بڵێسە جەبار فەرمان: ئایا دەکرێت بە عێراق بوترێت وڵاتێکی دیموکراسی؟

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: " ئایا دەکرێت بە عێراق بوترێت وڵاتێکی دیموکراسی؟، ئایا دەکرێت دابەشکردنی پلە و پوستەکان بە شێوەیەکی پشک پشکێنەو تایفی بە دیموکراسی ناو بنرێت؟ ".

ناوەندی هەواڵ

 

بڵێسە جەبار فەرمان لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت ئیدیعا کردنی دیموکراسیە نەک دکیموکراسیەت، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە سیستەمێکی چەقبەستوو بە واتای دیموکراسی نایەت، بەڵکو ئەمە بانگەشە کردنی دیموکراسیە.

 

دەشڵێت: " لە ٧٠٪ ی ئێستای پەرلەمان خۆیان کاندید کردوە و داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەن، زۆری ئەوانەی خۆیان کاندید کردۆتەوە ئەندامی حزبە گەورەکانی عیراقن بەو ھۆیەشەوە شانسی بردنەوەیان زۆرە".

 

بڵێسە جەبار فەرمان ئاماژەی بەوەشکردوە، پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ ئەندام پێکدێت، زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەم خولی چوارەی پەرلەمان دوو خولە ئەندامی پەرلەمانن، ٢٠ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولە لە دوو خولی پێشووتریش ئەندام بوون، واتا سێ خولە ئەندامی پەرلەمانن، ١٦ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولە پێشووتر وەزیر بوون لە کابینە جیاجیاکانی حکومەتدا، زیاتر لە ٢٠ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوون، ٤ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولە پێشووتر پارێزگار بوون، دەشڵێت: "ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە عیراق لە نێو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە و باڵادەستەکانی ناو پارتەسیاسیەکان ئاڵوگوڕ بە کورسیەکانیان دەکەن لەنێو ئەو بازنە داخراوەدا".

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا بڵێسە ڕایگەیاندوە، ڕاستە ھەموو ھەڵبژاردنێک کۆمەڵێک دەمووچاوی نوێ پەیدا ئەبن بەڵام ئەوانەی نەخشەی سیاسی ئەم وڵاتە دادەڕێژن و رەسمی نەخشەڕێگا دەکەن خۆیان لەو بازنە داخراوەدا دەبیننەوە دووبارە و چەندبارە دەبنەوە.