بانگەوازی پەیمانگەی ئەندریا وۆڵف بۆ بەرگری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا
ئەندامانی ئینتەرناسیۆنالیست لە پەیمانگەی ئەندریا وۆڵف لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ یەکگرتنی نێونەتەوەیی لە پێناو بەرگریکردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و داهاتوویەکی ئازاد کە ئیرادەی هەموو گەلانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خۆ بگرت بانگەوازییان کرد.
ناوەندی هەواڵ
لە بەردەوامی هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەندامانی ئینتەرناسیۆنالیست لە پەیمانگەی ئەندریا وۆڵف سەر بە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوا لە راگەیەندراوێکدا، کە دوێنێ ١٣ی کانوونی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، بانگەوازێکی خێرا بۆ جوڵە لە پێناو بەرگری لە شۆرشی ڕۆژئاوا و بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتی دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە زیاددبوونی هێرشەکانی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، سیاسەتی جینوساید و داگیرکاری زیاد دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئامەنەش بەشێکێن لە سیاسەتە بەرژەوەندیخوازەکانی ڕۆژئاوایی بۆ پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە بەرخۆدانێک کە لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت خەباتێکە لە پێناو ئازادی ژن و سروشت، بەڵام ئەمەی ئێستا ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات هەمان عەقڵیەت و تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی، کە چەکدارانی داعش پێش ١٠ ساڵ لە کۆبانێ یان ڕەققە یان شەنگال ئەنجامیاندا بە بیرمان دەهێننەوە.
هەروەها لە کۆتاییدا تیشک دەخەنە سەر ئەوەیکە بە هێزی یەکگرتووی ژنان بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ڕۆژئاوا.
دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
بانگەوازێکی خێرا بۆ جوڵە لە پێناو بەرگری لە ڕۆژئاوا و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک
ئێمە، ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە پەیمانگەی ئەندریا وۆڵف سەر بە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوا، بانگەوازی یەکگرتنێکی نێونەتەوەیی بەهێز دەکەین بۆ بەرگری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و داهاتوویەکی ئازاد کە ئیرادەی هەموو گەلانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆبگرێت.
لە ٢٧ی ئیشرینی دووەم- نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ەوە، گروپە جیهادیستەکان دەستیان بە هێرشی سەربازی گەورە کرد لە سوریا، بە ئامانجی ڕووخاندنی دیکتاتۆریەتی ئەسەد و دامەزراندنی مۆدێلی دەوڵەتێكی ئیسلامی. لە هەمان کاتدا ئەم گروپە جیهادییانە، هێرشەکانیان لە دژی گەلی کورد و هەموو کۆمەڵگاکانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕ کردەوە بە ڕێنمایی و بەشداری ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای تورک. ئەمەش سیاسەتەکانی جینۆساید و جەنگەکانی جینۆساید و جەنگەکانی داگیرکاری کە بەسەر گەلانی کوردستان، فەلەستین و لوبنان و سووریادا سەپێنراون زیاد دەکات، وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی باڵادەستیی ڕۆژئاوایی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بەپێی بەرژەوەندییە سەرمایەدارییەکان.
لە بەرامبەردا، بەرخودان لە ڕۆژئاوا خەباتێکە لە پێناو ئازادی ژن و بەرگریکردن لە ژیانی ژنان لە هەر دەستدرێژی، توندوتیژی، فێمیساید-قڕکردنی ژن و لە پێناوی پاراستنی داهاتووی منداڵان و خەون و خەیاڵەکانیانە، خەباتێکە لە پێناو بەرگری لە سروشت و زەوی؛ بۆ ڕێگری لە هەڵکەندنی دارزەیتوونەکانی عەفرین لەلایەن داگیرکەرانەوە، و بۆ ڕزگارکردنی هەموو ڕووبارەکانی ناوچەکە کە بەهۆی پڕۆژەکانی بەنداوی تورکیاوە وشک کراون. بەرخودانێکە دژی هەموو سیستەمە دیکتاتۆری و توندوتیژەکان و خەباتێکە لە پێناو مافی چارەنووسی خۆنووسین و خۆسەری دیموکراتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوودەدات، دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشمان لە ئێران بیر دێنیتەوە کە لە ١٩٧٩ لەلایەن مەلاکانەوە دەستی بەسەردا گیرا، یان گەڕانەوەی سیستمی فاشیستی تاڵیبانمان لە ئەفغانستان بە بیر دێنێتەوە. ئێمە هەمان عەقڵیەت و تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی دەبینین کە چەکدارانی داعش پێش ١٠ ساڵ لە کۆبانێ یان ڕەققە یان شەنگال ئەنجامیاندا. ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر خۆسەری دیمورکاتی یاخییەکان نیین لە ڕژێمی ئەسەد بەڵکو گروپی جیهادین کە دەوڵەتی تورک سەرکردایەتیان دەکات و هەوڵی دامەزراندنی خەلافەت دەدەن لەسەر بنەمای یاساکانی شەریعەت. ژنانیان وەک بارمتە گرتووە بە مەبەستی فرۆشتن یان دەستدرێژی یان کوشتن. کەسانی تر ناچارکراون ماڵەکانیان بە خێزانەکانیانەوە بەجێبهێڵن. ٢٠٠,٠٠٠ کەس بۆ جاری دووەم لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، دوای داگیرکردنی عەفرین ئاوارە کرانەوە. جارێکی تر، جەنگێکە کە ژنان گەورەترین باج دەدەن، هەروەها گەلی کورد و پێکهاتەی مەسیحی، عەلەوی و دروزی و ئێزیدییەکان کە لە هەر شوێنێک گروپە جیهادییەکانی پێدا تێپەڕیبێت، سەربڕدراون.
وەک لە ڕابردوودا، ئەمڕۆش بە هێزی یەکگرتووی ژنان بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ڕۆژئاوا، لە هەموو بەرەیەک، لە هەموو شارۆچکە و گوندێکی ڕۆژئاوا، ژنان بەشێکن لە بەرخودانی چالاک، ژنان خواردن ئامادە دەکەن، پەناگە و دەرمان بۆ ئاوارەکان ڕێکدەخەن، ژنان بێوچان کار دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئێستا؛ چەک هەڵدەگرن بۆ شەڕکردن لە ڕیزەکانی هێزەکانی خۆپاراستنی جەوهەری کۆمەڵایەتی ژن و هێزەکانی پاراستنی ژن- یەپەژە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک دژی هێرشەکانی گروپە جیهادییەکان و سوپای داگیرکەری تورک.