هەڵمەتی جیهانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاری؛ یەکبگرن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان

لە جیهانێکدا هەر ١١ خولەکێک کچێک یان ژنێک دەکوژرێت، ژنان بۆ کەمکردنەوەی ئەم توندوتیژییەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

ساریا دەنیز

 

ناوەندی هەواڵ- زیاتر لە ٦ دەیە ژنان لە سەرتاسەری جیهان لە دژی ئەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە تایبەت لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ئەو ڕۆژەی دەستدرێژی کرایە سەر خوشکەکانی میرابال و کوژران، دەڕژێنە شەقامەکان و بەرەنگاری دەبنەوە.

 

خوشکانی میرابال بەهۆی خەباتیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دژی ئیدارەی ترۆژیلۆ چەندین جار دەستگیرکران و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کرا و دەست بەسەر موڵک و ماڵی خۆیاندا گیرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەستبەرداری خۆڕاگری خۆیان نەبوون، هەموو هەوڵەکانی دیکتاتۆریی بۆ ڕاگرتنی خوشکەکان ئەنجامگیر نەبوون، بۆیە لە کاتی گەڕانەوەی سێ خوشکەکە لە زیندان، دەستدرێژییان کراوەیە سەر و کوژران، تەرمەکانیان لە لوتکەوە فڕێدران، میدیاکانیش ڕووداوەکەی ئەو کاتەیان بە ئەنجامی "هاتوچۆ" وەسف کرد، بەڵام کەس باوەڕی بەو چیرۆکە دروستکراوە نەدەکرد.

 

خەبات و مەرگی خوشکانی میرابەڵ کە بە پەپوولە ناسراو بوون، کاریگەری لەسەر هەموو وڵات دانا و خەباتەکە چڕتر بووەوە تا دیکتاتۆریەتی ترۆژیلۆ ڕووخێنرا، خوشکانی میرابال ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە هەوڵەکانی ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت، بۆیە ئەو ڕۆژەی کە تیایدا کوژران، ٢٥ی تشرینی دووەم بوو، هەر ئەو ڕۆژەش بووە هێمایەک بۆ هەموو جیهان و ڕۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.

 

خەباتی جیهانی لەپێناو ژناندا

ڕۆژی خەبات دژی توندوتیژی بۆ یەکەمجار لە ٢٥ی تشرینی دووەم لەلایەن ژنانی ئەمریکای باشوور و کاریبی لە کۆنگرەکانیاندا ڕاگەیەندرا، ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژی کورتەیەک لە چۆنیەتی تێکەڵبوونی توندوتیژی لەگەڵ توندوتیژی دەوڵەتیدا دەخاتەڕوو، هەروەها گوزارشت لە پێویستی خەباتی ژنان دەکات، ڕۆژێکی مێژووییە کە ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای هەڵوێستیان لە دژی توندوتیژی کرد.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩ی ناساند و لەو کاتەوە تا ئێستا ژنان لە گۆڕەپانەکاندان بۆ ئەوەی لە هەموو جیهاندا دژی توندوتیژی بوەستنەوە.

 

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان: یەکبگرن

ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی تشرینی دووەم، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێکردنی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە دروشمی "یەکبگرن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان" ڕاگەیاند، کە تا ١٠ی کانوونی دووەم کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبێت، هەروەها ڕەنگی پرتەقاڵی  هەڵبژێردرا وەک هێما بۆ نوێنەرایەتیکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر و دوور لە توندوتیژی دژی ژنان و کچان.

 

هۆکاری هەڵبژاردنی دروشمی "یەکبگرن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان" وەک دروشمی چالاکییەکانی ئەمساڵ بۆ هاوتابوونە لەگەڵ بزوتنەوەی منیش-ME TOO، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لەلایەن چالاکوان تارانا بورکەوە دەستیپێکرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی جیهانی، بزوتنەوەکە  پێناسەی کۆتاییهێنان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان بوو، کە لە ئەنجامدا هۆشیاری بێ وێنە گەشەی کرد بەهۆی کاری ماندوو نەناسانەی چالاکوانانی مەیدانەکان، بەرگریکارانی مافی مرۆڤی ژنان و ڕزگاربووان لە جیهاندا، هەموو ئەم هەوڵانە لەسەر ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان بوو.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە هەڵمەتی "یەکبگرن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان" بۆ ئەمساڵ ئامانجی کۆکردنەوە و چالاککردنی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگاکانە لە هەموو وڵاتانی جیهان لە بواری ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان، و هاوسۆزی لەگەڵ چالاکانی مافی ژنان و پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی ژنان لە هەموو بەشەکانی جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشەکشە لە مافی ژنان و داکۆکیکردن لە جیهانێکی دوور لە توندوتیژی دژی ژنان و کچان.

 

جەختی لەوەکردەوە کە توندوتیژی دژی ژنان و کچان یەکێکە لە بەربڵاوترین و بەردەوامترین و تێکدەرترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهانی ئەمڕۆماندا، و تا ئێستاش تاڕادەیەکی زۆر نادیارە بەهۆی ئەو بێ سزای و بێدەنگی و چەواشەکارییەی کە دەوری داوە، ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی شێوازی جەستەیی، سێکسی و دەروونی هەیە، لەوانەش توندوتیژی (لێدان، دەستدرێژی دەروونی، دەستدرێژی هاوسەرگیری، ژنکوژی)، هەروەها توندوتیژی سێکسی و هەراسانکردن (دەستدرێژی سێکسی، کردەوەی سێکسی زۆرەملێ، ئازاردانی سێکسی نەخوازراو، دەستدرێژی سێکسی بۆ منداڵان، هاوسەرگیری زۆرەملێ، شەقام هەراسانکردن، داوێنپیسی، هەراسانکردن).

 

جگە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە (کۆیلایەتی و ئیستغلالکردنی سێکسی)، خەتەنەکردنی مێینە، هاوسەرگیریی منداڵان، تێبینیکردنی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و کچان کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی و سێکسی و زاوزێی ژنان لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیاندا هەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە توندوتیژی دژی ژنان هێشتا بەربەستێکە لە پێناو بەدەستهێنانی یەکسانی و گەشەپێدان و ئاشتیدا.