سزا یاساییە جێبەجێ نەکراوەکانی توندوتیژی خێزانی

یەکێک لە کێشەکانی ناو کۆمەڵگا توندوتیژی خێزانییە پاشان ئەم توندوتیژیە باڵ دەکێشێت بۆ ناو کۆمەڵگا، بەپێی یاساکانیش هەر هەڵسوکەوتێکی توند بە توندوتیژی هەژمار دەکرێت، میدیاکانیش ڕۆڵیان لە هۆشیاری کۆمەڵگەدا هەیە.

 

 شنیار بایز

سلێمانی - چەمکی توندوتیژی رۆژانە بە وشە بەر گوێمان دەکەوێت یاخود بە شێووەیەکی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، لە بنەڕەتدا وشەیەکی  لێکدراوە و پێک دێت لە وشەی (توند) کە لە زمانی کوردیدا بە واتای ڕەفتارێکی ڕەق بەکاردێت، هەروەها وشەی (تیژ) بە واتای ڕۆیشتنی خێرا دێت و ئەگەر وشەکان لە یەکتر بدەین واتای تیژڕەوێکی ڕەق دەبەخشێت، وەک لە واتاکەیەوە دیارە ئەنجامدانی ڕەفتاری ڕەق، بەزاندنی سنورەکان، سەپاندنی بیر و فکری تاکە کەسی دەگرێتەوە و سەرەتا لەناو خێزانەوە دەست پێدەکات و پاشان باڵ دەکێشێت بەسەر هەموو کۆمەڵگادا، دوو جۆر توندوتیژی هەیە ئەوانیش ماددی و دەرونی، توندوتیژی ماددی بە ئاشکرا مەبەست لێی کوشتن و هەڕەشەکردن و ترساندنی کەسی بەرامبەرە بە شتێک، بەڵام توندوتیژی دەرونی کار لەسەر هەست و دەرونی تاکێک دەکات، توندوتیژی خێزانیش بەشێکە لە توندوتیژی دەرونی.

توندوتیژی خێزانی هەر جۆرە پێشێلکاریەک و وتەیەک دەگرێتەوە لەناو خێزاندا بەبێ جیاوازی بەرامبەر بە یەکتر ئەنجامی دەدەن، پیاوان بەرامبەر ژنان یاخود ژنان بەرامبەر پیاوان یاخود بەرامبەر منداڵ ئەنجام دەدرێت و کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی پەروەردەی کۆمەڵگا دروست دەکات، هەروەها ناڕۆشنبیری و دواکەوتنی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیدا بە پێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ جۆرەکانی توندوتیژی خێزانی دابەشکرد بۆ چەند بەشێک، لەوانەش:

بە زۆر بەشودانی منداڵ، زۆر لێکردن بۆ هاوسەرگیری، خەتەنەکردنی مێینە، تەڵاقدانی بە زۆر، بڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، خۆکوشتن بە کاریگەری توندوتیژی خێزانی،ناچارکردنی منداڵ لەسەر کار کردن و وازهێنان لە خوێندن، زۆر لێکردنی پیاوان لە هاوژینەکانیان بۆ لەشفرۆشی و داوێن پیسی، لێدانی تاکەکانی خێزان بە هەر بیانویەک بێت، جنێودان و هاوارکردن و بە شودان لە بری خوێن.

هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی توندوتیژی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناو کۆمەڵگاکەیدا باڵی کێشاوە بە هۆی کلتوری کۆمەڵگا و و سیستمی پیاوسالاری، لە ئێستادا نەبوونی کار، قەیرانی دارایی و نەبوونی دەوام لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان کاری کردۆتە سەر باری دەرونی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا و وای کردووە ڕێژەی توندوتیژی خیزانی ڕوو لە زیاد بوون بێت، لە کاتێکدا پەروەردەی خێزان بە گشتی و بە تایبەت منداڵ زۆر گرنگە بۆ ڕوونەدانی ئەم جۆرە توندوتیژیانە، و چارەسەرێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی، بەڵام نەبوونی سیستمێکی باش لە خوێندنگەکاندا وای کردووە هۆشیاری کۆمەڵگە ڕوو لە کەم بوونەوە بکات و پەروەردەیەکی تۆکمەمان نەبێت.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن کاریگەریان لەسەر توندوتیژییەکان هەیە

