چالاکوانی ئاشتی: بەردەوام دەبین لە کارەکانمان بۆ بەهێزکردنی یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگەدا
مارینا حەمید، چالاکوانی ئاشتی ڕایگەیاند، پێویستە خەبات بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە یەکسانی جێندەری کۆمەڵایەتی و زیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە گرنگی ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان.

نور ساریب
یەمەن-سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژنان لە یەمەن بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ پاراستنی ئامادەیی خۆیان لە کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کە لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەرییەکانی شەڕی یەمەن کردووە، نیشان دەدەن کە ئەو ململانێیە کاریگەریی نەرێنی ناڕێژەیی لەسەر ژنان هەبووە، بەپێی پێوەرەکانی نایەکسانی کۆمەڵایەتی جیهانی ساڵی ٢٠٢١، یەمەن لە کۆی ١٥٦ وڵات لە پلەی ١٥٥دایە. بەم شێوەیە بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەرزترین ئاستی نایەکسانی جێندەری تێدایە.
لەسەر ئەم بنەمایە ژنان لە هەوڵی دامەزراندنی دەستپێشخەری و تۆڕدان بۆ پاراستنی بوون و مافەکانیان، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مارینا کەمال حەمید، سەرۆکی تۆڕی ئاشتی بۆ دەرچووانی خوێندنی ژنان ئەنجامدا، هەروەها مارینا بەرپرسی بەشی تاوانەکانە لە نوسینگەی دادگێنی چاپەمەنی، بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی یەمەن، چالاکییەکانی تۆڕەکە و ئامانجەکانی و کێشەکانی ڕووبەڕووی ژنان لە یەمەن لەگەڵ ئێمەدا باس کرد.
دامەزراندنی تۆڕێکی ئاشتیسازی
مارینا کە چۆنیەتی دامەزراندنی تۆڕەکەی ڕوونکردەوە، ڕایگەیاند، هەمووان دەزانن ململانێی یەمەن چۆن کاریگەری لەسەر ژنان بەتایبەتی هەیە وتی: هیچ کەسێک ناتوانێت چاوپۆشی لەو بارگرانییە قورسە بکات کە ئەم ململانێیانە لەسەر گەلی یەمەن و بەتایبەتی لەسەر ژنان داناوە، هەر بۆیە وتمان ئەو کەسانەی لە بواری خوێندنی ژنان پەروەردە کراون دەتوانن کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت و پێویستیمان بە دامەزراندنی تۆڕێک بینی، لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە شاری عەدەن، تۆڕی بونیادنانی ئاشتیمان دامەزراند بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری پرۆگرامی توێژینەوەی ژنان لە زانکۆی عەدەن و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان.
مارینا ڕوونیکردەوە کە هەموو ئەندامانی تۆڕەکە ئێستا سەرنجیان لەسەر بونیادنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و داکۆکیکردن لە مافەکان لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەری کۆمەڵایەتییە، وتی: کار و داواکارییەکانمان لەسەر بنەمای یاسایی دامەزراوە، یەمەن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان (سیداو)ی پەسەندکردووە، لە داهاتوودا هەوڵدەدەین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی بنیاتنانی ئاشتی و چارەسەرکردنی ناکۆکی و داکۆکیکردندا جێبەجێبکەین بۆ پشتیوانیکردن لە مافە سیاسی و یاسایی و مەدەنییەکانی ژنان.
کاریگەری شەڕ لەسەر ژنان
بەوتەی مارینا هیچ کەسێک لە کاریگەرییەکانی ململانێکانی یەمەن بێبەری نییە، بەڵام ژنان و منداڵان قورسترین بارگرانی لە ئەستۆ دەگرن وتی: دوای ئەوەی میکانیزمەکانی دەوڵەت لاوازکران و زۆرێک لە شارەکان لەلایەن حوسییەکانەوە داگیرکران و بەها تەقلیدیەکان سەپێنران، توندوتیژی دژی ژنان زیادیکرد، جگە لەوەش داڕمانی ئابووری بەهۆی شەڕەوە و ئەو زیانانەی کە بەسیستەمی پەروەردە گەیاندووە، بارودۆخی ژیانی ژنانی قورستر کردووە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن دەزگای پەروەردەی فریاگوزارییەوە ئەنجامدراون، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، ژمارەی ئەو کچانەی کە دەچنە قوتابخانەی سەرەتایی ٩٧٪ بۆ ٣٦٪ دابەزیوە. زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵ بەهۆی هۆکارەکانی وەک هەژاری، ململانێ، و نەبوونی دەرفەتی خوێندن ناتوانن بچنە قوتابخانە. هەروەها شەڕەکە بووە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان و هاوسەرگیری زۆرەملێ، ئیتر ژنان ناتوانن وەک جاران دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات.
