ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لە خەلیل لە ئەنجامدا سەدان خێزان بە زۆر ئاوارە دەبن
هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان لە شاری خەلیل لە باشووری کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو دەستپێکرد و گەمارۆی تەواویان سەپاند و سەدان خێزانیش بە زۆر ئاوارەبوون.
ناوەندی هەواڵ
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکانیان لە شاری خەلیل و ئۆتۆمبێلەکانیان هەڵمەتی بەرفراوانیان بۆ سەر چەند گەڕەکێکی نیشتەجێبوون ئەنجامداوە، ئەم هەڵمەتانە بریتی بوون لە هێرشکردنە سەر دەیان ماڵ و گەڕانیان و تێکدانی ناوەڕۆکەکانیان، هەموو ئەمانە لەکاتێکدا سنووردارکردنی توندیان بەسەر جووڵەی دانیشتوواندا سەپاند.
هێزەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری لەگەڵ ”شاباک” و پۆلیسی سنوور، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان لە شاری خەلیل دەستپێکرد، دوای هێرشێکی چەکداری کە بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی و برینداربوونی سێ سەربازی دیکە، ئەنجامدەرانی فەڵەستینی هێرشەکە لە کاتی شەڕێکی چەکداریدا کوژران کە نزیکەی بیست خولەکی خایاند.
ڕێوشوێنە مەیدانییە دەستبەجێیەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە چەندین لێکەوتەی لێکەوتووەتەوە، لەوانەش ئاوارەبوونی زۆرەملێی بەرفراوان، زیاتر لە ٢٥٠ بنەماڵەی فەڵەستینی ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و لە ناوچەکانی (فرش هوا) و (ئەبو ئەکتیلە) لە شاری خەلیل ئاوارەبوون، هێزەکانی ئیسرائیل داوایان لە خێزانە ئاوارەبووەکان کرد بۆ هەر خێزانێک تەنها یەک کیسە جلوبەرگیان لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن، لەگەڵ قەدەغەکردنی تەواوەتی بردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت، هەروەها گەمارۆی توندیان بەسەر شارەکەدا سەپاند و ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە شارەکە و شارۆچکەکانی دەوروبەری کرد، لە هەمان کاتدا هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان ئەنجامدا کە دەیان فەڵەستینییان کردە ئامانج.
سەرۆکی شارەوانی شاری خەلیل ڕایگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و دوکانەکانی شارەکە لەلایەن بولدۆزەرەکانی ئیسرائیلەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووخێنراون، هاوکات هێزەکانی ئیسرائیل لە ٢٦ شوێن لە سەرانسەری کەناری ڕۆژئاوا هەڵمەتیان ئەنجامدا، لەنێویاندا شارەکان، شارۆچکەکان و کامپی پەنابەران، لە نێوان هەڵمەتەکانی گەڕان و دەستگیرکردندا.
بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتی فەڵەستین، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە ساڵی ٢٠٢٣، لانیکەم هەزار و ١١٣ فەڵەستینی خەڵکی کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە کوژراون.