دکتۆر ئاسۆس نامیق، مامۆستای زانکۆ دەربارەی یاسای توندوتیژی خێزانی بۆ ئاژانسی ژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی یاسایەکی تایبەتە و لە ژێر ڕوناکی یاسای سزادانی عێراقیدا دەرچووە، لە یاساکەدا هاتوە هەر جۆرە توندوتیژیەک بەرامبەر پیاوان و ژنان و هەر تاکێکی خێزان بکرێت تاوانە و لە بەرامبەردا ڕوبەڕوی یاسا و سزا دەبێتەوە، بە هۆی زۆری توندوتیژی خێزانیەوە و بێدەنگ کردن و کپ کردنەوەی تاوانەکە لەلایەن خودی خێزانەکانەوە چالاکوانانی بواری ماف و خێزان یاسایەکی تایبەت بەم پرسە دابنێن تا لایەنێکی تایبەتمەند کاری لەسەر بکات و بتوانن ڕێژەی توندوتیژی کەم بکەنەوە.

دەربارەی ناساندنی یاساکە لە لای تاکەکانی کۆمەڵگا دکتۆر ئاسۆس ئەوەی خستە ڕوو کە کاری زۆر کراوە بۆ ناساندنی یاسەکە  بەڵام بەداخەوە مافی تەواوی پێنەدراوە چونکە کۆمەڵگا بە پرسی تایبەت بە ژن لێی تێگەیشتوون نەک ئەندامانی خێزان، بە پێی بۆچونی ئاسۆس نامیق یەکێک لە ڕێگەکانی ناساندنی یاساکانی توندوتیژی خێزانی، دەزگاکانی ڕاگەیاندنە کە پێویستە پڕۆسەیەکی درێژخایەنیان هەبێت بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

 

دادگا پارێزگاری لە تاوانلێکراو دەکات

بە پێی یاسای ٨ی ساڵی ٢٠١١ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان، لە ماددەی دووەمدا باس لەو کردارانە دەکات بە توندوتیژی خێزانی هەژمار دەکرێت و مافی سزادانی تاوانبار دیاری کراوە، وە تیاشیدا هاتووە هەر تاکێکی کۆمەڵگا توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بکرێت مافی ئەوەی هەیە لە دادگا سکاڵا بکات و دادگا پارێزگاری لێدەکات.

بۆ هەر تاوانێک، سزایەک دیاری کراوە

هەر کەسێک هەوڵی خەتەنەی مێینە بدات سزا دەدرێت بە بڕێک لە یەک ملیۆن دیناری عێراقی کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، هەرکەسێک کرداری خەتەنەی مێینە ئەنجام بدات سزاکەی خستە زیندان دەبێت کە ماوەکەی لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، بڕە پارەیکیش دیارکراوە کە لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و زیاتریش نەبێت لە ٥ ملیۆن دینار. یاخود هەرکەسێک لە دکتۆر، مامان و کیمیاگەر تاوانبار بن بە ئەنجامدانی خەتەنەی مێینە، ماوەی کارکردنەکەی لێدەسەندرێتەوە بۆ ماوەیەک کەمتر نەبێت لە ٣ ساڵ، وە هەر تاوانبار کردنێک بە توندوتیژی خێزانی سزا دەدرێت و بە جیاوازی توندوتیژییەکە سزاکەشی دەگۆڕێت.

