لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ پەرلەمان تەنها یەک دانیشتنی کردووە بۆ پرسەکانی ژنان

کەموکورتی یاساکان، جێبەجێنەکردنیان لەلایەن لایەنی جێبەجێکار و دادگا، کەمتەرخەمی پەرلەمان لە ڕووی دانیشتن و باسکردن لە کێشەکانی ژنان، بووەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی.

شنیار بایز

سلێمانی- حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان تا دێت زیاد دەکات، جگە لە بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا تەنانەت لە سیستم و حکومڕانی حکومەتەکەی و پەرلەمانەکەیدا، یاساکان کە تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان شوێنی خۆیان ناگرن، کاریان پێناکرێت هەروەها کەم و کورتیان تێدایە و هەمووار ناکرێنەوە.

 

هەرچەندە خودی پەرلەمان کەم و کورتی زۆی هەیە دەربارەی کێشەکانی ژنان و یاساکانی تایبەت بەو پرسە بە جۆرێک دانیشتنەکانی پەرلەمان دەربارەی ئەو پرسە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لە ساڵی ٢٠٢٢دا و لە کۆی ١٤ دانیشتنی خولی بەهار و پایزی پەرلەمانی کوردستان تەنها لە بەرواری ٢١ی ئەیلولدا به‌پێی حوکمی چەندین مادە و بڕگە له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ ٢ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان تیایدا خوێندنەوە بۆ پێشنیازەیاسای، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ژنان لە هەرێمی كوردستان-عێراق بکەن.

 

بەڵام کێشە سەرەکییەکە لە جێبەجێنەکردنی یاساکاندایە لەلایەن لایەنی جێبەجێکار و دادگا، بەتایبەت یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

"بێ هیوابوون هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژی"

شادی نەوزاد پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی زیادبوونی توندوتیژییەکان و کەم و کورتی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئاماژەی بەوەدا، سەرەتا پێویستە بزانرێت لە هەرێمی کوردستان باڵانسی جێندەری لە چ ئاستێکدایە بۆ ئەوەی بزانرێت لە کوێوە پێویستە کار بکرێت بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەکانی توندوتیژی.

 

یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە کەسانی بێ هیوایە، وتی "زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی کەسانی بێ هیوا لەناو کۆمەڵگەدا، چونکە بێ هیوایی وادەکات کەسانی توندوتیژ بەرهەم بێت"، قەیرانە یەک لە دوا یەکەکانی کوردستان وایکردووە بێ هیوایی لای بەشێکی هاوڵاتیان دروست ببێت و دواتر کەسانی توندوتیژی لێ بەرهەم دێت.

 

"یاسای توندوتیژی دژی ژنان، کار بە هەموو یاسا و بڕگەکانی ناکرێت"

زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەکردنی دەقی یاساکان وەک خۆی، سود لە هەموو بڕگەو ماددەکانی وەرناگیرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتن، خودی کوشتن بۆ خۆی یەکێکە لە حاڵەتە باوەکانی توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا، تا دێت ڕێژەکەی لە بەرزبوونەوەدایە، لە ژێر ناوی شەرەف و پاککردنەوەی شەرەف ئەم تاوانە ئەنجام دەدرێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتانە پێویستە کاری جدی بکرێت و زۆر لایەن بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بەم کەیسانەوە بێنە سەر خەت.

 

دەربارەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و گرنگیدان بە حاڵەتەکانی توندوتیژی، شادی نەوزاد باسی لەوەکرد، لە کۆتای ساڵی ٢٠٢٠دا پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیر و چەند کەسایەتیەکی پەیوەندیدار بە کەیسەکانی توندوتیژی ژنان دانیشتنێکی ئەنجامدا، هەروەها لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢١ بە هەمان شێوە پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بە کار و یەکەکانی توندوتیژی، وەزارەتی ناوخۆ و وەزیری ناوخۆ، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەروەها چەندین گفتوگۆ و سەردانیکردن کراوە بۆ چارەسەری حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی.

 

"ڕاسپاردەکانی پەرلەمان جێبەجێ ناکرێت"

لە پەرلەمانی کوردستاندا دەیان ڕاسپاردە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کراوە، هەندێک لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ کراون بەڵام بەشی زۆریان ماونەتەوە و جێبەجێنەکراون، هەر لە یاساکانەوە بیگرە کە جێبەجێ نەکراون تا دەگاتە ڕێکاری گونجاو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی بە شێوەیەکی تۆکمەتر.

