بەشداربووانی کۆنگرەی هاوپەیمانی نادا: کۆنگرەکە بە ڕۆحێکی بەرزی هاوکاری و تۆڕکردن جیاکراوەتەوە
چالاکوانانی بەشداربوو لە یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نادا بە سەرکەوتنێک پێناسەیان کرد، کە بە ڕۆحێکی بەهێزی هاوکاری لە نێوان هەموو ژنانی ئامادەبوو و تۆڕێکی کاریگەر لە نێوان ڕێکخراوەکان و هاوپەیمانییەکان دیاریکرا.

رەجا حەمید ڕەشید
سلێمانی-بەشداربووانی یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نادا، کە لە ١٥ی ئایار دەستیپێکرد، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری سلێمانی لە کوردستان لەژێر دروشمی "لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" بەردەوام بوو، دووپاتیانکردەوە کە کۆنگرەکە لە سەرجەم دانیشتنەکانی، دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانیدا سەرکەوتوو بووە، کە هەموویان خزمەت بە پرسەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکەن.
هەڵوێست عەبدوڵا کەریم، چالاکوان لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەم کۆنگرەیە نوێنەرایەتی هاوپشتی ژنە لە سەرانسەری زیاتر لە ١٨ وڵات و ٢٠٠ ڕێکخراو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کۆنگرەکە بۆ هەموو وڵاتان لەوپەڕی گرنگیدایە، بەو پێیەی باس لە ئاڵەنگاری و قەیرانەکانی بەردەم ژنان کرا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سیستەمی سەرمایەداریی پیاوسالاری و نادادپەروەری ژینگەیی و یاسای نادادپەروەرانە دژی ژنانەوە هەیە. ئەو کۆنگرەکەی بە هەلێکی بەنرخ زانی بۆ پەیوەندیکردن و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ڕێکخراو و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە پرس و مافەکانی ژنان.
گرنگی تۆڕ و هاوپشتی ژنان
ئەزهار زەید جبوری، سەرۆکی دامەزراوەی مەدا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پارێزگاری واست لە عێراق، ستایشی هەموو ئەو شتانەی کرد، کە لە کۆنگرەکەدا سێ ڕۆژ خایاند، پێشکەشکرا و گفتوگۆی لەسەر کرا، کۆنگرەکە کەرنەڤاڵێکی ژنی ناوازە بوو، نوێنەرایەتی بۆنەیەکی گرنگ بوو بۆ هەموو ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەو پێیەی باس لە پرس و مافەکانی ژنان کرا، ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە تاڕادەیەکی زۆر لە سەرانسەری وڵات و ناوچەکاندا هاوشێوەن، ئەمە وایکردووە ئەم جۆرە تۆڕکردن و هاودەنگییە لەنێوان ژناندا شتێکی بنەڕەتی بێت.
وتیشی: ئێمە ڕاهاتووین بە هاوپەیمانی و تۆڕەکانی نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەناو یەک وڵاتدا، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم تۆڕکردنە لەسەر ئاستی ژنان و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەنجام بدرێت، لەسەر ئەم ئاستە گەورەیە، لە یەکەم کۆنگرەی دوای کۆنگرەی دامەزرێنەر، خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی گەورەیە. ئەو جۆش و خرۆشەی دەربڕدراوە، ئەو ئاڵەنگاریانەی باسکراون، ئەو چارەسەرانەی کە پەرەی پێدراوە هەموویان نیشاندەری سەرکەوتنی ڕاستەقینە بن، دەنگی هەموو ژنان دەبیسترێت، ژنان مافە تەواوەکانیان بەدەستدەهێنن.
لە کۆنگرەکەدا بابەتگەلێک کە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ ژنان تاوتوێ کران
سۆلاڤە فاروق زعبی هاوڵاتی ئوردن، ئەکادیمیست ڕاگەیاند و ئەندامی تۆڕی هاوپشتی ژنانی ئوردنی، کۆنگرەکەی بە "نائاسایی" پێناسە کرد، ئاماژەی بەوەدا کە سێ ڕۆژ کاری بەردەوام و بەرهەمدار لەخۆدەگرێت. دەستخۆشی لە هەوڵەکانی لیژنەی ئامادەکاری کرد کە زیاتر لە ٢٠٠ ژنیان لە ژێر یەک سەقفدا کۆکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقامان ناسی، چالاکوانە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەفغانستان و کۆمەڵگەی ئێزیدی و وڵاتانی دیکەشمان ناسی، لەبارەی پرس و پرسگەلێکەوە فێربووین کە زۆرمان لەبارەیەوە نەدەزانی.
ڕوونیشیکردەوە، کۆنگرەکە بە ڕۆحێکی بەهێزی هاوکاری لەنێوان سەرجەم ژنانی ئامادەبوودا، تۆڕێکی کاریگەر لەنێوان ڕێکخراو و هاوپەیمانییەکاندا تایبەتمەند بوو، کە بەبێ ئەم بۆنەیە نەدەکرا. ژنان لە پێناو دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی دەست بە دەست کاریان کرد، بۆ گۆڕینی داب و نەریت و یاساکان و ئەو پرسانەی کە زۆرترین گرنگییان هەیە بۆ ژنان باس کران. بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو ستراتیژی و لیژنانەی لە کۆنگرەکەدا دەرکەوتن، لەڕادەبەدەر گرنگ بوون، لە داهاتوودا وەک ئامرازێکی کاریگەر دەبن.
جەختیشی لەوە کردەوە، لەم کۆنگرەیەدا شاهیدی هاوکاری و خۆبەخشی بوون لە نێوان بەشداربووان، ئاستێک کە پێشتر نەبیندراوە، ئەمڕۆ بە تەواوی دەزانن لە کوێ وەستاون، چییان دەوێت و هەنگاوە یەکەمەکانیان چین، ئەمە سەرەتای ڕێگای ڕاستە و بە هەموو پێوەرێک دەتواندرێت کۆنگرەکە وەک سەرکەوتنێکی تەواو پێناسە بکرێت.