خەتەنە کردنی مێینە یەکێکە لە توندوتیژیەکانی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، لە بنەڕەتدا هۆکارەکەی بیر و باوەڕی کۆنەپەرستییە، پێیان وایە خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆی پاراستنی پاکیزەی مێیە، ئەوەش زیاتر لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکانی ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت، هەندێک جاریش لە کاتی ئەنجامدانی خەتەنە کردندا مێینەکە گیانی لە دەستداوە.

ساڵی ٢٠١٣ ڕێکخراوی یونیسێف، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە کە زیاتر لە ١٢٥ ملیۆن ژن بە دەرئەنجامەکانی خەتەنەوە دەناڵێنن، لە هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٤ سەرژمێرییەک لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری ژنان بە پاڵپشتی ڕێکخراوی یونیسێف و بە بەشداری ڕێکخراوی هارتلاند ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە لە شەش هەزار ژن لە هەرێمی کوردستان ٣٣٪ خەتەنە کراون، ئەوەی تێبینی دەکرێت ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت، خەتەنە کردنی مێینە بەرەو کەمبونەوە دەچێت ئەوەش لە دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی خەتەنەکردنی مێینەی بە تاوان ناساند.

یاسای پاراستنی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی

لە مادەی چوارەمی یاساکەدا و لە خاڵی یەکەمدا باس لەوە دەکات لەسەر داوای یەکێک لە تاکەکانی خێزان یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات دادگای تایبەتمەند دەتوانێت فەرمانی یاسای وەک پاراستنێکی کاتی دەربکات، بە مەرجێک فەرمانەکە ماوەی پاراستنەکە لە خۆ بگرێت و پێویستە لەسەر دادگا ماوەکە درێژ بکاتەوە.

لە خاڵی سێیەمی هەمان ماددەدا پێکهاتەکانی پاراستنی خێزانی ڕونکراونەتەوە، بریتین لە:

١-  وەرگرتنی بەڵێن لە شکات لێکراو کە توندوتیژی نەکاتە سەر زیانلێکەوتوو یان هەر تاکێکی تری خێزان بێت.

٢- گواستنەوەی زیانلێکراو بۆ نزیکترین بنکەی تەندروستی لە کاتی پێویستدا.

٣-  بە بڕیاری دادگا شکات لێکراو نەگەڕێتەوە ماڵی خێزانی خۆی بە مەبەستی هەبوونی مەترسی بۆسەر گیانی شکاتکار یان هەر تاکێکی تری خێزان.

لە ئەگەری پێشێلکردنی فەرمانی پاراستن، سەرپێچیکار بۆ ماوەیەک دەستگیر دەکرێت لە ٤٨ کەمتر نەبێت یان سزای ماددی دەدرێت بە بڕێک لە ٣٠٠ هەزار کەمتر نەبێت، لە کاتێکدا دادگای کردنەکە بەردەوامە، پێویستە دادگا فەرمانێک دەربکات بۆ دورخستنەوەی زیانلێکراو لە مەترسی، بەوجۆرە زیانلێکراو یان نوێنەرە یاساییەکەی داوای دەرکردنی ئەم فەرمانە یاساییە دەکەن، دادگا مافی هەیە فەرمانی پاراستن بدات،لە کاتی ڕوودانی توندوتیژیەکی خێزانی ئاماژە بۆ نەکراو لە چوارچێوەی یاساکەدا، ئەوا دادگا کار بە یاسای سزادانی عێراقی، یاسای بنەماکانی دادگای کردنی سزادان، یاسای باری کەسێتی و یاسا بەرکارەکانی تر دەکات لە هەرێمی کوردستان.

سەرەڕای بوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بەڵام بەهۆی نا هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگا و ئاگادار نەبوون لە یاساکان و تەنانەت ئەوەشی کە نازانرێت چی بە توندوتیژی دادەنرێت دەبنە هۆکار بۆ داوا نەکردنی مافی تاکەکەس و سکاڵا تۆمار کردنیش لای خێزانەکان بە عەیبە و ئابڕووچوون دادەنرێت.

 

 

ت.پ