 

بە تایبەت بۆ ئەو کەیسانەی کە بەڕاستی پێویستی بە هەوڵدان هەیە بۆ چارەسەرکردنی چونکە کەیس هەیە چەندین ساڵ لە شەڵتەرەکاندا ماوەتەوە کە هاتۆتە دەرەوە دواجار کوژراوە، یاخود کێشەکەی بە چارەسەر نەگەیشتووە، هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەوڵ دەدەن بۆ بنبڕکردن بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستیدا نییە.

 

ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە پەرلەمانیشدا ڕەنگی داوەتەوە

لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکرد، ئەو ڕاسپاردانەی لە پەرلەمانەوە ئاڕاستەی حکومەت کراون و جێبەجێ نەکراون، بەشێکیان پەیوەندی بە خراپی باری ئابووری حکومەتەوە هەیە چونکە هەندێک لە داواکارییەکانی پەرلەمان پێویستی بە بوجە هەیە بە تایبەت بۆ ئەو جێگایانەی پەیوەندیدارن بە توندوتیژی دژی ژنان، لە بەرامبەردا بەشێکی دیکەیان پەیوەندی بە بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەیە لە حکومەت و دامودەزگاکانیدا بە پەرلەمانیشەوە.

 

"کێشەی ژنان بە کێشەی لاوەکی لە دادگاو لایەنی جێبەجێکردنی یاساکان سەیردەکرێت"

لە بارەی هەموارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان ئاماژەی بەوەدا، لە بەشێک لە ماددە و بڕگەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کێشە و کەموکورتی هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەیە، هۆکاری جێبەجێنەکردنی گەڕاندەوە بۆ لایەنی جێبەجێکار، دادگاکان و ئەنجوومەنی دادوەرییە.

 

شادی نەوزاد، وتی "هۆکاری سەرەکی بۆ بنبڕنەکردنی ئەم حاڵەتانە سەیرکردنی کێشەکانی ژنانە بە کێشەیەکی لاوەکەی، واتە وەک کێشەیەکی سەرەکی سەیر ناکرێن، هەرچەندە یاساکان زۆرباش نین و تەواو بە دڵی ئێمە نین بەڵام کاری جدیان لەسەر کراوە بەڵام جێبەجێ ناکرێن"، بە پێویستی دەزانێت تەواوی لایەنەکان کێشەکانی ژنان بە کێشەی سەرەکی بزانن و کاری تایبەتی بۆ بکەن.

 

"دانەنیشتنی پەرلەمان سستی دروست دەکات بۆ کێشەکانی ژنان"

یەکیک لەو خاڵانەی لە هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە بریتیە لەوەی ئەم یاسایە تەنها بۆ خێزانە چونکە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژی خێزان ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر ژنێک لە دەرەوەی خێزان توندوتیژی بەرامبەر بکرێت ئەم یاسایە نایگرێتەوە ئەمەش بۆ خۆی کەم و کورتییە.

 

ئەم پێشنیارە تەنها وەک بڕگەیەک لە یاساکەدا ماوەتەوە نەبووتە بەشێک لە یاساکە، ئەوەشی ڕوونکردەوە دانیشتنی دانەنیشتنی پەرلەمان سستی دروست دەکات بۆ پەک خستنی کێشەکانی ژنان و چارەسەریان بەڵام کێشەی سەرەکی لایەنی جێبەجێکارە نەک خودی پەرلەمان، هەروەها خودی دادگاکانە کە تا ئێستا باوەڕیان بە کێشەکانی ژنان نییە، باوەڕیان بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەش نییە کە لە بەرژەوەندی ژنانە کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە.

 

لە کۆتایدا وەک چارەسەری وتی "کۆمەڵگەی کوردی لە پرسی ژناندا پێویستی بە ڕیفۆرم هەیە لەسەر ئاستی تاک تا دەگاتە گشتی کۆمەڵگە و دامەزراوەکان، لە پێناو تێگەیشتن لە کێشەی ژنان، تا بتوانرێت کێشەی ژن لە بنەڕەتییەوە چارەسەر بکرێت چونکە تەنها توندوتیژی نییە و چەندین کێشەی دیکەی هەیە".