بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان": شەڕ و لەسێدارەدان دوو دیوی یەک دراون

هاوکات لەگەڵ پێنجەمین ڕۆژی ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" بەردەوامن لە مانگرتنیان لە خواردن بۆ شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدان.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لە سێدارەدان" هەفتەی ٧٣ی خۆی بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانی شەڕ و بەرزبوونەوەی بێ وێنەی لەسێدارەدان بەردەوامی هەیە، زیندانیانی ٤٧ زیندانی ئێران بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن، جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی مەترسی مردنیان لەسەرە، وەک ئەوەی شەوی ڕابردوو لە زیندانی دیزڵ ئاباد لە کرماشان ڕوویدا.

 

زیندانیانی بەشدار لە هەڵمەتەکەدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، گەلی ئێران شەڕێک بەڕێوەدەبەن کە نە ویستوویانە و نە ئارەزووی دەکەن. لە هەر کەیسێکدا شەڕ و لەسێدارەدان دوو دیوی یەک دراون، مافی ژیانیان لە هاوڵاتیان زەوت دەکەن، ئێمە هاوسۆزی خۆمان بۆ هەموو قوربانیانی مەدەنی دەردەبڕین، هاوسۆزی بەکۆمەڵمان دووپات دەکەینەوە لە ژێر ئەو هەلومەرجە ناوازەیەی کە دوو ڕژێمی توندڕەو بەسەرماندا سەپاندوویانە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "سەرەڕای ئەو بارودۆخە تایبەت و مەترسیدارەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە دروست بووە، ئۆتۆمبێلی مەرگ و کوشتن بۆ ساتێکیش ناوەستێت، دەسەڵاتی پاوانخوازیش بەردەوامە لە لەسێدارەدانی هاوڵاتیان، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەسەڵاتداران لانیکەم ١٢٦ کەسیان لەسێدارە داوە،  لە دەیەمی هەمان مانگدا ١٢ زیندانییان لەسێدارەداوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ١٦ی حوزەیران، دەسەڵاتداران ئیسماعیل فیکری، زیندانی بە تۆمەتی سیخوڕی لە زیندانی قەزیل حسار بە لەسێدارەدا، ئەم ئامارە شۆککەرەی لەسێدارەدانەکان تەنیا ژمارەیەک نییە، چیرۆکێکی تاڵە لەو ژیانانەی کە بە ناڕەوا گیراون، زۆربەی ئەم لەسێدارەدانانە بەبێ زانیاری ڕوون، بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بە بێدەنگی ئەنجامدەدرێن، زۆرێک لەم قوربانیانە لە گروپە پەراوێزخراوەکان و شوێنکەوتووی ئایین و بیروباوەڕی دیکە و زیندانیانی سیاسین، کەسانێک کە تاکە تاوانیان داوای دادپەروەری و ئازادی بووە، یان تەنها هەوڵدان بۆ مانەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەنێو زیندانییە لەسێدارەدراوەکاندا زیندانییەکی سیاسی نابینا بە ناوی موجاهید کورکور هەبووە، کە لە کاتی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیدا دەستگیرکراوە، دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان، هەفتەی ڕابردوو بە ناڕەوا لەسێدارە دراوە.

 

زیندانیانی بەشداربووی هەڵمەتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە، ئێمە ئەندامانی هەڵمەتی"سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان"، لە هەفتەی ٧٣ی ئەم هەڵمەتەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە لە سێدارەدان سزا نییە، بەڵکو تاوانە، ئێمە هەموو سزای لەسێدارەدان شەرمەزار دەکەین، بەبێ گوێدانە تۆمەتەکە، بە توندی لە دژی دەوەستینەوە، ئەم لەسێدارەدانانە کوشتنێکی سپۆنسەری دەوڵەتە، هەرگیز قوربانییەکان لەبیر ناکەین، کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، نە بێدەنگ دەبین و نە پاشەکشە دەکەین.

 

لەو ڕاگەیاندراوەدا داوای لە هەموو گەلان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەم کاتە هەستیارانەی پەرەسەندنی شەڕدا، کە زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی هەڕەشەی مردن بوونەتەوە، وەک ئەوەی دوێنێ لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ڕوویدا کە تۆپبارانی قورس و هێرشێکی دڕندانە لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە کراوە، وەستانی ئێوە لەگەڵ ئێمە و پشتگیری دادپەروەرانەتان لە جاران گرنگترە، ئێوە دەنگی ڕاستەقینەی ئێمەن و تاکە پەناگەتانن.

 

جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی ئازادکردنی سەرجەم زیندانیان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەوەی ببێتە داوایەکی گشتی و بەپەلە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، نیگەرانی ڕاستەقینەی هەیە کە دەسەڵاتدار ئەم هەلومەرجە بقۆزێتەوە بۆ پەرەپێدانی سەرکوت و تیرۆر و زۆرێک لە سزادراوان ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدانی ئارەزوومەند دەبنەوە، بۆیە ڕاوەستان لە بەرامبەر ئەو ڕێوشوێنە ناڕەوا، داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکان بۆتە ئەرکێکی بەپەلەی مرۆیی، هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" کە ئێستا لە هەفتەی ٧٣یەمیندایە، شاهیدی مانگرتن لە خواردن لە ٤٧ زینداندا دەبێت، کە زیندانییەکان بەشدارن لە دژایەتیکردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە دەکەن، لەنێو زیندانە بەشداربووەکاندا زیندانی ئێڤین (بەشی ٤-٨ی ژنان)، زیندانی قەزڵ حسار (یەکەکانی ٣-٤)، زیندانی ناوەندیی کەرەج، فردیش کەرەج، زیندانی گەورەی تاران، خورین و ڕامین، ئەهر، ئەراک، خوڕەماباد، یاسوج، ئەسەدە ئاباد ئەسفەهان، ئەهواز، سپیدەر ئەهواز (بەشی ژنان و پیاوان)، زیندانی نیزام لە شیراز، عادل ئاباد شیراز (بەشی ژنان و پیاوان)، فیروز ئاباد فارس، زاهدان (بەشی ژنان)، زیندانەکانی برازجان و مەهاباد، بۆکان، سەقز، بانە، مەریوان، سنە و چەندین زیندانی دیکە.