چالاکی چادری مانگرتن لە سێمالکا لە ٨٤ەمین ڕۆژیدا بەردەوامە

ئەو ژنانەی بەشدارییان لە چالاکی چادری مانگرتن لە سێمالکا کرد داوا دەکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرمی ئەو شەهیدانە ڕادەستی کەسوکاریان بکات و ڕێگەنەدات دەوڵەتی تورک لەناو گەلی کورددا گەندەڵی دروست بکات.

قامیشلۆ

 

لە مانگی ئەیلولدا لە هەرێمی خەلیفانی باشووری کوردستان، پێنج شەڕڤانی ئازادی شەهید بوون و شەڕڤانێکیش بریندار بوو، بۆ ڕادەستکردنی تەرمی شەهیدان و ئیدانەکردنی ئەو کارەی پەدەکە، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی جزیرە، چادریان لەبەردەم دەروازەی سێمالکا لە باکوری سوریا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستان هەڵداو کەسوکاری شەهیدان، دانیشتوانی هەرێمەکە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە مرۆیی و یاساییەکان سەردانی ئەم چالاکییە دەکەن و پشتیوانی لەو چالاکییە دەکەن، جێگای ئاماژەیە کە چالاکییەکە دەچێتە ٨٤ەمین ڕۆژییەوە و کۆتاییەکەی ڕوون نییە ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردبوو لەبارەی ئەم پرسەوە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"فرمێسکی دایکان لە چاویاندا وشک بوو"

لەیلا میۆ، هاوسەرۆکی یەکێتی کرێکارانی قامیشلۆ، وتی: "فرمێسکی دایکان لە چاویاندا وشک بووەتەوە و چاوەڕێی تەرمی منداڵەکانیان دەکەن و ئەمە پێنجەم جارە بەشداری لە چالاکیی چادری سێمالکا دەکەین، داوا دەکەین شەهیدەکانمان کە بە دەستی خەڵکی خیانەتکار کوژران ڕادەستی ئێمە بکرێن ئێمە نامانەوێت دەستی برایانی کوردمان لەم خیانەت و کردەوەیەدا بەشدار بن با بەشێوەیەکی دیموکراسیانە تەرمی شەهیدانمان ڕادەستی ئێمە بکەن داوا لە گەلی کورد دەکرێت هۆشیار بن، چونکە دەوڵەتی تورک دەیەوێت کورد بە دەستی کورد لەناوببات، نامانەوێت ناوی کورد بە خیانەت بناسرێت باشووری کوردستانیش بەشێکە لە کوردستان و هەر چوارپارچەی کوردستان یەکن، بەڵام تا ئەمڕۆش تەرمی ئەو شەهیدانە ڕادەستی کەسوکاریان نەکراون هیوادارین ئەو شەهیدانە ڕادەستی کەسوکاریان بکرێن".

 

"ئێمە نامانەوێت حکومەتی باشور دەرفەت بداتە دەوڵەتی تورک بۆ دروستکردنی ئاژاوە"

حەسنا ئەحمەد، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری یەکێتی ڕۆشنبیرانی هەرێمی جزیرە ڕایگەیاند، کە نایانەوێت دەوڵەتی تورک لەناو گەلی کورددا گەندەڵی دروست بکات، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نییە و وتی: "ڕەتکردنەوەی حکومەتی باشوور بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ئەو شەهیدانە خزمەت بە دوژمنانی گەلی کورد دەکات و خزمەتی ئێمە ناکات ئەم جۆرە کردەوانە لە نێو گەلی کورددا شتی نەرێنی دروست دەکەن، ئێمە وەک خەڵک نامانەوێت حکومەتی باشوور ڕێگا بکاتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک لە نێوانماندا ئاژاوە دروست بکات".

 

"با حکومەتی باشوور دەنگی ئێمە ببیستێت"

حەسنا داوای لە حکومەتی باشور کرد تەرمەکان ڕادەستی خانەوادەکانیان بکات و کۆتایی بە قسەکانی هێنا و وتی: "ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان چاومان لێیانە کە پشتگیری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکەن نەک ببنە دوژمنمان، ئێمە دژی حکومەتی کوردستان نین و بانگی دەکەین و دەڵێین تەرمەکانمان ڕادەست بکەن داوا لەحکومەتی باشوور دەکەین پێگەی خۆی بۆ گەلی کورد نیشان بدات خەڵک هەموو شتێک دەبینێت و شی دەکاتەوە و دەڵێت بۆچی ئەم شتانە لە نێوان کورددا ڕوودەدەن، بەتایبەتی ئەو ڕووداوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لەبەردەم دەروازەی سێمالکا ڕوویدا لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕدا کارێکی خراپە بۆ ئێمەی کورد ئەمڕۆ جیهان بە گشتی سەیری ئێمە دەکات و هەموو شتێک دەبینێت، بۆیە پێویستە یەک بگرین".