ڕانیە، ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە ئاهەنگێک بەرز ڕاگیرا

لە ڕانیە بە ئاهەنگێک ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرز ڕاگیرا و ئاماژە بەوەدرا کە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرخۆدانی گەورەی پێویستە.

ڕانیە

 

شەوی ڕابردوو لەناو پارکی دەروازە لە شاری ڕانیەی هەرێمی ڕاپەڕین، بە ئاهەنگێک نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشووری کوردستان دەیەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانی بە بەشداری گروپی هونەری کۆما ڕۆژئاوا و بەشداری هاوڵاتیانی بەرز ڕاگرت.

 

دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان، لێمان شویش، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان باسی لەوەکرد کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان بووە مۆدێلێکی نوێی شۆڕش لە جیهاندا و چاوی جیهانی لەسەربوو، تا ئێستاش کوردان و گەلانی جیهان مۆدێلی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە نمونە وەردەگرن و ئەو شۆڕشە بە گوڕ و بەهێزتر دەبێت.

 

لێمان شوێش داوای لە گەلی کورد لە کوردستان کرد کە خاوەن هەڵوێست بن و دژی هێرشەکان لە تێکۆشاندا بن، تا دەستکەوتەکانی گەلی کورد کە بە خوێنی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی شەهید بەدەستهاتووە بپارێزرێن.

 

لە درێژەی ئاهەنگەکەدا بەڵگە فیلمێک لەبارەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە نیشاندرا و بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی ئاهەنگەکە کۆتایی پێهات.