گۆڕی بەکۆمەڵی ٥٤ لە شەنگال کرایەوە
گۆڕی بەکۆمەڵی ٥٤ لە شەنگال کرایەوە، ڕاگەیەندرا کە زۆربەی ئەو کەسانەی لەم گۆڕە بەکۆمەڵە هێنرانە دەرەوە پێکهاتەی شیعەی شەنگال بوون.
ناوەندی هەواڵ
بەشی پزیشکی دادوەری و دەزگای هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دوێنێ ٥ی شوبات دەستیان کرد بە هەڵکەندنی گۆڕی بەکۆمەڵی ٥٤، بەپێی زانیارییە وەرگێڕدراوەکان، زۆربەی ئەو کەسانەی لەم گۆڕە بەکۆمەڵەدا دەرهێندراون، شیعەی خەڵکی شەنگال بوون و لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژراون.
تا ئێستا زیاتر لە ٩٤ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزراونەتەوە، لەو ٩٤ گۆڕە بەکۆمەڵانە تەنیا ٥٤ گۆڕی بەکۆمەڵ کراونەتەوە، لەم دواییانەدا گۆڕێکی بەکۆمەڵێکی دیکە لە کۆمەڵگەی تەلبینات لە شەنگال دۆزرایەوە، کە ئێسکی زۆر کەسی تێدابوو کە لەناو تانکی ئاودا نێژرابوون
هەزاران ئێسک دۆزرایەوە، هەندێکیان دەستنیشانکران و ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە، هەروەها پاشماوەی بەشێک لە قوربانییەکان لە نەخۆشخانەی پزیشکی دادوەری بەغدان و بەو پێیەی پشکنینی دی ئێن ئەییان هێشتا تەواو نەبووە، تا ئێستا ناسنامەیان دیاری نەکراوە و ڕادەستی کەسوکاریان نەکراوە.
کۆمەڵگای ئێزدی و بەتایبەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی چەندین جار داوای لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە دەستبەجێ دەست بە کردنەوەی ئەو گۆڕانە بکەن و چارەنووسی بێسەروشوێنەکان دیاری بکەن. بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق گوێی بەو داواکاریانە نەداوە.
شایانی بەبیرهێنانەوەیە تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ۱۰ هەزار ئێزدی نادیارە و زۆرینەیان ژنن.