شۆڕشی ژنان لە ئاشکرا کردنی تاواندا؛ چۆن ژنانی کوردستان متمانە بۆ لێکۆڵینەوە دەگێڕنەوە؟
لێکۆڵینەوە لە تاوان وەک پڕۆسەیەکی زانستی و یاسایی ورد ئامانجی سەرەکی گەیشتنە بە ڕاستی و دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە ڕووداوەکاندا، لە ئێستادا لە باشووری کوردستان بە کردنەوەی بەشی پسپۆڕی لێکۆڵینەوە لە تاوان وەرچەرخانێکی گەورە لەڕێیە.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری ئەم بابەتە دەبێت بزانین تاوان لە ڕووی یاساییەوە بریتییە لە هەر کارێک یان پاشەکشەکردنێک لە کارێک کە یاسای سزادان قەدەغەی کردبێت و سزای بۆ دیاریکردبێت کە ئەمەش پێشێلکردنی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەیە کە دەوڵەت پارێزگاری لێ دەکات و لە ڕووی زانستییەوە هەر تاوانێک لە سێ ڕەگەزی سەرەکی یاسایی و ماددی و مەعنەوی پێکدێت و تاوانبار ئەو کەسەیە کە بەپێی بەڵگەی تەواو دەسەلمێنرێت کە ئەنجامدەر یان هاوکار بووە و تا کاتی بڕیاری دادگاش بە تۆمەتبار دەناسرێت چونکە بنەما ئەوەیە کە مرۆڤ بێتاوانە تا دەسەلمێنرێت و شێوازی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی دەبێت لە پاراستنی شوێنی تاوان و دەستنەدان لە بەڵگەکان و وێنەگرتن و هەڵگرتنەوەی پەنجەمۆر و نمونەی بایۆلۆژی دەست پێ بکات و لێکۆڵەر دەبێت خاوەنی ژیرییەکی لۆجیکی بێت بۆ بەستنەوەی سەرەداوەکان بە یەکترەوە و دوورکەوتنەوە لە هەر فشارێکی دەروونی یان جەستەیی دژ بە تۆمەتباران چونکە لێکۆڵینەوەی سەرکەوتوو تەنها لەسەر بنەمای زانستی و بەڵگەی بێدەنگ بونیاد دەنرێت.
ئەم وەرچەرخانە زانستییەی لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە خوێندکاران ئاشنا دەکات بە تەکنەلۆژیای نوێی وەک پشکنینی دی ئێن ئەی و لێکۆڵینەوە لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دامودەزگا ئەمنییەکان لە داهاتوودا تەنها پشت بە کادیری شارەزا ببەستن و ئەمەش ئاستی تاوانکاری کەم دەکاتەوە و بونیادی کۆمەڵگەیەکی ئارامتر دەنێت کە تێیدا مافی مرۆڤ پارێزراو دەبێت و تاوانباران دەزانن ناتوانن لە چاوی زانست و یاسا ڕزگاریان بێت و هەر ئەمەش وای کردووە خواستی خوێندکاران بۆ ئەم بەشە نوێیە لە پەیمانگاکان ڕوو لە زیادبوون بێت بەهۆی گرنگی و پێویستییەکەی بۆ داهاتووی وڵات و دەزگا دادییەکان و لەم چوارچێوەیەدا بەشداری ژنان لە بواری لێکۆڵینەوەی تاواندا لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوەو لە سەرەتادا ئەم کارە تەنها بە پیاوان دەبەستراوە بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ژنان سەلماندیان کە خاوەنی وردبینییەکی زۆرن لە دۆزینەوەی سەرەداوە شاردراوەکان و شیکردنەوەی دەروونی تاوانباران و لە ئاستی جیهانیدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە ژنان وەک پشکنەر و لێکۆڵەر چوونە ناو دەزگا پۆلیسییەکان و ڕۆڵی کاریگەریان گێڕا بەتایبەت لەو تاوانانەی کە قوربانییەکانیان ژن یان منداڵ بوون چونکە توانایەکی زیاتریان هەبوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی متمانە و بەدەستهێنانی زانیاری هەستیار کە ڕەنگە پیاوان نەتوانن بەو ئاسانییە پێی بگەن و لە باشووری کوردستان تایبەتدا مێژووی بەشداری ژنان لە کاری لێکۆڵینەوە و دەزگا ئەمنییەکاندا قۆناغی جیاوازی بڕیوە و لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم بەشدارییە زیاتر لە چوارچێوەی کارگێڕی یان پشکنینی ئاسایی بوو بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی کرانەوەی کۆمەڵگە و زیادبوونی ئاستی ڕۆشنبیری و یاسایی ژنان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوان و پۆلیسی بەڵگەی تاوان و بەتایبەت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، ژنان وەک لێکۆڵەری دادوەری ڕۆڵێکی بێوێنە دەگێڕن و توانیویانە بە شێوەیەکی زانستی و ورد لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزترین کەیسەکان بکەن و ماف بۆ قوربانییان بگەڕێننەوە.
