بەهرە عوسمان: ژنانی زیندانی سیاسیی لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراون

بەهرە عوسمان لە ئاداری ساڵی ١٩٨٧ـدا دوای دەستگیرکردنی براوەتە ئەمنە سوورەکەو تا مانگی تەمووزی هەمان ساڵ هێڵدراوەتەوە، بەهۆی توانای لە قسەکردن بە زمانی عەرەبی و وەڵامدانەوەی لێکۆڵەرەکان، گومانی ئەوەی لەسەر دروست ببوو کە ئاخۆ ئاگاداری سیاسەتە یان بێئاگایە

دێرین ڕەحیم

سلێمانی - ژنانی کورد هەمیشە لە خەباتدا بوون و لە باشووری کوردستان لە ساڵانی حەفتاکان تا سەرەتای نەوەدەکان ژنان لەدژی ڕژێمی بەعس تێکۆشانیان کرد، یەکێک لەو ژنانە بەهرە عوسمان، زیندانیی سیاسیی دێرینە، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو قۆناغە گرنگەکانی ژیان و خەباتی بۆ گێڕاینەوە.

 

بەهرە عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، ڕژێمی بەعس ڕژێمێکی سەرکوتکەر بوو بەردەوام لەسەنگەردا بوو بۆ کورد، بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی چونکە شارێکی زیندوو بوو و شاری بزووتنەوەو بەرخۆدان وخۆپیشاندان بوو، شاری پەروەردەکردنی ئەو کادرە حزبیانەبوو کە لەسەردەمی ڕژێمدا لەشار و لەشاخ کاریان دەکرد، هەرچی هێز وتوانا وتوندوتیژی هەیە ڕژێمی بەعس لەم شارە کۆیکردبۆیەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەرەنگاری ڕژێمەکەی بووەستانایە بێگومان دەستگیری دەکردن، جۆری دەستگیرکردنەکەی ئێمە شێوەیەکی جیاوازی هەبوو، ئێمە لەماڵەوە دەستگیر کراین زۆرە قورس بوو هاوسەرگیریم کردبوو، ماڵم لەکەرکوک بوو سالی ١٩٨٦بەکارێک چوومە دەرەوە ئەو کاتانە من لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووم، لەڕێگا تووشی شەرێکی قورسی جاشەکان بووین پەلاماری پێشمەرگەیان دابوو، لەڕێگای قەرەداغ لەکاتژمێر ٧بەیانی تا ٥ئیوارە ئێمە لەشەڕەکەدابووین، جاشەکان ئێمەیان کردبوو بەسەنگەری خۆیان بۆیە پێشمەرگە دەستیان لێنەکاتەوە، بەهەر شێوازێک بێت ڕزگارمان بوو لەدەستی جاشەکان، پێشمەرگە لەپشتەوە هێرشی بۆ کردن چووینەوە دێی قارەمان و گڵە زەردەو بەپێ هاتمەوە بۆ سلێمانی، کە هاتمەوە بۆ ماڵی باوکم، کاتێکی زۆر کەمی پێچوو وامانزانی هاتوون من بۆ ئەوەی دەستگیرم بکەن، بەڵام براکانم ئیخباری کرابوون دوای نانخواردن قوات خاسە و ئەمن و خۆفرۆشیان لەگەڵ بوو دایان بەسەرماندا، ئاگادار نەبووین نازانین لەدەرگاوە یان لەسەربانەوە هاتن، هەموو مانیان خستە ژوورێکەوە ماڵەکەیان هەمووی پشکنی، ئەو کاتە هیچیان نەدۆزیەوە، هەردوو براکەمیان زیندانی کرد، ئێمەش لە ماڵی خۆمان ماوەی سێ مانگ دەستبەسەر کراین، بێ تەلەفۆن و بێ ئاگاداری لە جیهانی دەرەوە، ناچاریشیان دەکردین چا و خواردنیان بۆ ئامادە بکەین، بەڵام هۆکاری زیندوومانەوەی ئێمە بەهۆی ئەوە بوو زمانی عەرەبیم باش بوو، پێیان سەیر بوو ژنێک عەرەبی بزانێت، بەردەوام چاودێری باوکمم دەکرد کە گوێی لەهەواڵەکان دەگرت، ئەمانە کاریگەری تەواوی لەسەر من هەبوو، لەخیزانەکاماندا من و ژیانی خوشکم بەردەوام کارمان دەکر جارێکیان ئیخباری کراین، لە ڕانیە بووین خوشکەکەم نامەیەکی بە پەلەی بۆ ناردم وتی هەموو هاوڕێکانت دەستگیراون  خۆت دەرباز بکەو نەیەیتەوە.

