دوو ژن و ١٣ منداڵی چەتەکان ڕادەستی ئیسپانیا کران

بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا دوو ژن و ١٣ منداڵی چەتەکانی داعشیان ڕادەستی ئیسپانیا کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کردووە و پێکەوە کۆبوونەتەوە

 

گویلەرمۆ ئەنگویرا، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا دوێنێ لەلایەن فەنەر ئەلگیت، جێگری هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خالید ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی جێبەجێکار، لانە حسێن، ئەندامی نووسینگەی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" ، هوەیدا محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنان پێشوازییان لێکرا.

 

هەر لەدیدارەکەدا هەردوولا بارودۆخی سیاسی سوریا و پێویستی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و بارودۆخی مرۆیی و ئابووری و ئەمنی ناوچەکەیان هەڵسەنگاند.

 

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، ئەلگیت ڕایگەیاندووە، کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیالۆگی نەتەوەیی سوریا لەسەر دامەزراندنی ئاسایش و چارەسەرێکی سیاسی و پاراستنی یەک پارچەیی سوریا دەبەستێت، ئەوەشی خستەڕوو کە یەکپارچەیی سوریا بە دەرکردنی داگیرکەران کۆتایی بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی ناسنامەی سوریا دەستپێدەکات.

 

ئەوەش ڕاگەیەندراوە کە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دوو ژن و ١٣ منداڵی چەتەکانی داعش بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی نێوان هەردوولا ڕادەستی ئیسپانیا کراون.