دادپەروەری گوازراوە لە سووریا ڕێگایەک بە سەرۆکایەتی قەوارەیەکی تۆمەتبار بە کۆمەڵکوژی
ڕۆژنامەنووس فەرەح عاقل ڕەخنەی توند لە پرۆسەی دادپەروەری گوازراوە لە سووریا دەگرێت و دەڵێ: پرۆسەیەکی هەڵبژێردراوە کە قەوارەیەکی تۆمەتبار بە پێشێلکاری سەرکردایەتی دەکات، بەمەش مەرجە بنەڕەتییەکانی تێکدەدات و دەیگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سیاسی کە شکست دەهێنێت.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا- حکومەتی کاتی سووریا خۆی وەک پێشەنگی پرۆسەی دادپەروەری گوازراوە پیشان دەدات، لە کاتێکدا خۆی تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، چ لە ڕابردوو و چ ئێستا، ئەم دۆخە کاردانەوەی بەرفراوانی لەبارەی متمانەپێکراوی ئەم پرۆسەیە و توانای بەدەستهێنانی دادپەروەری خوازراو دەوروژێنێت، ئەم دژایەتییە وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسەکانی ناو دۆسیەی سووریا دیارە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نێوان دادپەروەری گوازراوە و دابینکردنی چارەسەر بۆ زیانبەرکەوتووان و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی پێشێلکارییەکان.
دژایەتییەکی پێکهاتەیی لە پرۆسەی دادپەروەری گوازراوەیدا
فەرەح عاقل، ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی سوەیدا، پێی وایە کە پڕۆسەی دادپەروەری گوازراوە لە سووریا، وەک ئەوەی ئێستا پێشکەش دەکرێت، بەدەست دژایەتییەکی قووڵی پێکهاتەیی دەناڵێنێت کە لە دڵی ئەم پرۆسەیەدا بەردەکەوێت، هەروەها دادپەروەری گوازراوە لەسەر چوار پایەی بنەڕەتی وەستاوە، گەڕان بەدوای ڕاستی، لێپرسینەوە، قەرەبووکردنەوە و مسۆگەرکردنی دووبارەنەبوونەوەی، بەڵام ئەو حکومەتە کاتیەی کە سەرکردایەتی ئەم پرۆسەیە دەکات، ئەم پایانە بەدی ناهێنێت، لە ڕاستیدا تۆمەتبارە بە تێکدانی ئەوان.
سەبارەت بە گەڕان بەدوای ڕاستییدا، ئاماژە بەوە دەکات، کە حکومەتی کاتی سووریا تەنها سەرنجی لەسەر تاوانەکانی ڕژێمی پێشووە، لەکاتێکدا، پێش دەستبەکاربوونی دەسەڵات کە بە هەتەشە یان جەبهەت نوسرە ناسرابوو، تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلکاری و تاوانی جەنگ، لەنێویاندا کۆمەڵکوژی ”قلب لوزة” دژی دەروزەکانی ئیدلیب، ئاوارەکردنی مەسیحییەکان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵییان، جگە لە کۆمەڵکوژی ”عدرا العمالية” و بۆردوومانی ناوچە لە دیمەشق، لەگەڵ لیستی درێژی تاوانەکانی تر، وتی: پێشێلکارییەکان دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتە دەست، نەوەستا، بەڵکو لە ڕێگەی چەندین کۆمەڵکوژی وەک کۆمەڵکوژی کەناراوەکانی ساڵی ٢٠٢٤، ڕووداوەکانی ئەشرەفیە و جەرامانە، پێشێلکارییەکانی دژ بە کورد، تا دەگاتە هێرشەکەی بۆ سەر سوەیدا بەردەوام بوو.
فەرەح عاقل پێی وایە مەرجی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەبێت هەموو لایەنەکان بگرێتەوە بە حکومەتی کاتیشەوە، ئەو بە نالۆژیکی دەزانێت کە هەر لایەنێک لە نبوونی میکانیزمی سەربەخۆدا لێپرسینەوە لە خۆی بکات، هەروەها کۆمەڵگەی سوەیدا، دوابەدوای هێرشەکە، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانیان کرد و لیژنەی لێکۆڵینەوەی نیشتمانییان ڕەتکردەوە، ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی کرد، لەسەر ئەو بنەمایەی کە کەسێکی تۆمەتبار ناتوانێت بەدواداچوون بۆ کردەوەکانی خۆی یان هاوکارەکانی بکات، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو بەڵگەنامانەی کە کۆدەکرێنەوە دەتوانن ببنە هۆی داوای یاسایی لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر.
نەبوونی لێپرسینەوەی ڕاستەقینە
سەبارەت بە لێپرسینەوە، وتی: ئەو دادگاییکردنانەی کە لە دژی ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێن، کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکان، هەروەها ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نیشتمانی سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی سوەیدا، لە "پڕوپاگەندە و شانۆ" زیاتر هیچی تر نین و نوێنەرایەتی دادپەروەری ڕاستەقینە ناکەن، هەرقەها لێپرسینەوەی ڕاستەقینە دەبێت لە لێپرسینەوە لەوانەی فەرمانەکانیان دەرکردووە دەست پێبکات، واتە سەرکردەکانی لوتکەی پێکهاتەی دەسەڵات.
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەش ئاماژە بەوە دەکات، کە تا ئەمڕۆ هیچ کام لە زیانبەرکەوتووان یان خێزانەکانیان، چ زیانبەرکەوتووی ڕژێمی پێشوو یان ئێستا، هیچ قەرەبوویەکیان وەرنەگرتووە، نە ماددی و نە ڕەوشتی.
دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی پێشێلکارییە بەردەوامەکان
سەبارەت بە مسۆگەری دووبارەنەبوونەوەی، فەرەح عاقل وتی: کە تاوانەکان بەردەوام بوون و دووبارە بوونەتەوە بە بیانووی جیاواز وەک "فلول" یان "جیاخوازان"، ئەم پاساوانە بە تەنها ئامرازی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و پێشێلکاری دەزانێت.
فەرەح عاقل جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەستەمە متمانە بە پرۆسەی دادپەروەری گوازراوە بە سەرکردایەتی قەوارەیەکی تۆمەتبار بە ئەنجامدانی پێشێلکاری بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕوودەدات بە "دادپەروەری هەڵبژێردراو و تۆڵەسەندنەوە" کە لە بناغەی دادپەروەری گوازراوە لادەدات و دەبێتە ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی نمرەکان لەگەڵ نەیاران، هەروەها گرنگی بە لێپرسینەوەی تەنها تاوانباران دەدرێت، لە کاتێکدا، ئەو کەسایەتییە پێشەنگانەی فەرمانەکانیان دەرکردووە گەیشتوونەتە یەکلاییکردنەوە لەگەڵ حکومەت و پەیوەندییان بە لیژنەکانی "ئاشتی مەدەنی" کردووە یان پۆستی جیاوازیان وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی پێشێلکاری لە دوای ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤، ئازاد دەمێننەوە، بەبێ دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لەنێو خەڵکدا دەژین، ئەمەش بە بۆچوونی ئەو چەمکی دادپەروەری گوازراوە دەکاتە دروشمێکی تەنها خاڵی لە واتای ڕاستەقینەی خۆی، کە بڕیارە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای دابینکردنی چاکسازی بۆ زیانبەرکەوتووان بێت.