پەیمان عیزەدین: یاسا لە جێگەیەک نابێت بە کولتوور ئەگەر تیایدا سەروەر نەبێت

جێبەجێنەکردنی یاسا وەک خۆی و دەستێوەردانی حزبەکان لە جێبەجێکردنی و بە تایبەت لە کەیسەکانی ژناندا، وایکردووە هاوڵاتیان متمانە بە دادگا و یاساکان نەکەن و پەنا ببەنە بەر سوڵحی عەشایەری.

شنیار بایز

 

سلێمانی- یاسا بنەمای ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە، بەڵام لە وڵاتێکدا کە حزب و دەسەڵات لە یاسا باڵاتر بێت، سوودی یاسا تەنها سزادانی چینی خواروو و هەڵسوڕانیەتی بە دەستی دەسەڵاتدار، کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن خەڵکەوە نابرێنە دادگا و بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بێ متمانەییەی دەسەڵات و لایەنی جێبەجێکار لای تاکی کۆمەڵگە دروستیان کردووە، جگە لەوەش هێندە حزبەکان دەستوەردان لە جێبەجێکردنی یاسادا دەکەن، گەل وەک چۆن متمانەی بە حزبەکان نەماوە، یاساکانیشی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

 

"کاتێک یاسا دەبێت بە کولتوور، ئەگەر بەڕاستی بوونی هەبێت"

پەیمان عیزەدین، پارێزەر، دەربارەی بە کولتوور نەبوونی یاسا ڕوونیکردەوەم لە کۆمەڵگەیەکدا یاسا دەبێت بە کولتوور، ئەگەر بەڕاستی بوونی هەبێت و کاریگەری هەبێت لەسەر ژیانی تاکەکان، تاک لە بەرامبەر یاسادا یەکسان بن وەک ئەوەی لە دەستوور و یاسادا هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێستادا چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی هاوڵاتی پەنابردن بۆ یاسا نەبێتە کولتوور.

 

پەیمان عیزەدین باسی لەوەکرد، سەربەخۆ نەبوونی دادگاکان و سەروەر نەبوونی یاسا یەکێکن لە هۆکارە دیارەکان، چونکە کاتێک کەسێک تووشی کێشەیەک دەبێت پەنا بۆ یاسا و ئەو ماددانە دەبات کە لە بەرژەوەندی خۆیەتی و مافی دەپارێزن، بەڵام دادگاکان لە ئێستادا کاریگەری حزب و کەسایەتی سیاسیان لەسەرە و مافی هاوڵاتیان پێشێل دەکات، وتیشی: لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان شتێک نەبووە بە ناوی سەروەری یاسا.

 

"یاسا بە پێی ویستی حزب دانراوە و پەیڕەو دەکرێت"

پەیمان عیزەدین ئاماژەی بەوەشکرد، یاسا لە هەرێمی کوردستاندا بە پێی ویستی حزب پەیڕەو کراون و  دانراون، پەرلەمان جێگەی دانانی یاسایە، بەڵام بووەتە ئەو شوێنەی یاسا بە پێی ویستی حزب دابنرێت، ئەمەش وایکرد یاسا لە بنەمایەکی گشتییەوە بووە بنەمایەکی تایبەت و بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێک بوو، دواجار بووە هۆکار کە یاسا و دادگاکان کاری خۆیان نەکەن و تەنها بەرژەوەندی هەندێک لایەن لێک بدەنەوە.

 

پارێزەر پەیمان عیزەدین باسی لەوەکرد، سروشتی کۆمەڵگە تا ئێستا بە جۆرێکە لە کێشەکاندا و بەتایبەت لەو کێشانەی تایبەتن بە خێزان و نهێنی خێزان، پەنابردن بۆ یاسا تیایدا عەیبەیە، کولتوور و دابونەریت تاکی کوردی بە شێوازێک ڕاهێناوە نهێنی خێزان پیرۆزە و پێویستە بە تەنها لە خێزاندا باسی لێوەبکرێت، تەنانەت ئەگەر گەورەترین پێشێلکاری مافی مرۆڤیشی تیادا بکرێت، ئەمانەش وایانکردووە تاک پەنا نەبات بۆ یاسا.

