بە پێی یاسا ژنان دەبێت حیجاب بپۆشن
لە ئێران لە سەرجەم دامودەزگاکانی حوکمەتدا بە پێی یاسا ژنان ناچار بە پۆشینی حیجابی زۆرەملێ دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی هەینی ٣ی حوزەیران "عەلی خان محەمەدی" وتەبێژی بارەگای "فرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە" ڕاگەیاندنی یاسای حیجابی بۆ ژنان لەلایەن وەزیری ناوخۆوە بۆ سەرجەمی دامودەزگاکان ڕاگەیاند و وتی: "پێویستە ئەم یاسایە لە قۆناغی یەکەمی دەزگاکانی حکومەتدا دەستپێبکات و تەواوی کۆمەڵگا لە قۆناغی دواتردا بگرێتەوە".
عەلی خان محەمەدی وتیشی: "جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانی گشتگیری حیجاب لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ڕاگەیەندراوە و بەرپرسیارێتی بارەگای جێبەجێکارەکەشی بەناوی بارەگای ١٢ی تەمموزەوە گەیەندراوەتە بارەگای فرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە، قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەلایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە دەستپێدەکات و دواتر سەرجەمی کۆمەڵگا لە خۆدەگریت".
عەلی خان محەممەدی ڕاشیگەیاند: "دوای ڕاگەیەندراوەکە، بەیاننامەیەک بۆ بەرپرسانی سەرتاسەری وڵات و تەنانەت پارێزگارەکانیش نێردراوە و هەمووان ئاگاداری پێکهاتەکانی ئەم پلانەن، هەروەها تایبەتمەندییەکانی پاکی و حیجاب بە ژن ڕاگەیەندراوە و لەمەودواش هیچ پاساوێک نییە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا و دەبێت دەسەڵاتدارانی هەر دامەزراوەیەک پەیوەندی بکەن و سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بکەن و هەرکەس پێشێلی بکات سزای یاسای وەردەگرێت".
هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ڕژێمی ئیسلامی ئێران هەمیشە کار لەسەر ژنان دەکات و پاساو دەدۆزێتەوە بۆ سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.