فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەستپێدەکات

بڕیارە لە ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم، ١٣یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەستپێبکات و  تا ٣١ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

١٣یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە ٢٦ی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و تا ٣١ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، فێستیڤاڵەکە، کە گرنگی بە پرسی ژن دەدات، دروشمەکەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبێت و بە موزیک و گۆرانی کوردی بەڕێوەدەچێت.

 

فیلمی "دراوسێ" دەبێتە فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکە، کە لە دەهێنانى مانۆ خەلیل دەرهێنەرى کوردى ڕۆژئاوای کوردستانە، فێستیڤاڵەکە رۆژانە بە نمایشکردنى چوار فیلم درێژە بە چالاکەییەکانی دەدات.

 

لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا ٢٨ فیلم، ١٠ فیلمى دیکۆمێنتارى، ١١ کورتەفیلم و دوو فیلمى ئەنیمەیشن نمایش دەکرێن، هەروەها پانێڵێکیش سەبارەت بە کوشتن و مافی مرۆڤ پێشکەش دەکرێت.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی باشترین فیلمی کوردی، خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلم و خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵ و خەڵاتێکیش بەناوی ئەرهان ئۆرس، سینەماکاری باکووری کوردستان، کە ئەمساڵ لە تورکیا دەستبەسەرکرا و ئێستا لە زیندانە، دابەش دەکرێن.