ئامادەبوونی ژنانی سووریا لە مەیدانی سیاسییدا پەراوێز خراوە

سەرەڕای دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی ژنانی سووریا لە کایە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا، بەڵام ئامادەبوونیان بە تەواوی لە مەیدانی سیاسیدا پەراوێزخراوە، ئەم ڕاستییە ڕەنگدانەوەی وەدەرنانی سیستماتیکی و چەسپاوە.

لەميس ناسر


دیمەشق ـ لەبەر ڕۆشنایی دۆخی ئێستای سووریا و لەگەڵ پێکهێنانی ئەم دواییەی حکومەتی گوازراوە، نەبوونی نزیکەی تەواوەتی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان بە ڕوونی دیارە، کابینەکە تەنها یەک وەزیری ژن لەخۆدەگرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگوێخستنی ڕۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، سەرەڕای لێهاتوویی سەلمێنراویان لە کاتی جەنگدا.

 

چالاکوانانی سووریا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەستووری سووریا هیچ بڕگەیەک لەخۆناگرێت بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان یان مسۆگەرکردنی بەشداری سیاسییان، ئەمەش دەرگا بەڕووی داواکارییەکانی چاکسازی دەستووردا دەکاتەوە کە مۆسۆگەری پشکێکی ڕوونی ژنان لە چالاکییە سیاسییەکاندا دەکات، کە لە پشکێکی کەمتر لە ٣٠% بەرجەستە بێت.

 

حەنین ئەحمەد، چالاکوانی مەدەنی و ژنان پێی وایە کە نوێنەرایەتی لاوازی ژنان لە وەزارەتەکاندا تەنها شەرمەزارییەکی فەرمی نییە، بەڵکو دەربڕینی هەڵاواردنی سیستماتیکی ڕەگەزییە، وتی: هەموو ئەو پۆستە بڕیاردەرانەی کە شایەتحاڵی دامەزراندنی ئەم دواییە بوون، ئامادەیی ژنیان نییە، تەنانەت لەو وەزارەتانەی کە پێشتر لێهاتوویی خۆیان سەلماندووە، وەک وەزارەتی زانیاری یان وەزارەتەکانی خزمەتگوزاری، ئەم ئامادەنەبوونە بە نەرێنی دادەنرێت، چونکە وڵاتەکە لەو توانا بەرچاوە بێبەش دەکات کە ژنانی سووریا لە ئەنجامی ئەزموونە بەرفراوانەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا هەیانە.

 

ڕوونیشیکردەوە، پەراوێزخستنی ژنان لە پێکهێنانی وەزاری و پۆستە باڵاکاندا لە کۆمەڵگەی سووریا بە بەشداریی تەواو لە بونیادنانی ئایندەی خۆی بێبەش دەکات، ژنان توانای خۆیان بۆ پێشەنگایەتیکردنی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە سەلماندووە و دوورخستنەوەیان بە سادەیی بە واتای دوورخستنەوەی نیوەی کۆمەڵگە لە پڕۆژەی بونیادنانی دەوڵەت دێت.

 

سەبارەت بە پرسی پشکی ژنان، حەنین ئەحمەد پێی وایە کە پەسەندکردنی ڕێژەیەکی زۆرەملێ بۆ نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا، ڕێکارێکی ناوەکییە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی، وتی: وەک چالاکوانانی ژنان، ئێمە داوای پشکنین لە ٣٠% کەمتر نەبێت لە ئەنجومەنی یاسادانان و حکومی، ڕاستە تەماحەکە لەم ڕێژەیە تێدەپەڕێنێت، بەڵام پشکەکە وەک هەنگاوێکی پێویست و ناوەکی لەم قۆناغە گوازراوەدا دەمێنێتەوە.

 

زۆرێک لە چالاکوانان، چ ژن و پیاو، پێیان وایە گەیشتن بە نوێنەرایەتی دادپەروەرانە بۆ ژنان تەنیا لە زیادبوونی ژمارەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی ئەو پێکهاتە کولتووری و سیاسییە هەیە کە بەردەوامە لە دوورخستنەوەی ژنان لە بەشداری چالاکانە، تەنانەت دوای ئەوەی توانای بەڕێوەبردنی پرسە دڕکاوییەکانیان لە هەلومەرجی نائاساییدا سەلماندووە.

