لە عێراق "لیژنەی لێکۆڵینەوە" لەسەر هێرشەکانی تورکیا دامەزرا
سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان بە بڕیاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دامەزرا.

ناوەندی هەواڵ
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانیی دامەزراندووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی سنووری عێراق.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بە پێکهێنانی لیژنەکە کراوە و تێیدا هاتووە: "کۆمسیۆنی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان بە وردی باسی ئەو هێرشانەی سوپای تورکیا لەسەر شار و شارۆچکە و گوندەکان کردووە، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیان و ماڵی هاوڵاتیان، کۆمیسیۆن لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دامەزراند، بەم زووانە سەردانی ئەو ناوچانە دەکات کە دەوڵەتی تورکیا هێرشی دەکاتە سەر، دواتر لیژنەکە ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکات بۆ ئەوەی پێشکەشی پەرلەمانی بکات".