۆبوونەوەی "وڵاتانی دراوسێی سودان" کرد، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان هێزی پشتیوانی خێرای بە "بەرپرس لە کوشتنی ٨٧ کەس لە ڕۆژئاوای دارفور و ناشتنیان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ" دانا.
سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان پشتڕاستی کردەوە، دادگاکە بەدواداچوون بۆ تۆمەتەکانی کوشتنی ٨٧ هاوڵاتی مەدەنی لە دارفۆری ڕۆژئاوا لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەکات، لە ڕاپۆرتێکیشدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و بە ئاماژەدان بەوەی کە کوشتارەکانی ئەم دواییە ڕەنگدانەوەی تاوانەکانی ساڵانی ٢٠٠٠ە، وتی: ئێمە لە ناوەڕاستی کارەساتێکی مرۆیی داین.
ئاماژە بەوەشکرا، لێکۆڵینەوەکە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لە دارفور ئەنجامدراون، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دراوە بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و وتی: لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لەم بارودۆخەی ئێستادا، سەرەتای شەڕ لە ناوچەکەدا.
پێشتر سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی سودان ڕێککەوتن لەسەر دانانی میکانیزمێکی وەزاری بۆ ڕاگرتنی ململانێی نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی سودان و گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ ئەم قەیرانە، هۆشدارییان دا لە لێکەوتە گەورەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
بەپێی دوایین لێدوانی وەزارەتی تەندروستی سودان و نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٣ هەزار کەس لەو ململانێیانەدا کوژراون و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون، زیاتر لە ٣ ملیۆن کەسیش لە ناوەوە و دەرەوە ئاوارە بوون ئەم وڵاتە.