"هەبوونی یەک ژن لە وەزارەتێکدا بەس نییە"

وسام خزمە، ئەندازیار کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی سایت و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنە لە شاری نەبک لە دیمەشق، پشتڕاستی دەکاتەوە کە نوێنەرایەتی ژنان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا بە فەرمی و سنووردار دەمێنێتەوە، وتی: بەس نییە یەک ژن لە وەزارەتەکانی حکومەتدا بێت، ئێمەی ژنانی زەحمەتکێشی وردەکاری ژیانی ڕۆژانە لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگەکەمان دەژین و دەبێت نوێنەرایەتی زیاترمان هەبێت.

 

جەختی لەوە کردەوە کە بەشداریکردن هێمای نییە، بەڵکو لە ڕوانگەی ژنانەوە ناوازەوە سەرچاوە دەگرێت سەبارەت بەو وردەکاریانەی کە ڕەنگە پیاوان چاوپۆشییان لێبکەن، جا چ لە ماڵەوە بێت، چ لە گەڕەکەکەدا بێت، یان لە ژیانی گشتیدا.

 

پێیوایە ژنان نەک هەر چاودێری پرسە گەورەکان ناکەن، بەڵکو گرنگی بە وردەکارییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مرۆیی دەدەن و بەشداریکردنیان دەکاتە پێویستییەک نەک خۆشگوزەرانیەکی سیاسی، وتی: داواکارین پشکی سیاسی لە ٣٠% کەمتر نەبێت، کاتێک ڕێژەیەکی ڕوونمان هەبێت دەنگمان ببیسترێت و بۆچوونەکانمان دەرببڕدرێت.

"لە ڕێزەوە بۆ وەڵام"

نەرمین قلەیح، ئەندازیار و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نوێنەرایەتی ئێستای ژنان "لە قۆناغی ڕێزدایە"، ژنان بەبێ کاریگەریی ڕاستەقینە لە پۆستە پەراوێزییەکان دادەمەزرێن، وتی: ئێمە لە دۆخێکی دابەزینداین، هیچ ڕەزامەندییەک لە بەشداری ژنان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا نییە، قبوڵنەکردنی هەم لەلایەن دەسەڵات و هەم لەلایەن کۆمەڵگەوە هەیە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ژنانی شایستە کەوتوونەتە ژێر گومان و پەراوێزخستنەوە، ئەمەش بەشێکە لە کولتوورێکی پاوانخوازی کە بوونی ژنان وەک هەڕەشەیەک یان وەک لایەنێکی سیاسی سەیر دەکات، لەوە زیاتر هیچیتر نییە، قۆناغی ئێستا گوازراوەیە و شۆککەر بۆ کۆمەڵگە، ئەمەش ئەو ناهاوسەنگییەی ئێستا ڕوون دەکاتەوە، ئێمە گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو بەخۆیەوە دەبینین، ناهاوسەنگییەکە لە لایەنێکەوە نییە بەڵکو لە تەواوی کاتی خۆیدایە.

 

ڕوونیشیکردەوە کە لە ئێستادا سێ ئامرازی بنەڕەتی لەبەردەستی ژناندان، ئەوانیش تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگیان، پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتداران، هاوپەیمانی ژنان بۆ فشار و داوای نوێنەرایەتیکردن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنانەت ئەگەر بە سۆزداریش وپێناسەبکرێین، ئەوە کەموکوڕی نییە، لەم قۆناغەدا پێویستمان بە شتێکی سۆزدارییە، نەک تەنها بڕیاری سارد و عەقڵانی.

 

لەناو ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی سووریا بەسەریدا دێت، نوێنەرایەتی ژنان وەک یەکێک لە پایەکانی بونیادنانی دەوڵەتێکی نوێ دەمێنێتەوە، پشکی ژنان شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ چینێکی کۆمەڵگە کە لە مێژە پەراوێزخراوە، سەرەڕای ڕۆڵی سەرەکییەکەی لە هەردوو ئاشتی و شەڕدا.