١٨ ژن لە ڕووباری ئیندوس لە پاكستان خنكان

لە پاکستان بەلەمێک کە ١٠٠ کەسی تێدابوو لە ڕووباری ئیندوس نوقم بوو و لە ئەنجامدا ١٨ ژن گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی پاکستان ئاشکرایان کرد، لە ڕووباری ئیندوس بەلەمێک، کە ١٠٠ کەسی لە یەک خێزان هەڵگرتبوو دەچوون بۆ ئاهەنگێکی هاوسەرگیری، نوقم بووە و بەهۆیەوە لانیکەم ١٨ ژن گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

 

رێنا کاشیف، وتەبێژی ئیدارەی هەرێمی سەدیق ئاباد ڕایگەیاند، ٢٥-٣٠ کەس لەلایەن هاوڵاتیانی نیشتەجێی کەناری ڕووبارەکە یان بە مەلەکردن ڕزگار کراون، "تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا".

 

ئەفسەرێکی پۆلیس بە ناوی محەمەد حەمەد دەڵێت، زۆربەی ئەو کەسانەی خنکاون ژنن، چونکە زۆربەی پیاوان مەلە دەکەن، بەڵام ژنان نازانن چۆن مەلە بکەن، بەهۆی ئەوەی سروشتی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵگەی پاکستان ڕێگری دەکات لەوەی ژنان فێری مەلەکردن بن.