پۆلیسی ئەخلاق هێرش دەکات و ڕژێمیش بێدەنگە

نەفەس حاجی شەریفی ١٤ ساڵ دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە هێرشی کرایەسەر، سكاڵای تۆمار کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامی سکاڵاکەی نەدراوەتەوە و دایکیشی دەڵێت: سەرۆک کۆماری ئێرانیش بەڵێنەکانی نەبردە سەر

ناوەندی هەواڵ

 

میدیاکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بڵاویان کردەوە، دەسەڵاتدارانى ئێران وەڵامى سکاڵایەکى یاسایی کچێکى گەنجی ١٤ ساڵ بە ناوی نەفەس حاجی شەریف نادەنەوە، لە بارەى هێرشکردنە سەرى لەلایەن پۆلیسى ئەخلاقەوە، لەو بارەیەوە مریەم عەباسی، دایکی نەفەس ڕایگەیاند، مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە لایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاق هێرشکراوەتە سەر کچەکەم و لەدوای تۆمارکردنی سکاڵا و تێپەڕبوونی دوو مانگ و نیو بەسەر ڕووداوەکەدا، بەڵام دەسەڵاتداران تەنانەت دانیشتنێکی دادگایان لەسەر ئەم کەیسە ئەنجام نەداوە.

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتی دادوەری لە بەدواداچوونی کەیسەکە کەمتەرخەمە و لە ئێستاشدا کچەکەم دووچاری دڵەڕاوکێیەکی زۆر بووە، وتیشی: سەرۆک کۆماری ئێرانیش بەڵێنەکانی نەبردە سەر کە لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمساڵ بڕیاریدا دژی پۆشینی باڵاپۆشی زۆرەملێ بوەستێتەوە.

 

جێگەى ئاماژەیە، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ دژى دەستبەسەر کردنی ژینا ئەمینی لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق و گیان لەدەستدانی بەهۆی ئەشکەنجەدانی ناڕەزایی بەرفراوانی لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە کە بە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ناسراوە.