کردنەوەی بەشی لێکۆڵینەوە لە تاوان لە پەیمانگاکانی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ژنان ڕەخساندووە تا بە شێوەیەکی ئەکادیمی فێری تەکنیکەکانی لێکۆڵینەوە ببن و لە ئێستادا خوێندکارێکی زۆری کچ لەم بەشەدا دەخوێنن، کە ئەمە نیشانەی گۆڕانی دیدگای کۆمەڵگەیە بۆ کاری ئەمنیی ژنان و بوونی ژن لە شوێنی تاوان و لە ژووری لێکۆڵینەوەدا هاوسەنگییەکی زانستی و دەروونی دروست دەکات، چونکە ژنان لە ڕووی وردبوونەوە لە بەڵگە ماددییەکان و تێگەیشتن لە لایەنە مرۆییەکانی تاوانەکەدا شارەزاییەکی بەرچاویان هەبووە و هەیە و ئەمەش وایکردووە کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم زیاتر پشتیان پێ ببەستن، لە داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت ژنان نەک تەنها وەک لێکۆڵەر بەڵکو وەک پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و شارەزای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە باشووری کوردستاندا دەربکەون و پێگەی خۆیان لە نێو سیستەمی دادوەری و لێکۆڵینەوەدا بەهێزتر بکەن چونکە دەرکەوتووە کە لێهاتوویی لە لێکۆڵینەوەدا پەیوەست نییە بە ڕەگەزەوە بەڵکو پەیوەستە بە ژیری و زانست و وردبینی کە ژنانی کورد لەم بوارەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە.
" ژنان خولیایەکی زۆریان بۆ بەشی بەڵگەی تاوان هەیە"
مامۆستا پروش پروشە قەلەندەر، سەرۆک بەشی بەڵگەی تاوان لە پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی برایت قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: بەشی بەڵگە و تاوان وەک بەشێکی ئەهلی یەکەم جارە لە باشووری کوردستاندا دەکرێتەوە، پێشتر لە پەیمانگای پزیشکی هەولێر ئەم بەشە هەبووە بەڵام تەنها تایبەت بووە بە ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، یەک دەورەیان هەبوو کە تەخەروجیان کرد ئیتر کۆتای پێهاتتایبەتمەندی ئەم بەشە لەوەدایە کە هەموو کەسێک دەتوانێت بێت بخوێنێت، بەشێکی نوێیە و هەردوو رەگەز و بەتایبەت ژنان خولیایەکی زۆریان هەیە بۆ ئەم بەشە چونکە بەشی لێکۆڵینەوەیە و تەرکیزێکی زۆر باشی دەوێت،لە پێسووتردا دەیانوت تەنها پیاوان لە بەشی لێکۆڵینەوەو تاواندا کار بکات بەڵام ئێستا یەو رێچکەیە شکێندراوە و ژنان و پیاوان وەک یەک لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن، لە بەشەکەدا هەموو زانستەکانی داد دەخوێنن و فێری ئەوە دەکرێت کە چۆن مامەڵە بکەن لە شانۆی تاواندا و چۆن رەفتار لەگەڵ بەڵگەکاندا بکەن و چۆن بەڵگەکان کۆ بکەنەوە بە شێوازێکی پرۆفیشناڵانە پیشکەشی دادگای بکەن بۆ ئەوەی مافی هیچ کەسێک نەخورێت، و کەیسەکان بە شێوەیەکی زانستی و تەندروستی بگاتە دادگاکان و خاوەن مافەکان مافیان بۆ بگەرێتەوە.
