بانگەوازی ژنان: دەبێت بکوژانی ژنان لە کەناراوەکانی سووریا سزا بدرێن
بەرێوەبەرانی ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دێموکراتیک، کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ژنانی سووریایان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند کە دەبێت بکوژەکان سزا بدرێن و ئەو تاوانانەی ئەنجام دراون بخرێنە ڕوو، ژنان دەڵێن: کەس کوشتنی ژن قبوڵ ناکات.

سۆرگول شێخۆ
تل تەمر– ئەو خەڵکەی لە کەناراوەکانی سووریا دەژین، لەلایەن گرووپی جیهادی هەتەشەوە ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی و هێرشی جینۆساید بوونەتەوە، زیاتر لە دوو هەزار ژن و منداڵ کوژراون، هێشتا کۆمەڵکوژییەکان بە شێوەیەکی نهێنی بەردەوامن. ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر کوشتنی ژنان لە شارە کەنارییەکانی سووریا دەربڕی، خولود عەبدۆ، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، عەبیر عەلی، بەڕێوەبەری ئیدارەی دامەزراوەی ئایینی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، ئاهین شەریف، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر ئەو بابەتە قسەیان کرد.
‘هیچ ئایین و بیروباوەڕێک داوای کوشتنی ژنان ناکات’
خولود عەبدۆ، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک، کوشتن و کۆمەڵکوژی ژنانی دانیشتووی شارە کەنارییەکانی سووریای ئیدانە کردو باسی لەوە کرد کە کوشتنی ژنان لە هیچ ئایین و باوەڕێکدا پەسەند نەکراوە وتی: لە ئیسلامدا دەوترێت کە نابێت مرۆڤ بە تایبەت ژنان بکوژرێت، چونکە لە شەڕەکانیشدا باس لەوە کراوە کە ژنان بپارێزرێن، ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییانە قبوڵ ناکەین، کوشتنی ژنان کوشتنی ژیانە، لە کەناراوەکانی سووریادا هیچ کەسێک مافی کوشتنی ژنی نییە. ئێمە ڕووداوی کوشتنی ژینا ئەمینی کە بەهۆی قژیەوە کوژرا، بە جیاواز نابینین لەو ڕووداوانەی کە ئەمڕۆ ژنان لە کەناراوەکانی سووریا تێیدا دەژین، لێرەوە داوای کۆتاییهێنان بە کوشتنی ژنان دەکەین.
‘کوشتنی ژنان بۆ شۆڕشی ژنان و دیموکراتیزەکردنی سووریا مەترسیدارە"
عەبیرعەلی، بەڕێوەبەری ئیدارەی ئایینی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک سەرنجی بۆ کردەوەکانی ئیدارەی کاتی هەتەشە لە دژی ژنانی سووریا و بەتایبەت ژنانی عەلەوی ڕاکێشا، فەرموودەی حەزرەتی محەمەدی بە بیری هێناوە و وتی: لە فەرموودەی پێغەمبەردا، دەوترێت میهرەبانبن لەگەڵ ژنان، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لە ئیدارەی کاتی دەپرسین، تۆ چی دەکەیت لەگەڵ ژنان؟ ئەوان میهرەبان نەبوون لەگەڵ ژنان، ئێستا ئەوان ژن دەکوژن، دەستدرێژی دەکەنە سەریان، گرووپە جیهادییەکان هیچ شتێکیان لە ئایینی ڕاستەقینەی ئیسلام لەسەر زەوی جێبەجێ نەکردووە و ئایینی ئیسلامیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێناسە کردووە، هەر بۆیە ئەو کردەوانەی لە بەرامبەر ژنان دەکرێت ئیدانە دەکەین، کوشتنی ژنانی سووریا و بەتایبەت ژنانی عەلەوی مەترسی لەسەر یەکڕیزی و دیموکراسی سووریا دروست دەکات، لەبەرئەوەی شۆڕش و کۆمەڵگەکان لەلایەن ژنانەوە بونیاد دەنرێن، شۆڕشی ژنان کە لەسەر بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە، بەردەوامە، کوشتنی ژنان لە کەناراوەکانی سووریا مەترسی لەسەر ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست دەکات کە بەشدارییان لە شۆڕشدا کردووە، لێرەدا داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕابگرن کە لە دژی ژنانی عەلەوی ئەنجام دەدرێن.
"ئەوانەی ئەمڕۆ ژنانی عەلەوی دەکوژن، دوێنێ ژنانی ئێزدییان کۆمەڵکوژ دەکرد"
ئاهین شەریف، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند کە سووریا، پێویستە ئیدارەی خۆبەرێوەبەری، بە نموونەیەک بۆ خۆی وەربگرێت و نابێت لە سووریای نوێدا ژنان بکوژرێن، پێویستە ئایین و باوەڕ و پێکهاتە و نەتەوە بپارێزرێت، دەبێت ڕێز لە ئازادی تاکەکان بگیرێت، نابێت هیچ هێرشێک دژی ئایین و باوەڕیان هەبێت و هیچ ڕێگەیەک بۆ کوشتن هەبێت، خۆبەڕێوەبەری هەموو پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت، بەبێ گوێدانە ناسنامەیان. ، ئیدارەی کاتی سووریا دەبێت ڕێز لە هەموو گەلان و نەتەوەکان بگرێت و بیانخاتە ناو سووریای نوێ، هێرشەکانی سەر ژنان لە کەناراوەکانی سووریا هەمان هێرشەکانی سەر ژنانی کوردی ئێزدی و ژنانی سەرێکانییە کە بەهۆی داگییرکارییەکانی دەولەتی تورکیا رووبەڕووی فشار و کۆچبەری بوونەتەوە.
"کوشتنی ژنانی عەلەوی لەژێر پاراستنی داگیرکەری تورکیادایە"
ئاهین شەریف جەختی لەوە کردەوە کە دەستی دەوڵەتی تورکیا لە کوشتنی ژنانی عەلەویدایە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک چۆن دەستی دەوڵەتی تورکیا لە کوشتنی ژنانی عەفرین و سەرێکانیدا بوو، دەستی ئەوانیش لە کوشتنی ژنانی عەلەویدایە، بەو پێیەی ئێستا گرووپی جیهادی هەتەشە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکدایە، هەروەها پشتگیری لەو گروپانە دەکرد کە سەر بە خۆیان بوون، بکوژی ژنان و گەلی عەلەوی ئێستا لەژێر پاراستنی دەوڵەتی تورکیادان، لە سەرێکانیای داگیرکراودان، داوا لەو دامودەزگا و ڕێکخراوە یاساییانە دەکەین کە مافی مرۆڤ و ژنان بپارێزن و بەرپرسیارێتی خۆیان بەو شێوەیە ببینن، و ئەو ڕووداوانەی لە کەناراوەکانی سووریا ڕوودەدەن دەبێت تیشکیان بخرێتەسەرو ئاشکرا بکرێن و بکوژەکان سزای پێویست وەربگرن، نابێت جیهان بێدەنگ بێت لەم ڕووداوە بە ئازارانە، چونکە ژنان پێشەنگی کۆمەڵگەن.