بکوژی هەڤرین خەڵەف کرایە فەرماندەی فیرقەی ٨٦
دەسەڵاتی شام سەرچەتە ئەحمەد ئەلهایس "حاتەم ئەبو شەقرا"ی کردە فەرماندەی فیرقەی ٨٦، کە ساڵی ٢٠١٩ هەڤرین خەڵەف، سکرتێری گشتیی پارتی سووریای ئایندەی شەهیدکرد، ناوی ئەبو شەقرا لەنێو لیستی سزاکانی ئەمریکادایە.

ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی بەرگریی حکومەتەکەی شام، سەرچەتە ئەحمەد ئەلهایس "حاتەم ئەبو شەقرا"ی کردە فەرماندەی فیرقەی ٨٦، کە ساڵی ٢٠١٩ هەڤرین خەڵەف، سکرتێری گشتی پارتی سووریای ئایندەی شەهیدکرد و کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک “تاوانی جەنگ” پێناسەی کرد.
هەروەها بڕیاری دانانی ئەبو شەقرا وەک فەرماندەی فیرقەی ٨٦ تووڕەییەکی زۆری لای کوردان بەدوای خۆیدا هێنا.
سەرچەتە ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس سەر بە چەتەکانی “ئەحرار شەرقیە”ـە، بەرپرسە لە تاوانی شەهیدکردنی هەڤرین خەڵەف و شۆفێرەکەی فەرهاد ڕەمەزان لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، ئەم تاوانە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بەشێوەی جەماوەریی شەرمەزار کرا.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی پێشێلکارییەکان دژی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنی سەدان خەڵکی مەدەنی لەو زیندانەی کە ئەبو شەقرا بەرپرسی بوو، سزای بەسەر ئەبو شەقرا و چەند چەتەیەکی “ئەحرار شەرقیە” سەپاند.