جەزائیر، دەیان کەس بوونە قوربانی لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکانی باکووری جەزائیر کە ١٤ پارێزگای گرتەوە، ٢٦ کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

پاراستنی مەدەنی لە جەزائیر پشتڕاستی کردەوە کە ئاگری دارستانەکانی زۆرێک لە شارەکانی باکوری ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و لە ئەنجامدا زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.

 

پاراستنی مەدەنی لە جەزائیر دوێنێ چوارشەممە ١٧ ئاب رایگەیاند، ئاگرەکە ١٤ ویلایەتی باکوری ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و ٨٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی وێران کردووە، بەو هۆیەوە ٢٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، بەمەش ژمارەی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکانی هاوینی ئەمساڵ گەیشتە ٣٠ کەس.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ١٤ پارێزگادا ٣٩ ئاگرکەوتنەوە بەردەوامی هەیە، کە چواریان لە بازاڕی سنووری حەراس لەگەڵ تونس بووە، کە چوار کەس بە پلەی جیاواز برینداربوون، ٣٨ کەسی دیکەش ڕووبەڕووی کێشەی هەناسەدان دەبنەوە، ٨ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

ئەو پشتڕاستی کردەوە کە ٣٥٠ خێزان بە شێوەیەکی کاتی لە ماڵەکانیان چۆڵکراون بۆ ئەوەی لە ناوچە مەترسیدارەکان دووربخرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ٧٠٠ کارمەندی بەرگری شارستانی بەشداری لە کوژاندنەوەی ئەم ئاگرانەدا دەکەن، هەروەها کۆپتەرەکان لە سێ ویلایەت دەستوەردانیان کردووە، لەنێویاندا بازاڕی هاراس.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، هاوینی ساڵی ٢٠٢١ زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەو پێیەی لانیکەم نەوەد کەس لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا گیانیان لەدەستداوە کە لە باکووری وڵاتەکە کەوتووەتەوە، چونکە هەڵیانکوتایە سەر زیاتر لە ١٠٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکان.

 

دارستانەکانی جەزائیر ڕووبەرێکی ٤.١ ملیۆن هێکتار درێژ دەبنەوە و باکووری وڵاتەکە ساڵانە شاهیدی ئاگرکەوتنەوە لەم جۆرە دەبن و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە زیادبووندان.