بەشداری سیاسی ژنان کۆتایی دێت
سەبارەت بە پرسی بەشداری ژنان لە مەیدانی سیاسیدا، مارینا هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ژنان لە ئیدارەکاندا بە تەواوی نەماوە، مارینا لەسەر ئەم پرسە وتی: پێشتر لانیکەم دوو سێ وەزیری ژن لە حکومەتی یەمەندا هەبوون، بەڵام ئێستا، یەک ژن لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی یەمەندا نییە، بۆیە دەبێت ژنان جارێکی دیکە خەبات بۆ مافە سیاسییەکانی خۆیان بکەنەوە.
مارینا هەروەها چەندین بابەتی پەیوەست بەو یاسایە وروژاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە چوارچێوەی یاسایی لە یەمەن هەڵاواردن لە دژی ژنان دەگرێتەوە وتی: پێشتر دەستووری یەمەن هەڵاواردنی جێندەری لە مافی هاووڵاتیبووندا نەدەگرتەوە، بەڵام لە دوای شەڕی ناوخۆی ساڵی ١٩٩٤، هەمووارکردن لە دەستووردا کرا و ماددەگەلێک هاتنە ئاراوە کە یەکسانی ژن و پیاویان سنووردار کرد، ئەم هەمووارکردنانە بووە هۆی ئەوەی کە بڕگەیەک لە دژی ژنان بە تایبەتی لە یاسای بنەماڵە و یاسای سزادان دابنرێت.
مارینا ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕانکاری یاسایی پێویستە و وتی: پێویستە هەمووارکردنەکان جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی یەکسانی تەواو لە نێوان ژنان و پیاوان لە دەستوورەکەماندا مسۆگەر بکەین، بەتایبەتی مافی خاوەندارێتی ژنان، مافە مەدەنییەکان، پێناسەکردنی تەمەنی هاوسەرگیری، و ئازادییەکانی تاک دەبێت لە یاساکاندا مۆدێرن بکرێن.
بەشداری ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا مەرجی پێشوەختەیە
مارینا ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە پڕۆسەی ئاشتی لە یەمەندا جێگیر نین و وتی کە ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە، وتی: ژنان بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی یەمەن پێکدەهێنن و بەرچاوترین دەرئەنجامەکانی شەڕەکە بەخۆیەوە دەبینن، بۆیە پێویستە دەنگی ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا ببیسترێت، ژنان زۆرترین زانیارییان لەسەر ئەو کێشانە هەیە کە تووشی دەبن و پێویستە بتوانن دەنگیان هەبێت، ژنان بەرپرسیار نین لە ململانێکان، بەڵام ناچار کراون لەگەڵ دەرئەنجامەکانیاندا بژین، ئەگەر حکومەتە ناوخۆییەکان لە یەمەندا ژنان لە پڕۆسەی ئاشتیدا بەشدار نەبن، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوە مسۆگەر بکات لە ساڵی ٢٠١٣دا کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی بەڕێوەچوو و ژنانیش ئامادەبوون، بەڵام دوای ئەوەی شەڕەکە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستیپێکرد، ئەم پرۆسەیە بە تەواوی داڕما.
"ئێمە لە خەبات بۆ مافەکانی ژنان خاوەن ئیرادەین"
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا مارینا ڕایگەیاند کە ئەو چالاکوانانەی کە کار لەسەر مافەکانی ژنان دەکەن هەمیشە دەکرێنە ئامانج و وتی: هەموو ئەوانەی باس لە مافەکانی ژنان دەکەن ڕووبەڕووی بەدبەختی دەبنەوە، هەندێک گروپ هەن هەستیاری کۆمەڵگە بەرامبەر بە مافەکانی ژنان بە خراپ بەکاردەهێنن و هەوڵی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە دەدەن، بۆیە دەبێت هاوکاری ڕۆشنبیرانی ناوخۆیی بکەین و شانازی کۆمەڵایەتی لە پرسی مافەکانی ژنان زیاد بکەین، چونکە ژن دایکە خوشکە، کچە، پەروەردەکردن و بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ژنان بە واتای پاڵپشتیکردنی تەواوی خێزانە، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خێزانەوە دەست پێدەکات و بە بەهێزکردنی ژنان دەکرێت ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان.