٢٨ ساڵ بەسەر ڕێپێوانی ژنان بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆ تێپەڕی

٢٨ ساڵ بەسەر ڕێپێوانی ژناندا تێپەڕی، ژنان لە شاری سلێمانییەوە بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆی ساڵی ١٩٩٤ بەرەو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێکەوتن و داوای ئاشتی و وەستاندنی شەڕی ناوخۆیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و بەرکەوتنی زیانی گەورە بە دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕینی هەرێمی کوردستان و داخستنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناکۆکی نێوان یەنەکە و پەدەکە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی ١٩٩٤دا ژنان ڕێپێوانێکیان لە شاری سلێمانییەوە بۆ بەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر ڕێکخست و داوای ئاشتی و وەستاندنی شەڕی ناوخۆیان کرد.

 

لەو بارەیەوە سەیوان ڕۆستەم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی ژنانی کوردستان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی مێژوو و چۆنیەتی ڕێکخستنی ڕێپێوانی ژنان ئامادە کردووە.

 

سەیوان ڕۆستەم وەها دەنووسێت:

"لە ٢٤/٥/١٩٩٤دا دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ژنان بڕیارێكی مێژووییاندا كە دەبێت ڕۆڵێك بگێڕن جیاواز لە شێوازەكانی پێشوو وەك بەیاننامە ‌و یاداشت، ڕۆڵێك بێت كە سروشتی ئاشتیخوازانەی ژنانەی تیا بەرجەستە بێت بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ كوردستان.

 

لەدەستپێشخەرییەكی كەم وێنەدا بەسەرپەرشتی یەكێتی ژنانی كوردستان، بڕیاریاندا ڕێپێوانێك ڕێكبخەن‌ و هەولێری پایتەخت بكەنە ڕووگە ‌و نەوەستن تا دەگەنە پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستان، لە بەردەم پەرلەمان ‌و حكومەت كە بەرهەمی خەباتی چەند ساڵەی پێشمەرگە ‌و خوێنی شەهیدانن بە نوێنەرایەتی هەموو ژنان داوایان لێبكەن ئەم شەڕە ڕابگرن‌ و كارێك نەكەن ئەم ئەزمونە لەناوبچێت و پێشمەرگە‌و مرۆڤی كورد ببنە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی و داوایان لێبكەن كە دەبێت: ناكۆكییەكان بە گفتوگۆ‌ و دانوستان چارەسەر بكەن، نەك بە شەڕی براكوژی كە هیچ لایەنێك براوە نییە لەشەڕدا.

 

٢٠٩ ژن لە دایك ‌و خوشكی شەهیدانی شەڕی ناوخۆ ‌و ژنانی لایەنەكان‌ و ژنانی سەربەخۆ و ئاشتیخواز لە گەنج ‌و پیر ‌و خوێندەوار ‌و نەخوێندەوار، لە هەموو چین‌ و توێژێك كەوتنە ڕێگە بۆ بەرگرتن لە شەڕی خۆكوژی، شار و گوند و چەم‌ و دۆڵیان بڕی‌ و بێگویدانە مەترسی ئەو ڕێگە درێژە، تا گەیشتنە ناو پەرلەمانی كوردستان ‌و داوایان لێكردن بە زووترین كات بێنەوە پەرلەمان و كۆتایی بەشەڕ بهێنن ‌و توانیان پەرلەمان بخەنەوە گەڕ ‌و لەسەر داوای ئەمان لیستی سەوز گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئاشتی و بەدەنگەوە هاتنی پەیامی ژنانی ئاشتیخواز.

 

ئەو ژنانە ٨ ڕۆژ لە پەڕلەمان مانیان گرت ‌و ڕۆژانە نوێنەریان سەردان ‌و پەیوەندیان بە هەموو سەركردایەتی حیزبەكانەوە دەكرد، ئەگەرچی ژمارەی ئەو ژنانەی لە سلێمانییەوە ڕۆشتبوون ٢٠٩ ژن بوون، بەڵام لە هەولێر ‌و هەموو شارەكانی تری كوردستانەوە دەستە دەستە ژنان بۆ پشتگیری دەڕژانە سەرشەقامەكان ‌و تێكەڵ بە ژنانی ئاشتیخواز دەبوون لە پەڕلەمان.

 

دروشمەكانی ژنانی ئاشتیخوازیان دەوتەوە ‌و دەنگیان دەخستە پاڵ دەنگیان‌و هەموو ڕۆژێك زیاد لە هەزار ژن لە بینای پەرلەمان كۆدەبوونەوە ‌و پشتیوانی خۆیان بۆ داوا ڕەواكانی ژنانی ئاشتیخواز دووبارە دەكردەوە، جگە لە جەماوەری ڕۆشنبیران ‌و چین و توێژە جیاكانی كوردستان، تەنانەت ڕێكخراوەكان ‌و كەسانی ئاشتیخوازی پارچەكانی تری كوردستان بە ئامادەبوونیان بە دەركردنی بەیاننامە پشتگیریان لەو هەڵوێستەی ژنان دەكرد، زۆر لە كوردانی نیشتەجێی هەندەران بەشانازییەوە هەڵوێستی ژنانیان بەرز دەنرخاند ‌و داوایان دەكرد دەبێت وەڵامی ئەو ژنانە بدرێتەوە ‌و ئەم شەڕە ڕابگیرێت.

 

ئەم ڕێپێوانە مێژوویەكی كەم وێنەیە لە خەباتی ژنانی كوردستان‌ و ئەوە یەكەمجار بوو كە ژنان بەبێ‌ جیاوازی بەشداری بكەن لە پرسێكی چارەنووسسازی نەتەوەیدا ‌و بەڕاشكاوی هەڵوێستی خۆیان دەربڕن.

 

ئەگەرچی ئەم چالاكییە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لە میدیا نێودەوڵەتییەكاندا بایەخێكی زۆری پێدرا ‌و ڕۆژانە ڕوماڵی تایبەتی چالاكیەكانی ژنانی ئاشتیخواز دەكرا‌و هەردوو لایەن دەستخۆشیان لەو هەوڵەی ژنان كرد، بەڵام شەڕ كۆتایی نەهات.

 

ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ٢٨ ساڵ بەسەر ئەو ڕێپێوانەدا ‌و دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری بەشدارانی ڕێپێوان بە ئاواتی بەرقەرار بوونی ئاشتی، كۆچی دواییان كرد‌ و بەو ئاواتەوە سەریان نایەوە، زۆرێك بەرەو هەندەران ڕۆشتن ‌و سەریان هەڵگرت ‌و ئەو ئاواتە هەر نەهاتە دی.

 

ئێستاشی لەگەڵدا بێت مەترسی شەری ناوخۆ هێشتا نەڕەویووەتەوە، بۆیە پێویستە ژنان هەرگیز كۆڵ نەدەن‌ و هەمیشە فشاربن بۆ ئارامی و سەروەری یاسا لە كوردستاندا."

 

سەرچاوە: سەیوان ڕۆستەم – سایتی تەوار