سەمیرە موحیا: پێویستە لە یاسای خێزاندا هەڵاواردن لە دژی ژنان لاببرێت

بڕیارە لە مەغریب دەست بە گۆڕانکاری لە یاسای خێزاندا بکرێت و سەرۆکی فیدراسیۆنی یەکێتی مافەکانی ژنانیش دەڵێت: هیوادارین ئەو گۆڕانکارییە هەڵاواردن لەسەر مافەکانی ژنان نەهێڵێت.

حەنان حارت

 

مەغریب- بزووتنەوەکانی ژنان لە مەغریب بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی چاکسازی لە یاسای خێزاندا دەکەن، سەمیرە موحیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی یەکێتی مافەکانی ژنان و ئەندامی هەماهەنگی ژنان، هیوای خواست هەموو جۆرە هەڵاواردن و توندوتیژییەک لە دژی ژنان کۆتایی پێبهێنرێت.

 

"هاوسەرگیری منداڵان لە زیادبووندایە"

سەمیرە موحیا دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئەو ماددانە بگۆڕدرێن کە دژی پرەنسیپەکانی یەکسانییە، چونکە هاوسەرگیری پێشوەختە و زۆرەملێ لە وڵاتدا زیاتر بڵاودەبێتەوە و وتیشی: قوتابخانە شوێنی کچانە، هاوسەرگیریی منداڵ کاریگەری نەرێنی دەبێت هەم لەسەر ژیانیان و هەم لەسەر کۆمەڵگە و نەوەیەک دروستدەبن کە ژنەکان لە ڕووی دەروونناسییەوە زیانێکی زۆریان پێگەشتووە و ناتوانن بچنە ناو کۆمەڵگەوە، هەروەها ڕێژەی هەژاری کچان زیاد دەکات و بێ پاراستن دەمێننەوە، بۆیە ئەم کێشەیە دەبێت چارەسەر بکرێت.

 

"بەهۆی سنووردارکردنی ئاینییەوە جیاکاری لەگەڵ ژنان دەکرێت"

سەمیرە موحیا ڕوونیشیکردەوە، یاسای خێزان بە هۆی سنووردارکردنی ئاینییەوە هاوسەرگیری ژنی موسڵمان لەگەڵ پیاوێکی ناموسڵمان قەدەغە دەکات، بەمەش ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کە دان بە پرەنسیپی ئازادی هاوسەرگیریدا دەنێن پێشێل دەکرێن، وتیشی: ئازادی هاوسەرگیری سنووردارە و لە لایەکی دیکەشەوە بۆشایی لەنێوان ژن و پیاودا دروست دەکات، لە ڕووی هاوسەرگیرییەوە، پیاوێکی موسڵمانی خەڵکی مەغریب دەتوانێت لەگەڵ ژنێکی ناموسڵمان هاوسەرگیری بکات، بەڵام ئەم یاسایە بۆ ژنان بە پێچەوانەوەیە و قەدەغە کراوە.

 

"یاسا کاری ژنان لە ماڵەوە قبوڵ ناکات"

سەمیرە موحیا باسی لەوەشکرد، کاری ژنان لە ماڵەوە بەپێی یاسا لەبەرچاو ناگیرێت، "ئەمڕۆ ژنانی مەغریب لە هەموو بوارەکاندا بوونیان هەیە و بەشداری لە گەشەپێدانی ئابووری وڵاتدا دەکەن، بەڵام هەوڵەکانیان لە ماڵدا نابینرێت و کاری ژنان لە ماڵەوە بایەخێکی ئابووریی پێنادرێت و بە پێی یاسا وەک کاری بەرهەمدار سەیر ناکرێت، بۆیە پێویستە کاری ماڵەوە وەک یارمەتیدەرێک بۆ بنیادنانی خێزان سەیر بکرێت لە یاسادا.

 

لە بارەی جیابوونەوەی هاوژینەکانەوە، وتی: کاتێک دوو هاوژین جیادەبنەوە کێشەی زۆر دروست دەبێت، ئەو کەسەی سەرپەرشتیی هەیە دەبێت ئەو کەسە بێت کە بە پێی یاسای سەرپەرشتیکردن سەرپەرشتیاری منداڵە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژنان مافی سەرپەرشتیکردنیان پێنادرێت، کاتێک دەچنە سەفەر و لە بواری داراییشدا کێشەیان هەیە لە چاودێریکردنی منداڵەکانیان.

 

"ئەو موڵکانەی لە کاتی هاوسەرگیریدا بەدەست هاتوون پێویستە دوای جیابوونەوە بە یەکسانی دابەش بکرێن"

سەمیرە موحیا سەرنجی ڕاکێشا بۆ ئەوەی کە زۆرێک لە مافەکانی ژنان لە دوای جیابوونەوە پێشێل دەکرێن و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ژنان ڕووبەڕووی کارەساتێکی زۆر دەبنەوە و دەترسن مافی سەرپەرشتیکردنیان لێ بسەندرێتەوە، پێویستە موڵک و ماڵیان لە کاتی جیابوونەوەدا بە یەکسانی لە نێوان ژن و مێرددا دابەش بکرێت، بەپێی یاسای ئێستا دابەشکردنی موڵک و ماڵ بە پێی خواستی هاوژینەکانە، بەڵام لە بنەڕەتدا لە ڕێکەوتنی هاوسەرگیریدا دەبێت دابەشکردنی موڵک و ماڵی یەکسان بێت و ئەو موڵکانەی لە کاتی هاوسەرگیریدا بەدەست هاتوون دەبێت بە یەکسانی دابەش بکرێن.