ڕووناک فەرەج؛ لە ١٢ ساڵییدا تێکەڵ بە ڕاپەرین بوو
ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی ژنێکی تێکۆشەر و خەباتگێر ڕووناک فەرەج تیدەپەڕێت، کە هەموو ژیانی بۆ پرسی ژنان و منداڵان تەرخان کردبوو.

ناوەندی هەواڵ
ڕووناک فەرەج ڕەحیم لە ساڵی ١٩٦٤ لە گەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو كردووە و دەرچوی كۆلێژی ئادابە لە زانكۆی بەغداد، ساڵی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٠ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەمێژوودا بەدەستهێناوە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکات و هەستی نیشتیمانی لا درووست دەبێت، هەر بۆیە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا چاو نەترسانە تێکەڵاوی ڕاپەڕینەکانی خوێندکاران بووە و لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ باوکی دەستگیر کراوە و لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا ماوەتەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩١ دەستی کردووە بە کاری مرۆیی بەتایبەت لە بواری ژنان و منداڵاندا.
کاری بۆ هۆشیار کردنەوەی ژنان کرد
ڕووناک فەرەج وەک ژنێکی چالاکوان لە بواری مافەکانی ژناندا بە بێ ترس بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی ژنان و هۆشیارکردنەوەیان لە کۆمەڵگەدا، ئەو ژنە بەرگریکاری سەرسەختی نیشتیمان و نەتەوەی کورد بووە، بە تێکۆشان و خەباتەکانی چەندین ژنی لە مردن ڕزگار کردووە و لە هەڕەشەکانی کوشتن پاراستنی، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی زۆری داوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی ژن و پاراستنی خێزان و چەسپاندنی خۆشەویستی و ئاشتی لەناو خێزانەكاندا.
هەوڵی زۆری دا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە ژنان هۆشیار بکاتەوەو لەو چوارچێوەیەشدا، لە ساڵی ١٩٩٤ یەکەم بەرنامەی ڕادیۆیی بە ناوی دەنگی ژن ئامادە و پێشکەش دەکات.
لە ساڵی ١٩٩١ یەکەم بزاڤی ژنانی لە کامپی حاجی ئاوای ڕانیە دامەزراندووە، لە ساڵەكانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٦ بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی یەكێتی ژنانی ڕانیە و ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی دەنگی ژنان بووە.
لەساڵی ١٩٩٧ بووە دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری ڕاگەیاندن و ڕووناكبریی ژنان، كەتایبەتە بە هۆشیاركردنەوەی ژنان و داكۆكیكردن لەپرسی ژنان و هاوكات لە ڕێگەی ڕۆژنامەی ژیانەوە و دواتریش ڕۆژنامەی ڕێوانەوە هەوڵیداوە دەنگ و ڕەنگی ژن لەناو ئەو نایەکسانییەی كۆمەڵگە بگەیەنن و سەكۆیەك بن بۆ ژن، لەم سەنتەرەدا چەندین پلەی جیاوازی وەرگرتووە لەوانە، جێگری بەرپرسی ڕۆژنامەی ژیانەوە، جێگری سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێوان، جێگری بەرپرسی سەنتەر و بەرپرسی ڕێكخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناكبیری ژنان.
لە ساڵی ١٩٩٩ ڕووناک فەرەج بوو بە ڕاوێژکاری شەڵتەری نەوا بۆ دادڵدەدانی ژنان لە شاری سلێمانی، ساڵی ٢٠٠٠ دەستەی ڕاوێژکاران و ڕاهێنەران بوو بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی ئاسوودە.
ئەو ژنە چالاکوانە بەشداری چەندین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كردووە لەوانە، لە فەڕەنسا، ئەمریكا، بەریتانیا، سوید، ئەڵمانیا، ئێران كە تایبەت بووە بە توندوتیژی بەرامبەر بەژنان.
چوار بڵاوکراوەی تایبەت بە کوشتنی ژنان بە تۆمەتی شەرەف هەبووە، چەندین بابەت و وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاوکردووەتەوە.
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی ڕووناک فەرەچ تێدەپەڕێت، کە لە ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەهۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کردو لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.