 

"چارەسەرکردنی کەیسەکان درێژە دەکێشێت بۆیە پەنا بۆ سوڵحی عەشایەری دەبرێت"

پارێزەر پەیمان عیزەدین ڕوونیکردەوە، تاک چۆن باوەڕی بە یاسا دەمێنێت لە کاتێکدا لە بوونی سکاڵایەکدا وردەکاری کەیسەکە نامێنێتەوە و وەک نهێنیەک پارێزگاری لێناکرێت، بەتایبەت ئەگەر بابەتی سکاڵاکەی بابەتێک نەبێت خەڵکی پێی بزانێت، جگە لەوەش هێندە خەم ساردی هەیە لە دۆسیەکاندا کە تاک بۆ خۆی هەستی پێدەکات، بۆ نمونە دۆسیەی وا هەیە پێویستە بە زووترین کات تۆمەتبار دەستگیر بکرێت، بەڵام زیاتر لە ساڵ و دوو ساڵ دەمێنێتەوە، تا دەگاتە دادگای تایبەتمەند، لەوێش کارەکانی وەک خۆی بۆ جێبەجێ ناکەن بەڵکو ناسیاوی لەگەڵ کەسانی بەرپرسدا ئەنجامی دادگا یەکلا دەکاتەوە.

 

"بەشێک لە دادوەرەکان بە ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە بڕیار دەدەن"

هەروەها ئەو پارێزەرە ڕوونیکردەوە، کەموکورتی لە ناو یاساکەدا نییە، بەڵکو کێشەکە لە جێبەجێکردنیدایە، کێشە هەبووە هەردوو لایەن لەسەری ڕێکەوتوون و سوڵحیان کردووە، بەڵام کێشەکە بەردەوامی هەبووە و پێنج ساڵ یاخود زیاتری خایاندووە، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵکی پەنابردن بۆ یاسایان لا نەبێت بە کولتوور و هەوڵ دەدەن خۆیان چارەسەری بکەن.

 

دەربارەی ئەو کێشانەی تایبەتن بە ژنان و ژنان تیایدا زەحمەتی دەبینن، پەیمان عیزەدین وتی: لە کاتێکدا دوو کەیس هەبێت و هەردووکیان مافی کەسێک پێشێل کرابێت، ئەگەر پیاو تاوانبار بێت لەبەرامبەردا ئەگەر ژن تاوانبار بێت لە خودی دادگاکاندا بە چاوی جیاوازەوە تەماشا دەکرێن و زیاتر ژنەکە وەک تاوانبار سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا هەمان کەیسن، هەموو ئەمانەش پەیوەندی بە پاشخانی کولتوورییەوە هەیە، ئەمەش نەک تەنها بۆ تاک بەڵکو کاریگەریشی کردووەتە سەر دادوەرەکان و هەندێکیان کولتوور زاڵە بەسەریاندا بەتایبەت لە کەیسەکانی ژناندا.

 

"دەستێوەرنەدانی حزب لە یاسا تاکە چارەسەر کۆنکرێتییە"

پەیمان عیزەدین وتی: کەیس هەبووە هەراسانکردنی ژنێک بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەر بە جۆرێک بیری کردووەتەوە کە ئەو ژنە خۆی ویستی لەسەر ئەوە بوبێت، بۆیە مافی تەواوی نەداوە بە ژنەکە، ئەم بیرکردنەوەیەش تەنها لای دادوەرەکان نییە، بەڵکو لای پارێزەرەکان و لێکۆڵەرەکانیش هەیە هەروەک چۆن لەناو توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەیە.

 

لە کۆتایدا پەیمان عیزەدین ئاماژەی بەوەکرد، "لە ڕاستیدا نەدەبوو ئەو لایەنانەی یاسایان بەدەستە و لایەنی جێبەجێکارن هەوڵی هۆشیارکردنەوەیان بدرێت، بەڵکو دەبوو خۆیان هۆشیار بن، تەنها هۆشیاری کۆمەڵگە و لایەنی پەیوەندیدار پێویست نین، بەڵکو جێبەجێکردنی یاسا وەک خۆی دەبێت کاری لەسەر بکرێت، حزب جیابکرێتەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکار، ئەمەش تاکە چارەسەری کۆنکرێتییە بۆ ئەو کێشانەی یاسە لە هەرێمی کوردستاندا تێیکەوتووە.