بەشداربووانی فێستیڤاڵی هەنار: ساڵانی ڕابردوو لەڕوی شوێن و کاتەوە لە ئەمساڵ گونجاوتر بوو
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ١٤ی تشرینی یەکەم، لەپارێزگای هەڵەبجە حەوتەمین فێستیڤاڵی هەنار دەستیپێکرد، کە تێیدا ٤٠٠ جوتیار و خاوەن بەروبووم و کاری دەستی بەشدارن، بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنەکەیان شیاو نەبوو وەک ساڵانی ڕابردوو گلەیی و گازندەی زۆر بۆ ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دروست بوو.
هەڵەبجە
گۆڕانی شوێن و کات، زیانی بەجوتیاران و خاوەن بەروبوومەکان گەیاند
شلۆڤە سابیر خەڵکی هەورامانە و بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا بەشداری دەکات، هەنجیر و مێوژ و تۆو دۆشاوی توتڕکی نمایشکردووە کەسەرجەمیان بەرهەمی خۆماڵی خۆیانە.
ئەم ژنە خاوەنکارە ئاماژەی بەوەکرد، کە گۆڕانی شوێن و کاتی فێستیڤاڵەکە گۆڕانی بەسەردا هات، ئەوەش بووە هۆی زیان گەیاندن بەجووتیاران چونکە ساڵانی ڕابردوو سەوزایی زۆری تیادابوو، هەروەها لەلایەنی ماددییەوە هیچ بڕە پارەیەک وەر نەدەگیرا بەڵام ئیستا بەهۆی ئەوەی بەکۆمپانیا دراوە بڕێک پارە لەجوتیار وەرگیراوە ئەمەش لەزەرەری خاوەن کارە.
"پارکی گشتی هەڵەبجە بەهۆی فراوانیەوە لێرە باشتر بوو، سەوزایی و سێبەر بوو"
ئەوین محەمەد ژنێکی گەنجی خاوەنکارەو لەگەڵ دایک و باوکی و خێزانەکەی هاتووە بەروبوومی ماڵەوەیان ساغ بکاتەوە، ئەوین باس لەوە دەکات، بە هەنارو شەربەتی هەنارو تەڕەساس بەشداری کردوەو پێی خۆش بوە لەپارکی گشتی بوایە چونکە سێبەری زۆر بووەو و فراوانتریشە، دەشڵێت: "ئەو پارەیەی ساڵانی ڕابردوو لێیان وەرگیراوە بۆیان گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ بۆیان ناگەڕێندرێتەوە".
"هەنارو بەروبوومی کوردی گوندی بۆین ساغ دەکەینەوە"
ڤارسین عیزەت لەناو هەناری هەڵەبجە و بەروبومی خۆماڵیدا قسەی بۆکردین و وتی : "سەرجەم بەرهەمی خۆماڵی گوندی بۆینەیە، چوارەم ساڵە بەشداری دەکەین بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنەکەی شیاو نییەو گەرمە ناتوانین بەو شێوەیە بەردەوام بین".
"گەرما خواردنەکەمان تێک دەدات و ساڵانی ڕابردوو سەرجەم شوێنەکان سێبەر بوو"
ئارەزوو حەمە تەقێ کە بەدروست کردنی خواردن و شیرینی بەشداری فێستیڤاڵی هەناری کردووە، باسی لەوەکرد ماوەی ساڵێکە دەستی کردووە بەدروست کردنی شیرینی، وتیشی: "ساڵانی ڕابردوو زۆر باش بوو چونکە فراوان و سێبەر بوو بەڵام ئیستا شوێنەکە بەرتەسکەو کەپرەکان ڕوو بەخۆرە ،چونکە ئێمە خواردن وشیرینیمان پێیەو بەرگەی گەرما و خۆر ناگرێت تێکدەچێت".
ئەوە لە کاتێکدایە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو فێستیڤاڵەکە لەناو پارکی شاری یاری هەڵەبجە فێستیڤاڵی هەنار کراوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجەوە ڕێکدەخرا، بەڵام ئەمساڵ لەلایەن کۆمپانیاوە ڕێکخراوەو ناڕەزایەتی لای بەشداربوان دروست کردووە.