"کاتی ژنانی عێراقە" دەستپێشخەرییەکە بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە پۆستەکانی بڕیاردان
ئامانج لە دەستپێشخەری "کاتی ژنانی عێراقە" بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنانە و دەستەبەرکردنی دەستگەیشتنیان بە پۆستەکانی بڕیاردان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای دادپەروەری ڕەگەز و پشتیوانیکردنی دۆسیەکانی ژنانە لە ڕێگەی داکۆکیکردن و هاوکاری.

رەجا حەمید ڕەشید
عێراق-لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ بەهێزکردنی ئامادەبوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ژمارەیەک ڕێکخراوی مافەکانی ژنان لە شارە جیاجیاکانی عێراقەوە دەستپێشخەرییەکیان دەستپێکرد بە ناوی "کاتی ژنانی عێراقە"، بنکەی لە شاری سلێمانییە، ئامانجی بەهێزکردنی ئامادەبوونی ژنانە لەو پۆستانەدا، لە چوارچێوەی هەوڵێکی بەکۆمەڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ کە یەکسانی ڕەگەز مسۆگەر بکات.
خانم لەتیف، سەرۆکی "ئاسودە"سەرپەرشتی دەستپێشخەرییەکەی کرد کە بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان ڕێکخراوە بەشداربووەکان کار دەکات، بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە پرۆسەی بڕیاردان، وەک هاوبەشێکی چالاک لەگەڵ پیاوان، لە ڕێگەی کۆبوونەوە چڕوپڕەکان لەگەڵ کاریگەرە سیاسی و ئابوورییەکان.
خانم لەتیف، وتی: بیرۆکەی دەستپێشخەریەکە زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر دەستی پێکردووە و لەماوەی ئەزموونێکی دوورودرێژی وەک چالاکوانێک و سەرۆکی رێکخراوێک کە نزیکەی ٢٤ ساڵە درێژەی پێدەدات، لە و ماوەیەدا تێبینی چەندین شکستی لەجێبەجێکردنی یاساکاندا کردووە، سەرەڕای بوونی ژمارەیەک تۆڕی تایبەت بەکاروباری ژنان لەهەندێک بواردا، بۆشایی و کەمبوونەوەی بایەخدان بەپرسەکانی ژنان نەک هەر لەعێراق، بەڵکو لەسەرانسەری ناوچەی عەرەبی کە چالاکی ڕێکخراوەکان سنووردار بوو، بۆ ڕێکخستنی چالاکی و پڕۆژە بەبێ چڕبوونەوەی پێویست لەسەر گۆڕینی سیاسەت یان بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان لە بوارەکانی بڕیاردان.
نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنی نوێی کۆتایی ئەمساڵ ،بۆ دانیشتنی پەرلەمان، بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە لەگەڵ کەسانی کاریگەر لەسیستمی سیاسیدا کاربکەین، لەسەر ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی دەبێت ژنان دەنگێکی ڕوونیان هەبێت و کار بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتیان بکەین، لەڕێگەی سیستمی پشک و بەدوای بەشداریکردنی ژناندا بگەڕێین بەتایبەتی ئەوانەی کە کارایی و لێهاتووییان هەیە بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەی بڕیارداندا، تەنیا بۆ ژنان نییە ،بەڵکو پیاوانیش دەگرێتەوە.
ئامانجی سەرەکی دەستپێشخەریەکە بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ، بە تیشک خستنەسەر دادپەروەری ڕەگەز و یەکسانی لەبەردەم یاسا و دەرفەتەکاندا، هەروەها دەستپێشخەرییەکە هەوڵی کاندیدکردنی ژنانی شایستە لە لایەنە جیاجیاکانی نێو کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دەدات، کارکردن بۆ خزمەتکردنی دۆسیەی بێوەژنان و ژنانی جیابوەوە و کەمئەندام لەڕێگەی بەشداریکردنیان وەک توخمێکی کاریگەر لەهەموو بوارەکاندا تا وەزارەتە سەروەریەکان.
کاتی ئەوە هاتووە ژنان ببنە هاوبەشی سەرەکی لەپرۆسەی سیاسیدا و ئامادەبوونیان لەسەر مێزی گفتوگۆ مسۆگەر بکەن، چ بۆ پێکهێنانی حکومەت بێت یان هەڵبژاردنی وەزیری ژن،تەنانەت لەدانوستاندنەکانی ناوخۆیی،نێودەوڵەتی،ناوچەییدا.
خانم لەتیف، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ژنان دەنگێکی بەهێز و کاریگەریان هەبێت لەبوارە جیاجیاکاندا بەتایبەتی سیاسی و ئابووری و ببنە بەشێک لەبڕیاردانی سیاسی لەعێراقدا بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی داهاتوودا.
عەبیر چەلەبی، دکتۆر سەرۆکی ڕێکخراوی لەباب بۆ گەشەپێدان و مافەکانی مرۆڤ باسی لەو دەستپێشخەرییە کرد کە خانم لەتیف دامەزراند و سەرپەرشتی دەکات، ئەم دەستپێشخەرییە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان و تواناسازی لە بوارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا.
لەو باوەڕەوە دەستیپێکردووە کە ژنانی عێراق شایستەی ئەوەن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، دەنگیان ببیسترێت، ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا بهێننە کایەوە، هاوتایە لەگەڵ ئامانجەکانی دەستپێشخەرییەکە، کە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای دادپەروەری رەگەز،توانای گەیشتن بە پێگەی بڕیاردان، بەرەوپێشبردنی مافە سەرەتاییەکانیان، پشتیوانیکردن لە پرسەکانیان لە ڕێگەی داکۆکیکردن و هاوکاری کاریگەر لەگەڵ چالاکوانانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە کاریگەرەکان.
ئەم دەستپێشخەرییە پەیامێکی مرۆیی هەڵدەگرێت، داوا لە سەرجەم ژنان دەکات بەشداری بنیاتنان و پێشکەوتن بکەن لەڕێگەی کارکردن بەیەکەوە بەمەبەستی بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنی لەکۆمەڵگەی عێراقدا بەشێوەیەک کە مافەکانی تاکەکان، دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەستەبەر بکات.
فاتیمە بەهادلی، چالاکوان و سەرۆکی کۆمەڵەی فیردەوسی عێراقی وتی دەستپێشخەری "کاتی ژنانی عێراقە" دەستپێشخەری گروپێکی ژنانی سەربەخۆیە کە هەوڵی دروستکردنی پلاتفۆرمی دیالۆگ دەدات، لەگەڵ سەرجەم چالاکوانی(مەدەنی و ئایینی و سیاسی) بۆ پەرەپێدانی داکۆکیکردن لە کێشەکانی ژنان و دروستکردنی هاوبەشی ستراتیژی کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی مافی هاوڵاتیبوونی تەواو بۆ هەمووان بەبێ هیچ جیاوازی و مەرجێک.
ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ ژنانی عێراق، کە بەشداری چالاکانەی ژنان بۆتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنی. داوای لە هەموو ژنان دەکرین بەشداری پرۆسەی بنیاتنان و پێشکەوتن بکەن، لە ڕێگەی کاری بەکۆمەڵ لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دروستکردنی ئایندەیەک کە بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری تێدا دابنرێت.
فاتیمە بەهادلی جەختی کردەوە کە دەستپێشخەریەکە بەردەوامە لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیالۆگ لەگەڵ سەرکردە سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتییە دیارەکان، بە ئامانجی شکاندنی بەربەستەکان و دروستکردنی پردی متمانە لە نێوان ژنان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا.