دادگای گەلانی ڕۆژئاوا بڕیاری سەرەتایی سەبارەت بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەرکرد
دوای دوو ڕۆژ دانیشتن لەسەر تاوانە جەنگیەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدراوە، دادگای گەلانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سووریا بە بێ ڕێگەدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانە".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/01/20250207-20250207-20250206-20250206-rm2l3705-jpgec4c09-image-jpg3160a0-image-jpg3cb944-image-750x430-jpgb153ea-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی تورک بەهۆی ئەو تاوانە جەنگییانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی داوە، لە دادگای گەلانی ڕۆژئاوا لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا دادگایی کرا، پاش دانیشتن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، دادگا ڕایگەیاند بڕیاری دەستبەجێ نادەن، بەڵام بڕیاری سەرەتایی ڕادەگەیەنن.
پاش پشوودان، سەرۆکی دادگا بڕیارە سەرەتاییەکانی ئاشکرا کرد.
ئاماژە بەوە کراوە شاندی دادگا لە دانیشتنی ٥٤ـی دادگای هەمیشەیی گەلان لە بەراوری ٥-٦ـی شووباتی ٢٠٢٥ دەوڵەتی تورکی دادگایی کردووە بەهۆی تاوانەکانی لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تا ئەمڕۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: ” دادگاییکردنەکە لەسەر داوای نۆ ڕێکخراو لە ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو، تۆمەتباران ئاگادارکرانەوە بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.
پێش هەموو شتێک سڵاو لە بوێریی گەلی ڕۆژئاوا دەکەین و بەتایبەتی سوپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە ئەزموونەکانیان بۆ ئێمە گێڕایەوە، سووپاسی داواکاری گشتیی و شایەتحاڵان و ڕێکخراوە بەشداربووەکان دەکەین کە بەڵگەی بەرفراوانیان پێشکەش بە دادگا کرد.
١– شایەتحاڵەکان
ئەو شایەتحاڵانەی گوێبیستیان بووین، سزای سیستەماتیک و بەردەوامیان لەسەر گەل ئاشکرا کرد، تاوانەکانیان چین؟ کوردبوون واتە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری و یەکسانی، ئامانج لەم سزایە لەناوبردنی شووناس و هەبوون و کەلتووری کوردە.
لە عەفرین کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن تورکیاوە داگیرکرا، گەلی کورد بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکران، ڕێژەی گەلی کورد لە ٩٠٪ بۆ ٢٥٪ دابەزیوە؛ ماڵەکانیان دەستی بەسەردا گیرا و عەرەبی سونە و تورکمان لە جێگەیان دانران کە بەشێکی زۆریان لەبەر هێرشەکانی حکومەتی سووریا هەڵهاتن، ماڵ و موڵکیان بە شێوەیەکی سیستەماتیک تاڵان کرا، تابلۆی دووکان و ناوی شەقامەکان گۆڕدرا بۆ تورکی، سیستەمی پۆستە و دراو گۆڕدرا بۆ لیرەی تورکی، زمانی پەروەردەش لە کوردییەوە گۆڕدرا بۆ تورکی، زەوییە کشتوکاڵییەکان و کارگەکان دەستیان بەسەردا گیرا، پیشەسازی زەیتوون کەوتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا و زەیتونەکان دووبارە خرانە پاکەت و وەک بەرهەمی تورکی فرۆشران.
زۆرێک لە کۆچبەران کە بێبەش بوون لە خزمەتی تەندروستی و بژێوی ژیان، ناچار بوون لە کامپە قەرەباڵغەکانی شەهبا نیشتەجێ بن، دوای شەپۆلێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەشێکی تریان لە هەرێمەکانی شەڕەوە ڕوویان لە تەبقە کرد، بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ١٢٠ هەزار کەس بە زۆرەملێ ئاوارە کراون و ٤٠٪ منداڵن و ٤٠٪ ژنن و ئەوانی دیکەش بەساڵاچوو و هەژارن، ڕاگەیاندرا کە ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا ئاوارە بوون ٣٠٠ هەزار کەسە.
هەندێکی دیکەش ڕوویانکردە تەلڕەفعەت، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ئەنجامی دوو بۆمب کە سوپای تورک بەسەر منداڵاندا باراندی کە لە شەقامی نزیک قوتابخانەیەک یارییان دەکرد، ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە هەشتیان منداڵ بوون، هەروەها نۆ کەس برینداربوون و هەموویان منداڵ بوون، شایەتحاڵێک ڕایگەیاند کوڕە پێنج ساڵەکەی کوژراوە و منداڵێکی حەوت ساڵانیشی بریندار بووە، هێرشی لەم جۆرە پاش داگیرکردنی عەفرین چەندین جار دووبارە بوونەتەوە.