 

" زیندانەکە پڕ بوو لە ژن و منداڵ بێبەزەییانە ئەشکەنجەیان دەداین"

وتیشی: لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی ١٩٨٧دا دەستگیر کرام و برامە ئەمنە سوورەکە و تا مانگی تەمووزی هەمان ساڵ لەوێ هێڵدرامەوە بەهۆی توانای لە قسەکردن بە زمانی عەرەبی و وەڵامدانەوەی لێکۆڵەرەکان، گومانی ئەوەی لەسەر دروست ببوو کە ئاخۆ ئاگاداری سیاسەتە یان بێئاگایە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاسانکاری و ڕزگاربوونی لە ئەمنی بەعس، شوێنێک کە لە ترساندا کەس نەیدەوێرا سەری هەڵبڕێت، لێکۆڵینەوە لە تەواوی خێزانەکەمان تەنانەت منداڵە بچووکەکەشمان کرا، لەبەر ئەوەی گەنج بووم پێموابوو لەژێر ئەشکەنجەدا سزای لەسێدارەدانم بەسەردا دەسەپێنن، هەرچەندە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ من و هاوڕێیانم سەرگوڵ و چنار درابوو بەڵام دوای ئاشکرابوونی شوێنەکەمان، لەگەڵ هاوژینەکەمدا توانیمان هەڵبێین، زیندانەکە پڕ بوو لە ژن و منداڵ جەلادەکان بێ جیاوازی و دڵڕەقانە ئەشکەنجە و جەنگی دەروونییان بەرامبەرمان ئەنجامداوە، تەنانەت بچووکترین دەمەقاڵێش لەگەڵ جەلادەکان، دەبووە هۆی ڕەوانەکردنیان بۆ ژووری تاکەکەسی، هاوڕێیانم سەرگوڵ و چنار سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بەڵام ساڵی ١٩٨٤ لە ڕێی ئاڵوگۆڕی دیلەوە ڕزگار کران، سەرگوڵ بۆی گێڕامەوە پێش ئازادکردنیان، جەلادەکان پەتەکەیان دەخستە ملیان تا لە ترسی مەرگدا بهێڵدرێنەو، بێئاگایی لە چارەنووسی براکەم بۆ دوو ساڵ، بیرەوەرییەکی تاڵ بوو، لە دوایین لێکۆڵینەوەی لە ئەمنەسوورەکە سەرلەنوێ بانگیان کردینەوە و پرسیاریان لێ کردین، بەڵام بۆ ئەوەی هەست بەهیچ نەکەن، تەواو خۆڕاگر بووم و نەشڵەژام، دوای ئازادکردنمان، بڕیاریان دا کە دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کەرکوک چۆڵ بکەین و بە زۆر ناسنامەکانیان گواستەوە بۆ سلێمانی، تەواوی ئەو هەموو ئازار و ماڵوێرانییەی بەسەرمان هات، تەنیا لەپێناو ئازادیی خاک، نیشتیمان و ژناندا بوو.

 

"بە بەرخۆدانی ئێمە ئازادی بەدیهات"

بەهرە عوسمان، لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: ماوەی ٤٠ساڵ کاری حزبیم کردوە بەبێ دابڕان و بەبێ ئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان لەو خەباتەی کردەومە پەشیمان بم، چونکە ئێمە پەروەردەیەک کراین ئینتمای نەتەوەییمان هەبوو، زۆر گرنگە بۆ هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە کە هەیبێت ئەگەر لەحزب و دەرەوەی حزب کاربکات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەیبینم ئینیتمای نەتەوەیی نەماوە گەنجەکانمان زۆر بێمنەتن لەو ڕاپەڕین و خەبات و ماندووبونەی کەئێستا ئەم زەمینەیەی بۆ ڕەساندوون کە بەژیانێکی ئازادانە بژین هیچ سانسۆریەک. قورسیان لەسەر نیەو بەئازادانە دەژین و هاتوچۆ دەکەن، ئەو ڕۆژانەی ئێمە تێمانپەڕاند ڕۆژانی زۆر قورس بوو، گەیشتبووینە ئەو ئاستەی ژیانی خۆمان دەخستە مەترسییەوە لەبەر ئەوەی زەرەر نەهێنین و نەکەوینە بەردەستی بەعس، ئێستا ئینتیمای نەتەوەیی زۆر کەم بۆتەوە، هیوادارم گەنجەکان ئەو ڕێبازەیی ئێمە گرتومانە ئەو هەستە نەتەوەییە ئێمە هەمانە ئەو خۆ پەروەردەکردنەی ئێمە هەمانە، ئەوانیش ئەوانە پیادەبکەن، وانەزانن ئەم ئازادیەی ئێستا هەیە، لەسەر سینیەکی زێڕین بۆمان هاتووە، بەڵکو بەقوربانی دان و هەوڵ و ماندبوون وبەرخۆدانی ئەم چینەی ئێمە لەساڵەکانی رابردوودا کە کردوومانە، ئێمە بە نیازی ئەمە نەبووین ئەم ئازادیە بەرجەستەیە بێت، ئێمە بەنیازی شەهید بوون بووین، هیوادارم ئەم ئازادییە ئەم دەستکەوتە لەدەست نەدرێت، ئەوان تەواوکەری ڕێگاکەی ئێمەبن.