"وەزارەتی تەندروستی دەیەوێت خۆی لە ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بدزێتەوە"
ئەمڕۆ لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، لە دژی بە تایبەتکردنی کەرتی تەندروستی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەسترا و ڕایانگەیاند، "جێگای سەرنجە لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی بێدەنگی هەڵبژاردووە و دەیانەوێت خۆیان لە ئاست ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بدزنەوە".
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە بەردەم نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە دژی بە تایبەتكردنی کەرتی تەندروستی، کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری بە هاوبەشی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیەندراوێک لەلایەن شنە عەلی، چالاکوان خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، "نزیکەی مانگێکە وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەهلیدا ئیمزا کردووە و کە ئەمەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتوەتەوە، جۆرەها کار و چالاکی لێکۆڵینەوە دژ بەو کارە ئەنجامدراوە تاکو کار گەیشتە ئەوەی وەزیری تەندروستی چوار دیدار و کۆنگرەی رۆژنامەوانی بە مەبەستی پاساو هێنانەوە بۆ ئەو گرێبەستە، ئەنجامداوە کە بە هەر جۆرێک بوایە دەیویست خۆی لەم بڕیارە کارەساتبارە بدزێتەوە.
شنە عەلی وتیشی: جێگای سەرنجە لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی بێدەنگی هەڵبژاردووە و دەیانەوێت خۆیان لە ئاست ناڕەزایەتی هاوڵاتیان بدزنەوە و مەبەستیشیانە بە بێدەنگی بڕیارەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵام ئێمە وەک کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری ڕایدەگەیەنین، گەر وەزارەتی تەندروستی پێداچوونەوە بەم کارەدا نەکات و بڕیارەکە هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوا ناڕەزایەتیەکانی شەقام بەردەوام دەبێت.