شایەتحاڵەکان لە ئیفادەکانیاندا دووپاتیان کردووەتەوە، چالاکوانانی سیاسی و تیمەکانی فریاکەوتن بەشێوەیەکی میزاجی کوژراون، مرۆڤەکان بەزۆرەملێ بێسەروشوێن کراون و لە ٩ـی بەیانییەوە تا ٥ـی ئێوارە زینداندا ئەشکەنجەدراون و هاوار و ناڵاندنیان دەگەیشتە گوێی هەمووان، شایەتحاڵێک وتی: “ئەو ئازارەی لە دەستبەسەریدا بینیم، تا کۆتایی ژیانم هەستی پێ دەکەم”. ڕاگەیاندرا کە ژن و منداڵ بە زۆرەملێ ڕفێندراون، دەستدرێژی کراوەتە سەریان، قوتابخانە و وێستگەکانی شەمەندەفەر گۆڕاون بۆ زیندانی نهێنی و لە دادگاکانی ژێردەستی میلیشیاکاندا هیچ دادپەروەرییەک نەبوو.
٢– ئەو مۆدێلەی لە ئارادایە؛
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سووریا بە بێ ڕێگەدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانە.
بەڵگەکان نیشاندەری ئەوەن کە بۆردوومانکردن، هێرشی فڕکەی بێفڕۆکەوان، دڕندایەتی کە لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام دراوە، کۆچبەرکردنی خەڵک، کۆچبەرکردنی زۆرەملێ و گۆڕاندن و تێکدانی دیمۆگرافی، وێرانکردنی ئەنقەستی ژێرخانی ئاو و وزە، زیانگەیاندن بە ژینگە، وێڕانکردنی میراتی کەلتووری و دامەزراوە پەروەردەییەکان، ئەشکەنجە، دەستبەسەکردنی نهێنی و دەستدرێژی، هەموو ئەمانە تاوانە دژی یاسا نێونەتەوەییەکان، ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و شەڕدان و نیشاندەری ئامانجی قڕکردنن.
٣– پاراستنی تورکیا و نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا؛
تورکیا بانگەشەی ئەوەدەکات ئۆپەراسیۆنەکانیان بە ئامانجی “خۆی لە تیرۆرستانی ڕۆژئاوا دەپارێزێت” ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەموو ئەمانە بانگەشەی بێ بنەمان.
بەڕێوەبەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (مەسەدە) کە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا دامەزراوە، مۆدێلێکە لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەقینە، دادپەروەری، هاوبەشی ئەتنیکی، یەکسانی ڕەگەزی و ڕەگەزەکانی ئاشتییە، تورکیا هەوڵدەدات ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەناوبەرێت، هەروەها دەوترێت زۆرینەی ئەو گرووپە چەکدارییانە تورکیا پشتگیرییان دەکات، گرێدراوی داعشە.
٤– دۆخی ئێستای سووریا؛
هەرچەندە زۆرینەی بەڵگەکان لە ٢٠١٣ـەوە تا کۆتایی ٢٠٢٤ـە، پێشهاتەکانی کۆتایی وایکرد هەڵسەنگاندن لەسەر ئێستا و داهاتوو بکرێت، بۆ ئایندەی گەلی کورد گرنگ و کاریگەرە ئیدارەی نوێی سووریا، مەسەدە وەک ئیدارەیەکەی خۆبەڕێوەبەری قبوڵ بکات و ڕێز لە هەبوون، کەلتوور و سەربەخۆی گەلی کورد بگرێت.
٥– ئەرکەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی؛
کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئاگاداری ئێش و ئازاری گەلی کورد و ئەم تاوانانەیە، کەچی هیچ هەنگاوێکی بەرچاو نەهاوێژراوە، لەبەرئەوەی مەسەدە لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە دانی پێدا نەنراوە و ڕێگەی یاسایی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی لێ داخراوە، گەلی کورد نەیتوانیوە بەدوای دادپەروەرییدا بگەڕێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، مەسەدە وەک حکومەتێکی دیموکراتیک قبووڵ بکات، تورکیاش هێرش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بوەستێنێت، گەر ئەمە نەکرێت، کەوایە ڕێگە لە قڕکردن لە ڕۆژئاوا ناگیرێت.