وتیشی: ئەگەر باس لە تاوان بکەین پێناسەیەکی کورتی زانستی هەیە و دەڵیت تاوان بریتییە لە کردنی کارێک کە بە پێی یاسا سزای بۆ دانراوە، بۆ نموونە ئەگەر دەقێک نەبێت لە یاسای سزاداندا ئەوا ئێمە ناتوانین بلێن ئەوە تاوانە، دەبێت دەقێکی یاسای هەبێت کە ئەو کردار و رووداوە بە تاوان دابنێت، ئێمە بە پێی یاسا ئیش دەکەین و دەرسە یاسایەکان دەخوێندڕیت لە بەشی تاواندا و کە چۆن رەفتار بکەن لە کاتی روودانی تاوانەکاندا،ئەوەی ئێمە دیمان شانۆیەکی تاوانە کە باس لەوە دەکات کە کەسێک خۆی کوشتووە کاتێک لێکۆڵەران دەگەنە شوێنی تاوانەکە، لێکۆڵینەوە دەکەن لەو تاوانە و نابێت هیچ کاتێک لەو شوێنەدا بریار بدرێت ئەگەر نامەی خۆ کوژیش داندرابێت ، بەڵکو دەبێت لە رێگەی بەڵگەکانەوە بسەلمێنرێت کە رووداوەکە چۆن بووە دەبێت لێئکۆڵەران وێنەی شوێنی رووداوەکە و هەموو بەڵگەکان بگرن و بە زانستیانە بەڵگەکان هەڵبگرن،رادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکەن و تەرمەکە رادەستی پزیشکی داد دەکرێت و هەموو بەڵگەکان و ئەنجامی پشکنینەکان دەکرێتە یەک فایلەکە پیشکەش بە دادگا دەکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا پروشە قەلەندەر وتیشی: لە راستیدا لەم چەند ساڵەی کۆتایدا ئێمە ناتوانین بڵێن کە رێژەی تاوان بەرز بۆتەوە چونکە ئامارێکی فەرمیمان لە بەردەستا نییە و ناتوانین هەر ئاوا بە هەرەمەکی بریار بدەین، بەلام خۆشبەختانە لێکۆڵینەوەکان زۆر بەرەو پێش چوون و لە ئاستێکی باڵادان و گرنگ ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکان ئەنجامی باشیان هەبێت، بۆ ئەوەی خەڵک سڵ بکاتەوە بزانێت کە تاوانێک ئەنجام بدات دواتر دەردەکەوێت و لە بەرامبەریدا سزا وەردەگرێت، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەبێت بە شیوەیەکی زانستی کار بکرێت بۆ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک ون نەبێت و کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر ئەنجام و رێرەوی لێکۆڵینەوەکە، هاوکات کەیسەکانی تایبەت بە ژنان پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر کاریگەری هەیە لەسەری،لە زۆر بابەتدا خێزانەکان هۆهاری سەرەکین، چونکە تا ئێستاش ئەگەر ژنێکی نزیکی خۆی بکوژرێت ئەوا پێی عەیبە کە سکاڵا بکات و لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکرێت، ئێمە لە کاتی لێکۆڵینەوەکە وەک وتم پێویستم بە بەڵگەو شاهید هەیە ، بۆیە ئەوانەی ئاگاداری بابەتەکەن بەدواداچوونی بۆ نەکەن ئەوا کەیسەکە بە هاکەزایی دەروات و ناگات بە ئەنجامی خۆی،بەڵام ئەگەر کۆمەڵگە پشتیوانی ئەو خێزانانە بکات و دووبارەی بکەنەوە کە عەیبە نییە کە کجەکەیان کوژراوە یاخود ئازاردراوە،هەرچەندە ئێستا کۆمەڵگە هۆشیار بۆتەوە و لە کاتی خۆیدا بەدواداچوونی بۆ دەکات، ئێستا خۆشبەختانە بەشی بەڵگەو تاوان هەیە و هەموو کەس دەتوانێت لێرە بخوێنێت و ئەوەی گرنگە لای ئێمە نابێت هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و تایبەت تێکەڵ بە بابەتەکان بکرێت و دەبێت کەسایەتییەکی لێکۆڵەری تایبەتیان لێ دەربچێت.
"زانستی لێکۆڵینەوە هێندە پێشکەوتووە کە تەواوی مافی کۆمەڵگە و ژنان نافەوتێت"
هاوناز قادر، خوێندکار لە بەشی بەڵگەی تاوان لە پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی برایت وتی، کاتێک هاتمە ئەم بەشە هەڵبژاردەو خولیای خۆم بوو، بۆ من و هاورێکانیشم زۆر خۆسە چونکە بەشێکەو زۆر نزیکە لە راستییەوە و ئەمساڵ ئێمە لە قۆناغی دووین و کۆتا ساڵمانە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا زۆر بابەتی نوێ و جیاواز فێر بووین کە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانمان و لە ئیستادا بە چاوی لێکۆڵەرە و بەڵگەوە سەیری هەموو بابەتەکانی چواردەورمان دەکەین، لێرە فێر بووین کە لە سانۆی تاونادا چی روو دەدات و چۆن راستییەکان بۆ کۆمەڵگە روون دەکەینەوە، من لە سەرەتاوە خانەوادەکەم زۆر هاوکارم بوون و زۆریان پیخۆش بوو، من تاکە کەسم لە خێزانەکەمدا کە ئەم پیشەیە و ئەم بەشەم هەڵبژاردووە کە لێی بخوێنم .ئێمە کە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ سەر کەیسەکان دەبێت بەم شێوازە خۆمان بگۆڕین و دەستکێش و دەمامک و کڵا و گۆرەوی تایبەت لەبەر دەکەین و نابێت هیچ جۆرە ئێکسسواراتێکمان پێوە بێت، پێویستە هەموو کەسێک و بەتایبەت ژنان ئەوە بزانن کە زانست و بەتایبەت زانستی لێکۆڵینەوە هێندە پێشکەوتووە کە تەواوی مافی کۆمەڵگە و ژنان نافەوتێت و تاوانباران دەگەن بە سزای خۆیان.