ژنانی تونسی کە ماسیگری و کشتوکاڵ دەکەن پشتیوانیان دەوێت

ئەو ژنانەی کە لە تونس لە بواری کشتوکاڵ و ماسی گرتن کاردەکەن، ڕووبەڕووی چەندین زەحمەتی بوونەتەوە و تیشک دەخەنەسەر کاریگەری قەیرانی ئابووری و دەوڵەت، کە پێویستە لە هەموو بوارەکاندا پشتگیری ژنان بکات.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس- لە شاری ئەندەلوسی تونس بەهۆی نزیکی ڕووباری مەجەر بەرهەمی ئابووری زیاتر لە کشتوکاڵدا بەدەستدەهێندرێت، بەشێکی دیکەی ژنانی ئەندەلوس ماسیگرن و بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٣٥٠ ژن لەم کەرتەدا کار دەکەن، یەکینەی ژنانی گوند و یەکێتی کشتوکاڵ و ماسیگرەکانی تونسیش پشتیوانی لەو ژنانە دەکەن، کە لە بواری کشتوکاڵ و ماسیدا کار دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بۆ ئەوەی شوێنی زیاتر بکەنەوە و بەرهەمەکانیان بفرۆشن.

 

"کارێکی قورس و گرانە"

نورە بن ئەحمەد، یەکێک لەو ژنانەیە تۆڕی ماسی دروست دەکات، وتی: درووینی تۆڕ کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە، نابێت هەڵە بکەین، ئەوە کارێکی قورسە و پێویستی بە سەرنجی ورد هەیە، چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت بۆ ئەوەی تۆڕەکان دروستبکرێن، بۆیە کاتێک کات تێدەپەڕێت، ژنان هەست بە ئازارێکی توند دەکەن لە پشت و ملیاندا، هەروەها بەهۆی ساردی زەوییەوە قاچەکان تووشی هەوکردن دەبن، ناتوانین سوود لە چارەسەر وەربگرین چونکە ئێمە ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان نییە.

 

نورە بن ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لە گەورەکانی خۆیەوە فێری تۆر دروستکردن بووە و ئێستا کچەکەی خۆی فێر دەکات، هەروەها سەرەڕای سەختی و دژواریی لە هەرێمدا چەندین ژن لەناو دوکانی تۆڕەکاندا کار دەکەن.

 

"بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە وازم لە کارەکەم هێناوە"

حەبیبە بن ڕەجەب، ئاماژەی بەوەدا، ئەو تۆڕ دروستکردن لە خوشکەکەیەوە فێربووە و وتی: هەرچەندە ئەم کارەم زۆر خۆش دەوێت، بەڵام ئازار لە شان و پشتمدا دروستبووە، لەبەر کێشەی تەندروستیم، ناچار بووم واز لە کارەکەم بهێنم، بەدوای کاری جیاوازدا دەگەڕێم و هیوادارم کارێکی باش بدۆزمەوە.

 

کەریمە بن ئەحمەد، کە لە تەنیشت ماڵەکەیەوە لە زەوییەکدا خواردن بە مەڕەکانی دەدات، گلەیی لە نرخی مەڕەکان دەکات و وتی: بەهۆی گرانی بەهای خۆراکی ئاژەڵەکان کێشەیەکی جدییان هەیە و ئاژەڵەکان تووشی نەخۆشی بوون و دەمەوێت دەسەڵاتداران کار بکەن بۆ یارمەتیدانی ئاژەڵەکان بۆ خواردن، ئاژەڵداری بژێوی سەرەکی خێزانەکەمە، بۆیە ئەستەمە وازی لێبهێنم.

 

لە دۆزینەوەی کار کێشە هەیە

تورکیە بن مەحرز دەرچووی بەشی کارگێڕی داراییە و تیشکی خستەسەر ئەو گرفتانەی کە بەهۆی قەیرانی ئابووری ڕووبەڕووی بوونەتەوە و وتی: هەرچەندە دەرچووی زانکۆم، بەڵام کێشەی دۆزینەوەی کار هەیە و ئێستا لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکە، دەمەوێت پڕۆژەکانم سەرکەوتوو بێت و پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پەرە بە تێکۆشان بدەن".

 

ساڵحە سەعید بن حەمید، کە لە هەمان بواردا کاردەکات، وتی: دەبێت ژنان دڵنیا بن و تیکۆشان بکەن بۆ بونیادنانی ژیانێکی نوێ.

 

لە بواری کشتوکاڵی سروشتیدا کاردەکەن

مەڕوە بن حەمیدە، دەرچووی زانکۆ، کە لە پیشەسازی خۆراکدا کار دەکات، وتی:  دوای چوار ساڵ وازم لە کارەکەم هێنا و لە دەزگایەکی پیشەسازیدا ڕاهێنانم کرد لە گواستنەوە و پێچانەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لەو کاتەدا فێربووم چۆن هەموو جۆرە کشتوکاڵێک بکەم، من سەرەتا لە ماڵەوە کارم کرد و دواتر دەستم کرد بە کارکردن لە کارگەیەکی بچووک.

 

لەمیا قوم ڕەجایبی، بەڕێوەبەری یەکەی ژنانی جووتیار لە یەکێتی کشتوکاڵ و ماسیگرتنی تونس ڕایگەیاند، "سەردانەکەمان پێکهاتبوو لە قسەکردن لەگەڵ ژنانی جوتیار و هەندێک کەرتی دیکەدا، وەک ماسیگرتن و گواستنەوە، بۆ گوێگرتن لە کێشەکانیان و زاڵبوون بەسەر سەختییەکانی بەردەمیان، و پێشکەشکردنی هاوکارییان.