سلێمانی، ئیلهام ئەحمەد دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەخاتەڕوو؛ قەیرانەکان کاریگەری لەسەر جیهان هەیە

لە سیمینارێکدا ئیلهام ئەحمەد، ڕەوشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای ڕوونکردەوە و تیایدا باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا بە پروپاگەندە و هێرش بۆسەر ڕۆژئاوا دەیەوێت میساقی میلی و دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، سیمینارێکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواین گۆڕانکارییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا- ڕۆژئاوای کوردستان- بۆ ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕێکخست.

 

سیمینارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر ئیلهام ئەحمەد باسی لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی ئەو قەیرانانەی بوونیان هەیە کاریگەری کردووەتە سەر تەواوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو شەڕانەی لە دوای شەڕی جیهانیی سێیەمەوە ڕوویانداوە بە تایبەت شەڕی ئۆکراینا، کاریگەری لەسەر ئەوروپاش کردووە، بۆیە قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و کلتووری کاریگەری گەورەیانه هەیە و وەهاش دەبینرێت هەر بەردەوام بێت.

 

"وڵاتی سوریا بەسەر سێ بەشدا دابەشبووە"

ئیلهام ئەحمەد لەسەر ڕەوشی وڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو وڵاتە بووەتە سێ بەش، بەشێک لە ژێر کاریگەری ڕژێمی بەعس، بەشێکی دیکە لەژێر کاریگەری خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەشێکی دیکە لە ژێر کاریگەری چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

"دەرئەنجامی ئەمەش ئەو دۆخەیە کە سوریای تێکەوتووە، لایەنەکانی کە لە سوریادا باڵادەستن و وڵاتانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوروپا تا ئێستا نەکەوتوونەتە ناو ڕێککەوتنێکەوە لە بەرژەوەندی سوریادا بێت، سەرەڕای دانانی کۆمیتەیەک تایبەت بە دانانی دەستورێک بۆ سوریا و ڕێوشوێنی دیکە، بەڵام ئەوا ماوەی ١١ ساڵە ململانێکان هەر بەردەوامن و ڕێککەوتنێک دروست نەبووە، هەرچی دەوڵەتی تورکیاشە بە هەموو جۆرە بیانوویەک دەیەوێت دەست بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا بگرێت و دەوڵەتی عوسمانی و میساقی میلی زیندوو بکاتەوە، هەموو ئامانجی هێرشە جۆربەجۆرەکانی لەناوبردنی نەتەوەی کوردە".

 

سەبارەت بە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەڕای بوونی شەڕ لە ناوچەکەدا، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا گەل بەردەوام لە خۆبنیادناندان، ئەگەرچی ڕۆژ بە ڕۆژ فشارەکان لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاد دەکات، دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هەوڵدەدات هەرێمەکان بکاتە ژێر فشاری خۆیەوە و هێرش دەکات، دەخوازێت ئەو هاوکارییانەی دەدرێتە قەسەدە ببڕێت، بۆ ئەوەش بەردەوام بانگەشە و چەواشەکاری بوونی تیرۆر لە ناوچەکەدا دەکات، بەڵام گەل لەبەرامبەر ئەوەدا وەستاوەتەوە، "گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاستی و پیلانگێڕیەکان ئاگادارن بەردەوام لەناو بەرخۆدان و هەڵوەشاندنەوەی پیلانگێڕییەکاندان و هەوڵی بونیادنانی خۆبەڕێوەبەری خۆیان دەدەن".

 

"ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان کاریگەریان لەسەر یەک هەیە"

شۆخان میرزا، چالاکوانی مەدەنی دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بە نوژنهای ڕاگەیاند: ئەو ڕەوشەی ڕۆژئاوای کوردستان پیایدا تێپەڕدەبێت ڕەوشێکی خراپە وەک چۆن لەم دواییانەدا بینیمان ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستانیش بە هەمان ڕەوشدا تێپەڕدەبێت، هەروەها شەنگالیش بێبەش نەبووە لە هێرشەکان، بێگومان هەر ناوچەیەکی کوردستان ڕووبەڕووی داگیرکاری ببێتەوە لە پارچەکانی دیکەشدا ڕەنگدانەوە دەبێت.

 

"وەک کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە سیاسییەکان بە تایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرمانە هەمووان یەک دەنگ بین دژی ئەو داگیرکاریانەی ڕووبەڕووی هەرێمەکەمان دەبێتەوە"، ئەو چالاکوانە جەختی لەوەشکردەوە دەوڵەتی وترکیا ئامانجی سەرەکی نەتەوەی کوردە، بۆیە لە هەرشوێنک کورد هەبێت لێی دەدات، چونکە سەدەها ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکات ناسنامەی کوردی بسڕێتەوە.